(خەرەند)ەكەی سامی گەیشتە فیناڵ لە پاکستان
(سامی کاکە) لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: جێگەی خۆشحاڵیە کە فیلمەکەم لە ماوەیەکی کورتدا بوو بە خاوەنی دوو خەڵاتی زۆر گرنگی فیستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکان، کە یەکەمیان وەک باشترین فیلم دەست نیشان کرا، ئەوەی دووەمیشیان لە ڕووی دەرھێنانەوە بە باشترین دەرھێنان لە فیستیڤاڵی (واست) خەڵاتی پێبەخشرا.
گوتیشی: بەرھەمەکەم لە لایەن کۆمپانیای (IBRAFIL.CO) بڵاودەکرێتەوە و لە سەرەتای مانگی داھاتووشدا، فیلمەکەم ھاوشانی فیلمە جیھانیەکان بەشدارە لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی و گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی فیستیڤاڵی (عەکس)، کە لە وڵاتی پاکسان بەڕێوە دەچێت و ناوەڕۆکی بەرھەمەکەشم باس چیرۆکی لە خانەوادەیەکی قوربانی دەستی تیرۆر و جەنگێکی سەخت دەکات، لەو نێوەندەشدا زێدی خۆیان جێدەھێڵن و تا دەگەن بە دوورگەیەکی ئارام بۆ بەردەوام بوونی ژیان و دوورکەوتنەوە لە مەترسیەکانی جەنگ، کە خەڵکی ناوچەکەیانی خستە ژێر مەترسی گەورەوە.
جێگەی باسە، ھونەرمەند سامی کاکە، لە ساڵی 1976 لە ھەولێر لە دایک بووە، نزیکەی چارەگە سەدەیەکە لە بواری دەرھێنان کاردەکات و، لە ماوەی ڕابردووشدا خاوەنی چەند بەرھەمێکی جوانە بە ناونیشانی (ئەودیوی تاوان، دارک دەی، تارمایی،Erbil my love، تیرۆر، بۆ یادی ئێوە، ژیان لە گەڕەکێک، سپی سپی).