خانمە گۆرانیبێژی ناسراوی جیهانی ریهانا بە هۆی ونبوونی شیرلین كویجلی، دڵتەنگی و بێزاریی خۆی دەربڕی كە یەكێكە لە سەماكارە ناسراوەكانی تیمەكەی، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ ماوەیەك ئەو سەماكارە بێسەرشوێن بوو. بەم بۆنەوە ریهانا لە ئەكاوەنتە تایبەتییەكانی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان داوای لە جەماوەر و هەوادارانی خۆی كرد، لە هەر كوێیەك زانیارییان دەربارەی شیرلین دەستكەوت، پێویستە پۆلیسی لێ ئاگادار بكەنەوە، لە هەمان كاتدا خەمباریی خۆی بە ونبوونی دەربڕی و بە یەكێك لە هاوڕێ نزیكەكانی خۆی وەسفی كرد، كە ساڵانێكە یەكێك بووە لە سەماكارە سەرەكییەكانی گرووپەكەی و لە زۆربەی ئاهەنگ و كۆنسێرتەكانیدا لە سەرتاسەری جیهاندا بەشداری كردووە، هەروەها چەند وێنەیەكی خۆی و شیرلینی بڵاوكردەوە لەو ئاهەنگانەی ئەنجامیانداوە، لە پاڵ وێنەكاندا ریهانا ڤیدیۆیەكی تایبەتی خۆی و شیرلینی بڵاوكردەوە كە تێیدا باس لە گرنگی و خۆشەویستیی خەڵك بۆ یەكتری دەكات، لەم بارەوە ریهانا دەڵێ: بە راستی هەستێكی ناخۆشە، من ئازار دەكێشم بۆ هەموو ئەو كەسانەی كە خۆشیان دەوێ و ئێستا بیری دەكەن. لەلایەكی دیكەوە دایك و باوكی شیرلین بە تۆڕی هەواڵی NBC یان راگەیاندووە، كە كچەكەیان لە ویلایەتی نیوجیرسی دەژیت و مامۆستای سەمایە، بەڵام ماوەیەكە ون بووە و چارەنووسی دیار نییە، دوای گەڕان و پشكنین پۆلیس توانییان مۆبایلەكەی ئەو سەماكارە لە شوێنێكی فرۆشتنی جلوبەرگی بووك و زاوا بۆزنەوە. شایەنی باسە جگە لە ریهانا شیرلین لەگەڵ چەندین هونەرمەندی ناسراوی دیكەشدا كاری كردووە، مەوانەش (بیونسیە، میسی ئالیوت، جیمی فۆكس).