لیۆناردۆ: پاراستنی ژینگە ئەركی هەموو لایەكە

لیۆناردۆ: پاراستنی ژینگە ئەركی هەموو لایەكە
ئەستێرەی سینەمای جیهانی (لیۆناردۆ دیكاپریۆ) لە ئەكاوەنتی تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاند: جەماوەر دەتوانن فیلمە نوێیەكەم لەسەر ئەنتەرنێت بە خۆڕایی ببینن. لیۆناردۆی پاڵەوانی فیلمی تایتانیك پێشتریش فیلمێكی خۆی بە ناوی before the flood نمایش كرووە كە فیلمێكی دیكیۆمنتارییە و باس لە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوای جیهان دەكات و یەكێكە لەو فیلمانەی كە لیۆناردۆ لە ژیانی خۆیدا گرنگیی پێداوە، تەنانەت لە ئاهەنگی وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسكار لە فیلمی (The Revenan) باسی لەو فیلمە كرد و لە ژیانی هونەریی خۆیدا بە وەرچەرخانێكی گرنگی دانا. لە بارەی گرنگیی بینینی فیلمەكە لەلایەن جەماوەرەوە لیۆناردۆ دەڵێ: «پاراستنی زەوی ئەركی هەموو لایەكمانە، چونكە هەست دەكرێ هەسارەكەمان مەترسیی لەسەرە، ئەمەش هەموو لایەكمان لێی بەرپرسیارین، بۆیە پێویستە بە هەموو لایەكیش هەوڵ بدەین بیپارێزین، پاراستنی ژینگە بە هەموو وردەكارییەكانییەوە یەكێكە لە كارە هەرە گرنگەكان كە پێویستە بەبێ جیاوازی ئەو ئەركە لە ئەستۆ بگرین و دژی هەر كەسێكیش بوەستینەوە، كە هەوڵ دەدات ژینگە تێك بدات». لیۆناردۆ هەروەها لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژە بۆ ئەوەدەكات كە نایەوێ ئەم فیلمە ببێتە هۆكارێك بۆ ترس و دڵەڕاوكێی خەڵك و بێزاربن لەو ژمارە و داتایانەی كە دەربارەی زەوی بڵاودەكرێنەوە، چونكە هەموو لایەك ئەو زانیارییانە دەزانن، بەڵام جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە گرنگییەكی زۆر بەوە بدرێت كە خەڵك پێویستە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان چی بكەن، بۆ ئەوەی هەسارەكە راست بكرێتەوە و نەوەكانی داهاتووش بە ئاشتی بژین.»
Top