ئەگەرچی شانشینی یەكگرتوو لە رێزلێنان و خەڵاتكردن و نازناوی بەرزی وەك سێر و خەڵاتی سوارچاكی شاژنە ئەلیزابێسی دووەم خزمەتی زۆری پێشكەش بە ئەكتەری ناوداری جیهانی (شین كۆنری) كرد، بەڵام ئەمانە هەموویان نەبوونە هۆكاری ئەوەی كۆنری پشتگیری خۆی بۆ سەربەخۆیی سكۆتلەندا دەرنەبڕێت. شین كۆنری ساڵی 1930 لە خانەوادەیەكی هەژار لە دایكبووە، بۆیە ئازاری زۆری لە ژیاندا چەشتووە و ناچار بووە لە تەمەنی 13 ساڵیدا واز لە خوێندن بهێنێت، لە ژیانی خۆیدا زۆر كاری جیاجیای ئەنجامداوە، لەوانەش، كرێكاری و شووشتنی مردووان، بەڵام شین كۆنری بە شانازییەوە باس لەو كارانە دەكات و دەڵێت: «رەنگە زۆر كەس هەبن، شەرم بكەن باس لە رابردووی خۆیان بكەن، بەڵام من بە شانازییەوە باسی دەكەم، چونكە ئەمە وای لە من كردووە، ببمە خاوەن كەسایەتییەكی بەهێز و بتوانم رووبەڕووی ئاستەنگەكانی ژیان ببمەوە».
كۆنری دەربارەی هاتنی بۆ نێو دنیای نواندن دەڵێ: «ئەوەی راستی بێت، من بە رێكەوت هاتمە نێو دنیای نواندنەوە، سەرەتا لە شانۆگەرییەكدا بەناوی (خوارووی هێمن) رۆڵێكی لاوەكییان پێشكەش كردم، ئەوەش بۆ من تاقیكردنەوەیەكی زۆر گرنگ بوو، چونكە سەركەوتوو بووم و وای لێهات چەندین رۆڵی دیكەم پێ سپێردرا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە من نواندن بكەم بە كاری خۆم و بەردەوام بم لەو بوارە، تا گەیشتمە ئەو ئاستەی ئێستا.
جێگای سەرنجە كە كۆنری ئەندامی پارتی نیشیمانی سكۆتلەندییە و لە ساڵی (2001)ـەوە پاڵپشتی هەوڵەكانی جیابوونەوەی سكۆتلەندا دەكات، لە ساڵی 2003 تائێستا سكۆتلەندای جێهێشتووە و سوێندی خواردووە، ناگەڕێتەوە تا وڵاتەكەی سەربەخۆیی بەدەست نەهێنێت.