ئیبراهیم تاتڵیساس: هەموو ژیانم بە هونەر بەخشی و لە بری پاداشت ئازاریان دام
لەو لێدوانەیدا بۆ میدیاكان (تاتڵیساس) جەخت لەوە دەكاتەوە هەموو ژیانی خۆی پێشكەش بە هونەر كردووە، هەموو هەوڵێكیشی لە نێو گۆرانی و موزیكدا بۆ نوێگەریی و داهێنان بووە، تەنانەت تیشك دەخاتە سەر ئازارەكانی لە ئیستەنبوڵ و دەڵێت: «هیچ كات بیرم لەوە نەكردووەتەوە كە ئازاری كەس بدەم، یان كەسانێك لەسەر دەستی من تووشی ئازار و دڵشكان ببنەوە، بەڵام خەڵكی ئەو شارە هەمیشە هەوڵیاندا كە ئەزموونی چەند ساڵەی منی هونەرمەند بسڕنەوە، لە كاتێكدا كە من عاشق بووم بەوەی هونەری ئەو وڵاتە بەرەو پێشتر ببەم، شەو و رۆژم خستبووە سەر یەك بۆ دروست كردنی كەشێكی هونەری لە ئیستەنبوڵ، بەڵام دیارە ئەوان لە خۆشەویستی و عەشقی من تێنەگەیشتن كە چەندە پەرۆش بووم بۆ هونەر،
لای كەسانێك تەنیا بیناكاریی و شارەوانی ئاوەدانیی ئەو شارە بوون، بەڵام من پێموابوو هونەر زیاتر لە هەمووان دەتوانێت خزمەت بە ئەو شارە بكات».
رقم لە كەس نییە
سەرەڕای هەموو ئازارەكانی، بەڵام تاتڵیساس لە دڵی خۆیدا وشەی رق و كینەی رەش كردووەتەوە، بە ئەندازەیەك كە هەموو ئەوانەی كە ئازاریان داوە، گەردەنیان ئازاد دەكات و لەوبارەیەشەوە دەڵێت: «خۆزگە ئەو ساتانەی كە لە نەخۆشخانە بووم، خودا رۆحی لێم سەندبا، نەوەك بەو رۆژە سەختە گەیشتبام».
كە لە هونەر دابڕام چی لە ڤێلا و هوتێلی جوان بكەم
ئەمە بەشێكی دیكەی قسەكانی ئەو هونەرمەندە بوو، كاتێك كە بە چاوی پڕ لە فرمێسكەوە دەیگوت: «ئێستا خاوەنی باڵەخانە و هوتێلی جوان و ڤێلای گەورەم، بەڵام من هەرگیز خۆشبەختیی خۆم لەو شتانەدا نابینمەوە، چونكە لای من جوانترین و خۆشەویسترین شت بەردەوامبوون بوو لە گۆرانی، تەنانەت هەمیشە خۆم وەك ماسییەك دەبینی كە بەبێ ئاو نەتوانێت لە دەریادا بژی، منیش كە دووربم لە هونەر، پێموایە ژیان هیچ نرخێكی بۆ من نامێنێت».
تا دوا هەناسە لە ئیزمیر دەمێنمەوە!
تاتڵیساس فرمێسكە گەرمەكانی بەخوڕ دەهاتنە خوار و لەبەر خۆشیەوە دەیگوت: «لە شوێنێك ئازار درای چۆن دەتوانیت بگەڕێیتەوە، ئەوان كە حەسرەتیان بە شكستەكانی ژیانم دەخواست و رۆژانەش بەربەستیان بۆ دروست دەكردم بۆ ئەوەی لە كارەكانم دوور بكەومەوە، تا ئەو رۆژەی كە هێرش كرایە سەرم و بەو شێوەیە لە ناخەوە ئازاریان دام و نەك تەنیا لە دەنگ و گۆرانی دووریان خستمەوە، بەڵكو ئازاری جەستەشم درا و بووم بە كەسێكی خاوەن پێداویستی تایبەت، كە ئەمە هەرگیز بە رەوای نابینم كەسانێك هێندە رقئەستوور بن بەرامبەر هونەرمەندێكی گەورەی وڵاتەكەیان، ئەوەش وایكرد بگەمە ئەو بڕیارەی كە دوورگەیەكی ئارام بۆ ژیان بدۆزمەوە و تا دوا ساتەكانی تەمەن لە ئیزمیر بمێنمەوە، چونكە لەوێ هەست بە ئارامی و خۆشەویستیەكی زۆری خەڵكەكەی دەكەم.
دوعاكانی خەڵك و فەزڵی خودا بوو منیان لە ژیاندا هێشتەوە!
لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە دەكرد، كە كاتێك لە ناوچەی شیشلی بریندار كرا، نوژدارانی نەخۆشخانەی (ئاجی بادەم)، پێیانوابوو، تەنیا 24 كاتژمێری تر لە ژیان دەمێنێتەوە، بەڵام ئەو پێیوایە، كە تەنیا دوعا و فەزڵ و گەورەیی خودا جارێكی تر ژیانی پێبەخشییەوە و لەو سۆنگەوەش دەڵێت: «خۆزگە لە كاتی ئەو هێرشە دڵڕەقانەی كە كرایە سەرم بمردبام، نەوەك لەو حاڵەی ئێستا بژایابام، چونكە ژیان بۆ من ئێستا هەموو رۆژێكی مردنێكە، تەنانەت هەمیشە مردن لە دوورەوە خۆی نیشانم دەدات، چونكە وەك ئاماژەم پێداوە، من بەبێ گۆرانی و موزیك لە ژیان، هیچ مانایەكم بۆ خۆشبەختی نامێنێتەوە».
جارێكی تر خۆم كاندید دەكەم
لە كۆتا قسەكانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە جارێكی دیكە لەسەر شارەوانی ئیزمیر بەنیازە خۆی كاندید بكاتەوە و دەیەوێ لە دوا وێستگەكانی ژیانیدا كاروانی هونەری بگوازێتەوە بۆ كاری سیاسی و خزمەت بە هاووڵاتیانی ئەو شارە، كە وەك خۆی دەڵێت: «ئەو خەڵكە دەمێكە خەون بە ئاوەدانی و جوانیی ئەو ناوچەیەوە دەبینن و منیش لە روانگەی گەشانەوە و جوانییەوە ئەزموونێكی بەرچاوم هەیە، دەشمەوێ ئەوەندەی كە تەمەنم ماوە، خزمەت بەو شارە بكەم، كە بووەتە شوێنی حەوانەوە و ئارامی بۆ منی هونەرمەند.»
سەرچاوە: کەناڵی شۆی تورکی بەرنامەی ٨ مەگەزین