گرووپی نالی و رەسەنایەتی
لە كوردستاندا هونەری موزیك و گۆرانی مێژوویەكی دووریان هەیە، هەر لە تەكیە و خانەقاكانەوە بگرە كە بە ئامێری دەف و گوتنی سروودی ئایینی و پەسن و سەنا، تا ناو كێڵگە و پاوانەكان، كە جووتیار و شوانكارەی كورد بە شمشاڵ و دووزەلە و دواتریش خەڵكی بەهرەمەند و ئارەزوومەندی بوارەكە، لەگەڵ شەماڵی سەران و شنەبای سافی دەشتودەر دەستیان بۆ ئامێرەكانی دیكەی وەك تەمبوور و عوود بردووە و تێكەڵی ئاواز و دەنگی رەسەنی دەنگبێژە میللییەكانیان كردووە، بەمەش بناخەیەكی پتەوی رەسەن و خۆماڵییانەیان بۆ ئەو هونەر داڕشتووە.
قۆناغ دوای قۆناغ هونەرمەند و گرووپی میللی و ئەكادیمی دەركەوتن و تا ئەمڕۆش هەر لە زیادبووندان. یەكێك لەو تیپە هونەرییانە كە لە ساڵی 1998 لە شاری هەولێر دامەزرا، (گرووپی موزیكی نالی) بوو، كە بە میلیدۆی كوردانە و رەسەنایەتی كار و بەرهەمی ناوازەیان لە بواری موزیك و گۆرانیدا پێشكەش كرد، ئەم گرووپە وێڕای بەشداریكردنیان لە چەندین بۆنە و فیستیڤاڵ و چالاكیی هونەری لە ناوەخۆ و دەرەوەی كوردستان تا ساڵی 2012 دوو ئەلبوومی موزیك و گۆرانیی تایبەت بە خۆیان بەرهەم هێنا. بەڵام لە ساڵی 2012 و بەهۆی قەیرانی ئابووری و ئەو دۆخە ناهەموارەی لە ئەنجامی گەمارۆی ئابووریی عێراق بەسەر كوردستان و شەڕی تیرۆریستانی داعشدا بەسەر كوردستاندا هات، ئەو گرووپە هونەرییە وەك زۆر پڕۆژەی دیكە لە كاركردن وەستان.
وا ئێستا و دوای حەوت ساڵ وەستان و دابڕان، بۆ جارێكی دیكە و بە گوڕوتین و توانایەكی دیكە و بە هەناسەیەكی تازەوە، لە وەرزێكی نوێی كارەوە هاتوونەتەوە مەیدان و ئەو هەنگاوەی بیست و یەك ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەستیان پێكرد و بەر لە حەوت ساڵ تیایدا پشوویان دا، درێژەی پێ دەدەن و لەسەر هەمان رێچكە و رێبازی رەسەنایەتیی هونەری كوردی هەنگاو هەڵدەگرنەوە. ئێمە بەم هەنگاو و هەوڵوێستە نوێیەی گرووپی نالی دڵخۆش و ئاسوودەین و دڵنیاشین ئەم هاتنەوەیان تەكانێكی باشتر بە بەرهەم و چالاكییەكانیان دەدات و لەلای خۆشمانەوە هیچ درێغییەك لە هاوكاری و پاڵپشتییان ناكەین. ئومێدیش دەكەین هەموو ئەو پڕۆژە هونەری و كولتوورییانەی كە بە هۆكاری جیاجیاوە وچانیان دا و راوەستان، دیسان بێنەوە مەیدان و توانا و بەرهەكانیان لە خزمەت كولتوور و هونەری رەسەنی كوردیدا درێژە پێ بدەن و سیمایەكی جوانتر بەهونەر ببەخشن، چونكە هەموو ئەمانە، هەر هونەرمەنەد و هەر گرووپێك، تاك تاك و دەستەجەمع، كار و بەرهەمیان، بەتایبەت كە بە چوارچێوەیەكی رەسەنی كوردەوارییەوە سەرچاوەیان گرتبێ، لە خزمەت تێكڕای هونەر و كولتووری گەلەكەماندایە و دووبارەشی دەكەمەوە، ئێمە لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و بەتایبەت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، دەبینە چەتری هەمووان و ئەوەندەی لە تواماندابێت هاوكار و پشتیوانیان دەبین.
بەخێر بێیەوە (نالی) بۆ ناو دونیای جوانیی هونەر و موزیك، بەخێر بێیەوە بۆ وەرزی نوێی كار و بەخشش.