لە هونەردا.. گەوهەرناسی

لە هونەردا.. گەوهەرناسی
گوتراوە، تا های نەكەی، كەس نازانێ پیاز فرۆشی، یان گەوهەر فرۆش. كوردیش گوتوویەتی «قەدری زێڕ، لای زێڕنگرە.» بۆ ئێرەش من دەڵێم:» قەدری گەوهەری هونەر لە لای هونەرناسە». لەم رووەوە گەلانی ئەوروپا خاوەن میرات و نەریتێكی زۆر گەشە كردووی شارستانین. نابینی تابلۆیەكی وەك (مۆنالیزا) كراوەتە ئەفسانەی هونەری نیگار و گەشتیاران لە بنی دنیاوە بۆ مۆزەخانەی لۆڤەر پەلكێش دەكات. گۆڕنیكای پیكاسۆش تەلاری نەتەوە یەكگرتووەكانی پێ رازاوەتەوە. بە كورتی، ئەو گەلانەی هونەرناسن، لە رێی هونەرەوە، سەرمایە و سامانێكی گەورەی دارایی و واتاییان بۆ خۆیان گرد كردووەتەوە.

تاریق كارێزی

با بزانین ئێمەی كورد لە كوێی نەخشەی گەوهەرستانی هونەرداین و تا چەند لە هونەری شێوەكاریدا گەوهەرناسین؟
وەك زەمینەسازییەك بۆ پەی بردن بە كرۆكی وڵامی ئەم جووتە پرسیارە، من لەوە باشتر بەدی ناكەم كە باسی چەند نموونەیەك بكەم، تێیدا روون دەبێتەوە ئێمە تا چەند لە دنیای هونەرناسیدا شارەزاین.
بە لای كەمەوە 20 ساڵ بەر لە ئێستا، لە ساڵانی كۆتایی سەدەی رابردوو بوو، هێشتا كوردستان فڕۆكەخانەی لێ نەبوو. گەورە شێوەكارێكی كورد لە ئەڵمانیاوە، لە رێی توركیاوە بۆ باشووری كوردستان هات. رەزا تۆپاڵ هۆلمانی،كە بە بنەچە خەڵكی دەرسیمە لە باكووری كوردستانە و هاتبوو كە شەش هەزار تابلۆی خۆی پێشكەش بە كوردستان بكات. چەند مۆزەخانەیەكی هونەر لە ئەڵمانیا، كەتەلۆكی تایبەت بە ژیان و تابلۆكانی ئەو هونەرمەندە كوردیان چاپ و بڵاو كرد بووەوە. بەشێكی زۆری ئەو كەتەلۆكانە لە لایەن شۆڤینیستانی توركەوە كۆ كرابوونەوە و سووتێندرا بوون. رەزا هۆلمانی دەیویست سامانی هونەرەكەی لە كوردستان بێت، ئەو نەی دەویست ئەو سامانە لە پاش مەرگی بۆ ئەڵمانیا بە میرات بمێنێتەوە. لەو كاتەدا من سێ وتارم لە بارەی ئامانجی هاتنەكەیەوە نووسی. ئەلهەق، وەزارەتی رۆشنبیری میواندارییان كرد، بەڵام ئەوەندە بەس نەبوو. دوای 10 ساڵ جارێكی دیكە لە رێی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، یاداشتێكم نووسی بەڵكوو هەوڵێك بدرێت بۆ هێنانەوەی ئەو سامانە گەورەیە. من هاوارم كرد، كەسیش بە دەنگمەوە نەهات، لەوەش زیاتر لە توانای بەندەدا نەبوو. ئەوكات رەزا هۆلمانی كە هاتە كوردستان، تەمەنی لە 60 ساڵ زیاتر بوو، ئیدی نازانم ئێستا ماوە یان نا؟ بەڵام دەزانم، ئەو گەنجینە گەورەیەی كە مۆزەخانەیەكی پڕ دەكردەوە، تا ئەم كاتە بە نسیبی ئێمە نەبووە، لەبەر ئەوەی گەوهەرناسی بوارەكە نین.
لە ساڵانی ئابڵووقەی ئابووریدا، نەبوونی و نەداری بە جارێ تەنگی بە ژیانی خەڵك هەڵچنی بوو، لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر، بەهرەیەكی زۆر گەش (ئەمیر رواندزی) پەیدا بوو، دەتگوت ئەو گەنجە بۆ هونەری نیگار لە دایك بووە، بە پیشانگایەكی هێڵكاری بناری لای باشوور و رۆژاوای قەڵای هەولێری یەك پارچە بە بەرهەمەكانی داپۆشی، قەڵەم لە ئاست گەورەیی ئەو بەهرەیەدا ئەوق دەیبردەوە. دوو وتارم لە بارەیەوە نووسی، نازناوی «میری هێڵكاری»م لێ نا، لە باری بەراوردەوە بەر لە نزیكەی 22 ساڵ گوتم «هێڵكارییەكانی ئەمیر هیچیان لە هێڵكارییەكانی گەورە نیگاركێشی عێراق (فایەق حەسەن) كەمتر نییە، مامۆستایەكی ئەمیر كە هونەرمەندێكی دیاری شاریشە، بەم قسەیەم سەغڵەت بوو، گوتی: «تۆ كفری هونەرت كردووە»، من ئەو بە دەنگ هاتنەی ئەوم پێ خۆش بوو، داواشم لێ كرد، بە بڵاوكردنەوەی نووسینێك، كفری هونەرەكەم روون بكاتەوە، بەڵام ئەو زاتی نەكرد، بۆیە لێرەدا ئاشكراتر دەیڵێم، بە راستی هێڵكارییەكان ئەمیر رواندزی زۆر لە هی فایەق حەسەن بەهێزترن. بۆیەش ئەو قسەیەم كاتی خۆی نەكرد، گوتم نەبادا ئەو گەنجە عاشق بە هونەرە غروور بیگرێت. قسەكەشم بێ بنەما نییە، چونكە من هێڵكاریی هەردووكیانم بینیوە.
ئەمیر لەبەر ژیان سەری خۆی هەڵگرت و بەرەو هەندەران كۆچی كرد، لە كاتی سنووردارشكردنەوەی 40 كەسدا، پۆلیسی یۆنان تێبینی دەكات كە نیگاركێشێك لە نێو ئەو چل كەسەدایە، بە بڕیاری بەرپرسانی باڵای وڵاتەكە ئەمیری نیگاركێش بەرەو توركیا سنوورداش نەكردەوە، ئێستا ئەو لە وڵاتی گریكدا هونەرمەندێكی ناسراوە.
بەم دوو نموونەیە بەسی لێ دەكەم، كە نیشانی دەدات، ئێمە تا چەند لە هونەردا گەوهەرناسین. رەنگە ئەو ئاماژەیەش پێویست بێت، لە چارەكە سەدەی رابردوودا چەندین هونەرمەندی گەورە و بە ئەزموونی كوردستان (عەزیز سەلیم، بەدیع باباجان، ئازاد شەوقی، محەمەد عارف سیامەنسووری و هی دیكەش) كۆچی دواییان كرد، كەچی بەرهەمی هونەرییان بزر و نادیارە. بەرهەمی هونەری دەبێ وەك سامان و سەرمایەی نەتەوەیی لێی بڕواندرێت و كار بۆ پاراستنی بكرێت، زۆر پێویستە بەشێكی تایبەت لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاواندا هەبێت، كە ئەركی پاراستن و ئەرشیفكردنی كولتووری هونەری شێوەكاریمان بگرێتە ئەستۆ.
Top