مەلیس بەرچەم: هەستێكی ناخۆشە كە نەمتوانیوە فێری زمانی دایكم ببم
سەرەتا مەلیس تیشكی خستە سەر گرنگیی وتنی گۆرانی بە زمانی كوردی، بۆ ئەو مەبەستەش وتی: «ئێمەی نەوەی ساڵانی نەوەدەكان نەمانتوانی فێری زمانی كوردی بین، ئەو كات گوشاری زۆرمان لەسەر بوو، هیچ قسەمان بە زمانی كوردی نەدەكرد، چونكە قەدەخە بوو، بەداخەوە نەمانتوانی فێر بین و بەناچاری من بە زمانی توركی قسە دەكەم، ئەگەر كوردیم بزانیبایە، بێگومان هەمیشە لە هەموو شوێنێك بە كوردی قسەم دەكرد، بە راستی كەمتەرخەمییەكی زۆرە لەمندا كە نەمتوانیوە فێری زمانی دایكم ببم، بەڵام بە جددی هەوڵدەدەم فێری زمانی كوردی بم. كێشەی گەورە بۆ من ئەوەیە كە تەنیا گۆرانی بە زمانی كوردی دەڵێم، ئەوەش پەیوەندی بە منەوە نییە، من لە ساڵی 1992 لە دایكبووم، ئەو كات زمانی كوردی قەدەخە بووە، بەڵام ئێستا گۆڕانكاری بەسەر هاتووە و پێموایە درەنگە بۆ من، بەڵام بە دڵنیاییەوە من دەمەوێت فێری زمانی كوردی بم، چونكە ئەوە زمانی دایكی منە و ئەگەر بە كوردی قسە بكەم، كارەكانم باشتر دەگەن».
سەبارەت بە گرنگترین شت كە لە كوردستان سەرنجی راكێشابێت، دەڵێ: «گەرموگوڕیی خەڵكی ئێرە زۆر سەرنجی راكێشاوم، هەركەسێكم دەبینی، دەیویست هاوكاریم بكات، بێ ئەوەی من بناسن، بەتایبەتی لەكاتی وێنەگرتنی بەڵگەفیلمەكە، هەموو خەڵك دەهاتن، دەیانگوت ئێمە چۆن خزمەتتان بكەین، ئەمەش زۆر شادی كردم».
مەلیس تیشك دەخاتە سەر گرنگیی مەقام بۆ هونەری كوردی و دەڵێت: «لاوك گوتن دەنگێكی بەرز و تۆنێكی تایبەتی دەوێت بۆ ئەوەی بەشێوازێكی باش لاوك بڵێت، من تاوەكو ئێستا نەمتوانیوە لاوك بڵێم، چونكە بۆ كاركردن لە بواری لاوكدا دەبێت زۆر شارەزای زمانی كوردی بیت و تۆنی دەنگت زۆر بەرز بێت، ئەمەش بۆ من زەحمەتە.
سەبارەت بە ئاستی هونەری لە باكووری كوردستان دەڵێ: «بەداخەوە ئەمە كێشەیەكی زۆر گەورەیە، ئەم و ساڵانێكی دوورو درێژە بەهۆی ئەو سیاسەتەی هەیە، گۆرانی بە زمانی كوردی قەدەخە دەكرێت، دەمەوێت ئەمەش بڵێم، كە گۆرانی هەر بەتەنیا بە زمانی كوردی قەدەخە نەكرابوو، بەڵكو بە چەندین زمانی دیكە لە توركیا گۆرانی قەدەخەكرابوون، بەڵام ئێستا كەمێك گۆڕانكاری دروستبووە، ئەمەش كاریگەری لەسەر ئێمەش دروستكردووە، ئەم كێشەیە فێری كردین كە ئەمە شتیكی هەڵەیە، پێویستە من بتوانم بە هەموو زمانێك گۆرانی بڵێم، چونكە ئێستا سەردەمی میوزیك و گۆرانیی جیهانگیرییە، بۆچی سنوورداركردنێكی وەها هەبێت، پێویست ناكات گۆرانی بە زمانەكانی دیكە قەدەخە بێت، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا رەوشەكە باشترە بووە و ئێستا بەشێوەیەكی ئازادانە دەتوانین گۆرانی كوردی بڵێین».
مەلیس كە هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە بواری میوزیكی میللیدا لەم بارەیەوە دەڵێت: «ئەگەر باس لە ماستەرەكەم بكەم، دوای ئەوەی زانكۆم تەواوكرد، یەكسەر دەستم بە خوێندنی ماستەركرد، بەڵام هێشتا بەوە نەوەستام و چەندین كۆرس و خولی دیكەی میوزیكیم وەرگرتووە، دواتر دوو بەشی گرنگ هەبوون، كە ئەویش میوزیكلۆژیا و هونەری میللی بووە، كە هونەری میللی لە توركیا زۆر فراوان بوو، بەڵام من ئەم بەشەم خوێند، من ئەگەر هەر لە دیاربەكر بوومایە و نەچووبامە ئیستەنبووڵ، ئێستا خاوەنی ئەم ماستەرو شارەزاییە لە بواری میوزیك نەبووم، چونكە لە ئیستەنبووڵ هەلی كاركردن و خۆپێگەیاندن هەیە و من توانیم سوود لەم هەلانە وەربگرم، هەڵبەتە هونەری میللی توركیا زۆر دەوڵەمەندە، كە دەكرێتە چەند بەشێك، بەڵام من توانیم، لەسەر بەستەكانی كار بكەم و بخوێنم. من زۆر لە مێژە ئامێری ساز دەژەنم، دواتریش ئامێری پیانۆ كە لە كۆنسەرفاتوا فێری بووم، ئەویش زۆر هاوكاریم دەكات بۆ گۆرانی گوتن، بەڵام زیاتر ئامێری ساز لە دڵی من نزیكترە و حەز بە ژەنینی ئامێری ساز دەكەم».
مەلیس سەبارەت بە سینەما دەڵێ: «من سەرسامی سینەمام، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر زۆر حەزم لە سەمایە، خۆم چوومەتە چەند كۆرسێكی فێربوونی سەما، حەزم لە سەمای یۆنانییە، جگە لەوەش من زۆر بەرودی لە بواری ئەدەبدا دەخوێنمەوە، چونكە پێموایە ئەوە بناخەی دروستبوونی مرۆڤە، بۆ ئەوەی بناخەیەكی پتەوەی هەبێت پێەیستە هونەرمەند گرنگی بە هەموو بوارەكانی ژیان بدات».
دەربارەی خۆێندن لە بواری موزیك دەڵێ: «بەڵێ یەكجار گرنگە گۆرانیبێژ ئەكادیمی بێت و شارەزای میوزیك بێت، چونكە ئەگەر گۆرانیبێژ بناخەیەكی پتەوی هونەریی میوزیك و مەقاماتی هەبێت، ئەوە كارەكانی جوانتر و زووتر دەگەن، ئەگەر هونەرمەند لە مەقامات و نۆتەدا شارەزا بێت، دەتوانێت مەودای كارەكانی بەرز بكاتەوە، بەڵام ئەگەر هیچ لەبارەی مەقام و میوزیك نەزانێت، ئەوە هەموو كارەكانی دووبارە و سنووردار دەبێت.