ئەحلام: پرۆژەیەكی نواندن لە ئارادایە

ئەحلام: پرۆژەیەكی  نواندن لە ئارادایە
ئەحلام خاوەنی سێ ناسناوی نێودەوڵەتییە، تاجی شاجوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و جیهانی كردووەتە سەر، بەڵام هێندە سادە و خاكییانە خۆی نمایش دەكات، باوەڕ ناكەیت ئەو هەموو ناسناوەی بردبێت. ئەحلام حەجی، بە رەچەڵەك مەغریبیە، بەڵام لە پاریس نیشتەجێیە، شۆخ و شەنگییەكەی وای كردووە رۆژ لە دوای رۆژ ناوبانگی زیاد بكات، لەگەڵ ئەوەشدا هەر تەنیا گرنگی بە جوانیی رووخساری نەداوە، بەڵكو جوانیی رۆح و مرۆڤایەتی و كارە خێرخوازییەكانی دەبنە هۆی ئەوەی ناسناوی باڵیۆزی منداڵانی كیشوەری ئەفریقای پێ ببەخشرێت.

بۆ ئەنجامدانی چەند كارێكی هونەری و خۆئامادەكردن بۆ یەكەم ئەزموونی نواندن، ئەحلام بەم دواییە سەردانی كوردستانی كرد، سەبارەت بە كاری نواندن دەڵێ: «من عاشقی دنیای نواندن و هونەرم، بەتایبەتی سینەما، پێشتر هەندێ ئەزموونی نواندنم لە لوبنان و كەنداوی عەرەبی هەبووە، بەڵام دەمەوێت بەشێوازێكی بەرفراوانتر بێمە نێو بواری نواندن، چونكە ئەوە خەونی لەمێژینەی منە، پەنا بە خودا ئەم خەونەشم دێتەدی»، هاوكات ئاشكرایكرد «هەرچەندە هونەرمەندی كۆچكردووی میسری (عومەر شەریف) یەكێك بوو لە هاندەرانی من بۆ ئەوەی بێمە نێو بواری نواندن و، ئەو پێشبینی ئەوەی كردبوو، كە بەهرەیەكی هونەریی نواندن لەمندا هەیە».
ئەحلام چەندین جار سەردانی كوردستانی كردووە، دەربارەی ئافرەتی كورد دەڵێ: «بە راستی ئافرەتی كورد زۆر بەهێز و بەسۆزن، ئافرەتی كورد دایكێكە دەزانێت چۆن منداڵەكەی پەروەردە دەكات و چۆنیش گرنگی بەهاوژین و میوانەكانی دەدات، ئەمە ئێستا لە دنیای دەرەوە زۆر بەكەمی دەبینرێت، چونكە ئەمان هیوای زۆریان بە ژیان هەیە، هەرچەندە ئافرەتی كورد بەدرێژایی مێژوو بە بارودۆخی زۆر سەختدا گوزەری كردووە، بەڵام هەرگیز هێز و توانای خۆی لەدەست نەداوە، من زۆر سەرسامم بە ئافرەتی كورد، ئەمەش لە رێگەی كارەكەمەوە بە هەموو جیهان دەگەیەنم».
ئەحلام وەك شاجوان ئامۆژگارییەك ئاراستەی ئافرەتانی كوردستان دەكات و دەڵێ: «هەموو ئافرەتێك پێویستە رۆژانە وەرزش بكات، بۆ ئەوەی لەشولاری بە رێكی و جوانی بمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر گرنگە وەرزشی یۆگا بكەنە بەرنامەی رۆژانەیان، چونكە رۆڵێكی گرنگی هەیە لە تواندنەوەی چەوری، هەروەها لە رووی تەندروستی و دەروونیشەوە زۆر سوودی هەیە، ئەوەی زۆر گرنگە ئافرەتان لەبیری نەكەن، خواردنەوەی بڕێكی زۆری ئاوە، ئەمەش یارمەتیی جوان هێشتنەوەی پێست و دەموچاو دەدات».
هەر سەبارەت بە سەردانەكانی كوردستان شاجوانی پێشووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێ : «لە كوردستان زۆر شت سەرنجی منیان راكێشا، یەكێك لەوانە، رێزگرتنی خەڵكەكەیە لە میوانەكانی، ئەمە بە دەگمەن لە جیهاندا دەبینرێت، هاوكات زۆر سەرسام بووم بە جلوبەرگ و كولتووری كوردی، لە سلێمانی جلی كوردیم لەبەركرد، زۆر سەرنجڕاكێش و جوان بوو، هەروەها لە هەولێر خواردنی زۆر خۆشی كوردەواریم خوارد، بەتایبەتی دۆڵمە، كە زۆر خۆشە و هەرگیز تامەكەی لەیادم ناچێت، هەرچەندە هەوڵم دا فێری دروستكردنی دۆڵمە ببم، بەڵام بەداخەوە نەمتوانی بەباشی فێر ببم، هیوادارم جارێكی دیكە كە هاتمەوە كوردستان، بە جدی خۆم فێری دروستكردنی ئەم خواردنە بكەم.
نازناوی شاجوان گرنگییەكی زۆری لە ژیانی ئەحلامدا هەبووە، لەم بارەیەوە دەڵێ: «دوای وەرگرتنی نازناوی شاجوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرگای دیكە بەسەر مندا كرایەوە، بەشداریم لە مەراسیمی شاجوانی ئاسیا كرد و، پلەی یەكەمم وەرگرت و ناسناوەكەم بەدەست هێنا، پاشان بەهۆی ئەو كارە خێرخوازییانەی پێشكەشی منداڵانی بێ سەرپەرشتم دەكرد، لەسەر ئاستی كیشوەری ئەفریقا نازناوی باڵیۆزی منداڵانم وەرگرت، هەروەها نازناوی شاجوانی زەویم لە ساڵی 2016م وەرگرت.»
ئەحلام خاوەنی رێكخراوێكی تایبەتە بە یارمەتیدانی منداڵان، لەو بارەوە دەڵێ: «ئەمە یەكێك بووە لە ئاواتەكانم، بۆیە ئێستاش بەردەوامم لە پاڵپشتی كردنی ئەم رێكخراوە خێرخوازییە و لە داهاتووش بەردەوام دەبم، دوایین كاریش كە لە هەولێر ئەنجاممدا و تایبەت بوو بە یارمەتیدانی منداڵە ئاوارەكانی موسڵ، یەكێك بوو لەو كارانەی كە هەمیشە شانازییان پێوە دەكەم، پەنا بە خوا هەوڵ دەدەم ئەگەر بتوانم دووبارەی بكەمەوە، چونكە لەو سەردانەدا توانیم لە نزیكەوە خەم و ئازاری ئاوارەكان ببینم، بەتایبەتی منداڵان كە یەكەم قوربانیی جەنگ و بارودۆخێكی تایبەتن، كە هیچ دەسەڵاتیان نییە و تەنیا بوونەتە قوربانی و باجی هەڵەی گەورەكان دەدەنەوە، پێشتر سەردانی چەند كەمپێكی منداڵانم كردبوو لە كیشوەری ئەفریقیا، بەڵام لەوێ بارودۆخ بە تەواوی جیاواز بوو، لێرەوە دەمەوێ سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی كەمپەكان بكەم كە یارمەتی ئاوارەكان دەدەن.»
ئێستا ئەحلام یەكێكە لە كەسایەتییە ناسراوەكان، لە بارەی ئەوەی كە ئایا ئەمە زیانی پێ نەگەیاندووە دەڵێ: «نەخێر، چونكە خۆشەویستیی خەڵك و متمانەی میدیاكانم بە دەستهێناوە، ئەمەش سەروەتێكی باشە، راستە زۆر جار رەنگە تووشی سەرئێشە و گرفتیش ببمەوە، بەڵام بۆ من جێگای شانازییە كە توانیومە ناوی خانەوادەكەم و ئاڵای وڵاتەكەم لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا بەرز بكەمەوە».
لە بارەی دوایین كارەكانی ئەحلام حەجی دەڵێ: «لە چوارچێوەی رێكخراوەكەمدا لە كاری خێرخوازی بەردەوام دەبم و بەم زووانە چەند چالاكییەك ئەنجام دەدەم، لە بواری میدیاییەوە چەند بیرۆكەیەك لە ئارادایە بەم زووانەئەوانیش ئەنجامی دەدەم، بەڵام لە بواری نواندنیش رێكەوتنێك هەیە لە نێوان بەرهەمهێنەرێك و ئەكتەری عێراقی (محەمەد سالم) بۆ فیلمێكی سینەمایی كە لە میسر وێنەی دەگیرێت.
Top