میراندا كییر بە هیچ شێوەیەك لە خواردنی چەور نزیك نابێتەوە

میراندا كییر بە هیچ شێوەیەك لە خواردنی چەور نزیك نابێتەوە
هەڵبژاردنی كچە نمایشكار بۆ هەر دیزاینەرێكی جلوبەرگ زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی كارەكانی پێ نمایش بكات و بە جوانترین شێوە دەربكەوێت و جوانییەكی دیكە بە جلوبەرگ و دیزاینەكانی ببەخشێت، بۆیە هەمیشە بە دوای جوانترین و سەرنجڕاكێشتریندا دەگەڕێن، هەر ئەمەش وای لە دیزاینەری بەناوبانگی جیهانی (ڤیكتۆریا سیكریت) كردووە، كە كچە نمایشكاری شۆخوشەنگ میراندا كییر هەڵبژێرێت بۆ نمایش كردنی كارەكانی.
میراندای بە رەچەڵەك ئوسترالییە و تا ئێستا جوانی و رێكوپێكیی لەشی وەكو خۆی ماوەتەوە، هۆكاری ئەم جوانی و رێكییەش بە پلەی یەك بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە بەشێوەیەكی رۆژانەی بەردەوام وەرزشی یۆگا ئەنجام دەدات، هەروەها بە هیچ شێوەیەك لە خواردنی چەور نزیك نابێتەوە، زیاتر پشت بە خواردنی سەوزە و میوەی كەم شەكر و خواردنەوەی ئاو دەبەستێت و، ئەو خواردنانە دەخوات كە رێژەیەكی زۆری كاربۆهیدرات و پرۆتینی تێدایە، وەك (ماست و هێلكە و شیر و سینگی مریشك)، هاوكات بۆ پاراستنی جوانیی لەشولاری، بەپێی گرووپی خوێنی خۆی خواردن دەخوات.
لەبەر ئەوەی ئاویش بە یەكێك لە پێداویستییەكانی هێشتنەوەی هێز و جوانیی لەش دادەنرێت، میدراندا رۆژانە هەشت كوپ ئاو دەخواتەوە، لەگەڵ ئاویش بەردەوام شەربەتی سرووشتی دەخواتەوە بۆ ئەوەی لەشی رێژەی پێویستیی لە ڤیتامین و كانزاكان دەست بكەوێت، سەرباری هەموو ئەمانەش وەرزش بە گرنگترین هۆكاری هێشتنەوەی جوانیی لەش دادەنێت و داوا لە ئافرەتان دەكات، كە ئەگەر بیانەوێ بە جوانی بمێننەوە، ئەوا ئەو بەرنامەیە پەیڕەو بكەن.
Top