خانمە هونەرمەندی مەغریبی (سەمیرە سەعید) لە روانگەی وشیاریی و درك كردنی بەو رۆڵەی لە نێو كۆمەڵگەدا دەیگێڕێ، هاوكات وەك رەنگدانەوە بەرامبەر بەو كۆمەڵگەیە و هەستكردنی بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە جەماوەرەكەی بەتایبەتی لە وڵاتی مەغریب، ئەم خانمە هەڵمەتێكی دژی جگەرەكێشان دەستپێكرد. بۆ ئەمە مەبەستەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێك كە تەلەفزیۆنی مەغریبی دەستی پێكردووە، بۆ ئاگاداركردنەوە لە مەترسییەكانی جگەرەكێشان دەستی بە وێنەگرتنی ریكلامێك كرد، لەو سپۆتەدا سەمیرە سەعید دەڵێ: «من هیچ چیرۆك و بەسەرهاتمێكم لەگەڵ جگەرەكێشان نییە، بەڵام چیرۆكی باوكم لەگەڵ ئەم پەتایە دوورو درێژە، چونكە دوای دە ساڵ لە وازهێنانی لە جگەرەكێشان، دواتر هەر بە نەخۆشیی شێرپەنجەی سییەكان كۆچی دوایی كرد، من ئەو راستییەتان پێ دەڵێم كە لە راپۆرتە جیهانییەكان بڵاوكراوەتەوە و سەلماندوویەتی، كە جگەرەكێشان هۆكارێكی سەرەكییە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجەی سییەكانە».
لە درێژەی سپۆتەكەیدا سەمیرە دەڵێ: «هەر كەسێك بێتە ماڵم پێی دەڵێم بەخێر بێیت بۆ نێو ماڵەكەم، بەڵام هیوادارم جگەرەی تێدا نەكێشیت»، لە كۆتایی سپۆتەكەشدا سەمیرە دەڵێ: «زۆر بە باشی بیر بكەنەوە، چونكە تەنیا یەك تەندروستی و یەك ژیانتان هەیە، بۆ ئەوەی بە خۆشی و ئاسوودەیی و دوور لە گرفت بژین، بە هەموو شێوەیەك لە جگەرەكێشان دووربكەنەوە، پاشان بەراوردێك بكەن و بزانن چۆن ژیانتان گۆڕاوە و خۆشتر بووە.