ئەژین بێلاف: هونەر، خۆشەویستییە، ژیانە و خاڵیكردنەوەی ئازارەكانی رۆحی مرۆڤە
دەربارەی رۆڵی لە شانۆگەریی (ئافرەت لە دۆزەخدا) دەڵێ:
مامۆستا (هیوا سوعاد)، هەمیشە بە دوای توانا شاراوەكان و هێنانە پێشەوەی ئافرەت بۆ نێو شانۆدا دەگەڕێت، بۆ ئەو شانۆگەرییە كە چەند رۆژێكی كەمی مابوو، من بۆ ئەو رۆڵە پێشنیاركرام، منیش بە خۆشحاڵییەوە رەزامەندیی خۆمم دەربڕی و لەگەڵ ئەو دەرهێنەرەدا چەند رۆژێك لە مەشقدا بووم، بۆ ئەوەی بتوانم جوانترین بەرهەم پێشكەش بكەم، هەرچەندە لە سەرەتادا ترسم هەبوو، دەمویست كە رۆڵەكەم لاوازیی پێوە دیار نەبێ، چونكە بە راستی شانۆگەرییەكە جەماوەرێكی بەرچاوی هەبوو، لەو نێوەندەشدا كاری ئەكتەر زیاتر سەخت دەبێ، هەر بۆیە دەبێ زۆر بە ژیرانە بچێتە نێو رۆڵەكە و بە تەواوی كەسایەتیی ئەو كەسە بەرجەستە بكات، كە بۆی دیاریكراوە، سوپاس بۆ خوا كە منیش توانیم بە باشی بچمە نێو قووڵایی بەرهەمەكە و وەك یەكێك لە كارەكتەرە دیارەكانی نێو شانۆگەرییەكە ببمە جێی سەرنجی بینەری شانۆگەرییەكە.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا ترست لە شانۆدا نەبوو؟ دەڵێ:
بڕوای تەواوم بە خۆم هەیە، بۆیە هیچ ترسێكم لە كامێرا و رووبەڕووبوونەوەی خەڵكدا نییە، بەڵام ئەوەی كە ترسی لە دڵمدا دروست كردبوو، ئەوە بوو كە لە كاتی شانۆگەرییەكەدا كە ماوەكەی سێ رۆژ بوو، دەمویست بە هۆی منەوە بۆشاییەك دروست نەبێ و لە رۆڵەكەمدا لاوازییەكم پێوە دیار نەبێت، ئەمەش بۆ خۆم نا، وەك ئەكتەر، بەڵكو بۆ كرچوكاڵ نەبوونی بەرهەمە شانۆییەكەی (ئافرەت لە دۆزەخ)ـدا بوو.
سەبارەت بە گرنگیی هونەریش لە ژیانی خۆیدا ئەژین دەڵێ:
هونەر، خۆشەویستییە، ژیانە و خاڵیكردنەوەی ئازارەكانی رۆحی مرۆڤە، بەبێ هونەریش ئەستمە هەنگاو بۆ پێشكەوتن بنێین، خۆشییەكانی خۆشم بە تەواوی لە نێو هونەردا دەبینمەوە. دەمەوێ ئەوەش بڵێم كە بەر لەوەی ببم بە هونەرمەندێكی شانۆكار، یان فیلمساز، هەمیشە سەرگەرمی نووسینی شیعر بووم، بەردەوامیش بەدوای دەقی جوان دا دەگەڕێم و لە رووی زمانەوانییشەوە سوودی لێدەبینم.
ئەژین تیشك دەخاتە سەر هۆكاری سەركەوتنی لەو رۆڵەدا و دەڵێ:
بەتەواوەتی چووبوومە نێو قووڵایی بابەتەكانەوە، ئازار و ئەشكەنجەی ئەو ئافرەتانەش فرمێسكی گەرمی پێ رێشتم، چونكە زۆر بە وردی لەوە تێگەیشتم كە ئافرەتی كورد چەندە بە ئازارەوە قۆناغەكانی ژیانی تێپەڕاندووە. نهێنی سەركەوتنیشم بۆ بڕوا و متمانە بە خۆبوونم دەگەڕێتەوە، چونكە بەوجۆرە دەتوانم بگەم بە خاڵی سەركەوتن و هەموو ئامانجەكانیشم بپێكم و بگەم بە هەموو ئەو خەونانەی كە بە خەیاڵمدا گوزەر دەكەن.
ئەژین بەمجۆرە باس لە گرنگیی روخسار لە نێو شانۆ و سینەمادا دەكات:
ئەوە بۆچوونە هەڵەیە، كە دەگوترێت جوانی بووەتە بەشێك لە وەرگرتنی شانۆكار یاخوود سینەماكار بۆ بەرهەمەكان، نموونەشم بۆ ئەو قسەیە ئەوەیە، كە مامۆستا (هیوا سوعاد)، هەمیشە پێم دەڵێت: شپرزەییەكەت لەوە جوانترە كە بە ماكیاژ دەركەویت و روخساری خۆت بە جۆرێكی دیكە نیشان بدەی.
سەبارەت بە رێژەی ئافرەت لە كاری شانۆییدا ئەژین دەڵێ:
بەداخەوە، كە پێ دەنێیتە نێو هەر شانۆگەرییەك یان هەر كارێكی هونەری، بە زوویی هەست بە نەبوونی ئافرەت و رێژەی كەمیی بەشداربوونی ئافرەت دەكەین، ئەمەش جێگەی داخە، ئەگەر بمانەوێ رۆڵی ئافرەت لە كارەكاندا دەربخەین، نەك تەنیا هونەر بەڵكو دەبێ بەشدارییمان لە هەموو پرسەكاندا هەبێت.
ئەوەی جێی سەرنجی من بوو، لە میانی پێشكەش كردنی شانۆگەرییەكەدا، چەند ئافرەتێك ئامادەی بینینی ئەو شانۆگەرییە بوون، كە ئەوانیش هەر خۆیان هونەرمەندی شانۆ بوون!.
شەرمنی یەكێكە لە خاسیەتە جوانەكانی ئافرەت، بەڵام بەڕێژەیەك، كە نەبێتە هۆكارێك بۆ لەدەست دانی خواستەكان، چونكە هەندێ جار پێویستمان بەوە هەیە، ئەو شەرمە بشكێنین بۆ بەرجەستەكردنی رۆڵەكان و بەدیهێنانی خەونەكانی ئافرەت.
ئەژین ئاماژە بە چەند ناوێك دەكات كە بۆ ئەو زۆر گرنگن و لەو بارەیەوە دەڵێ:
تەلار هیرانی، مامۆستایەك بۆ تەختی شانۆ، فەرهاد پیرباڵ، مامۆستا و قوتابخانەیەك بۆ تێگەیشتن لە كەسە جیاوازەكانی نێو كۆمەڵگە، هیوا سوعاد، هێندە گەورەیە بە هیچ شتێك پێناسەی ناكرێت و تەنیا ئەوە دەڵێم: بۆ من بوو بە كێوێك!.
لە كۆتاییدا ئەژین باس لە وەرزش و كاتی دووركەوتنەوەی لە كاری هونەری دەكات و دەڵێ:
وەرزش لە ژیانی مندا بەشێكی گرنگە، بەتایبەت لەشجوانی، كە روخسارێكی دیكەمان پێدەبەخشێ، كە جگە لە تەندروستبوونی مرۆڤ گرنگییەكی زۆریشی بۆ ئافرەتان هەیە، سەبارەت بە دووركەوتنەوەم لە هونەر پێموایە هەرگیز ناتوانم لەو دنیا جوانە داببڕێم، مەگەر مەرگ دوورم بخاتەوە، ئەگینا بڕیارم داوە تا دواهەناسە لە هونەرەكەم بەردەوام بم.