بێری شەلماشی: بە هەموو شێوەیەك كۆلێژی هونەر فەرامۆش كراوە
* لە فیلمی (هاوارێك) دەتەوێ چی بە كۆمەڵگە بڵێی؟
- فیلمی (هاوارێك لەسەر بانەكانەوە)، چیرۆكی كچێك دەگێڕێتەوە بەناوی شیرین، كە دەچێتە بەرەكانی جەنگ و خەبات دەكات، فەرهادیش بەردەوام لە سەربانی ماڵەكەیان چاوەڕێی گەڕانەوەی دەكات، رۆڵی فەرهاد (ئیسماعیل زاگرۆس) كوردی دانیشتووی ئەڵمانیا بەرجەستەی دەكات و كارەكتەری شیرینیش (گۆنجا كاراسو) ئەكتەری ناسراوی تورك رۆڵەكەی دەگێڕێت. شیرین و فەرهاد، چیرۆكی ئەڤینداریی نێوان كوڕ و كچێكی كوردە، كە بۆ بەیەكگەیشتن قوربانی بەهەموو شتێك دەدەن، بەڵام لەم فیلمەدا شیرین ئەمجارە قوربانی بە عەشق و خۆشەویستی دەدات بۆ رزگاركردنی خاك و نیشتیمان.
* كاتێك ئەم فیلمە لە فێستیڤاڵەكان نمایش كرا، دەنگدانەوەی چۆن بوو؟
- ئەم فیلمە لە فێستیڤاڵی شاریقەی ئیمارات بەشداریی كردووە و كێبڕكێی وەرگرتنی خەڵاتیش دەكات، ئەو كەسانەی ئەم فیلمەیان بینیوە زۆر پێی سەرسام بوون. هەر تەنیا چیرۆك و ئازایەتی ژنی كورد نەبووەتە جێگای سەرەنجی سینەماكاران، بەڵكو كوچەو كۆڵان كۆنەكانی هەولێر بۆ وێنەگرتنی فیلمی سینەمای باشترین و جوانترین شوێنن، دەخوازم ئەم گەڕەكانە وەك خۆیان بمێنن و پارێزگارییان لێ بكرێت.
* بۆچی هەولێرت بۆ وێنەگرتنی ئەم فیلمە دەستنیشان كرد؟
- من دەمێكە عاشقی هەولێر و قەڵای دێرینی هەولێرم، حەزم كرد هەولێر وەكو سیمبوڵی خۆڕاگری و قوربانیدان لە فیلمەكەم وێنا بكەم، لەلایەكی دیكەوە سیناریۆی فیلمەكە باس لە 25 ساڵ پێش ئێستا دەكات، گەڕەكی عارەبان و دەوروبەری زۆر گونجاو بوون بۆ وێناكردنی ئەو سەردەمە.
* بۆچی ناوی شیرین و فەرهادت لە فیلمەكە بەكارهێناوە؟
- دەمویست ئەم داستانە مەزنە بە فۆرمێكی نوێ زیندوو بكەمەوە، هەمیشە لە داستانەكان پیاوەكان زاڵ بوون و كچەكان چاوەڕێی كوڕەكان بوون، بەڵام من حەزم كرد، ئەم داستانە بە دیدێكی ئافرەتانەوە بنووسمەوە، ئافرەتێك خۆی پاڵەوانی داستانەكە بێت، بۆ هەڵبژاردنی ناوی شیرین و فەرهادیش بۆ ئەكتەرەكان، وام بەباش زانی سیمبوڵێكی كوردی لە جیاتی ناوێكی بیانی دەستنیشان بكەم.
* پڕۆژەی نوێی بێری لە بواری سینەما چییە؟
- نوێترین پڕۆژەی من فیلمێكی نوێیە بەناوی (گەورە دێ)، كە چیرۆكێكی راستەقینەیە، من و باوك و دایكم بۆ ماوەی دوو ساڵ لەو گەورە دێیە ژیاوین، لەگەڵ ئەو پێشمەرگانەش قسەمان كردووە كە لەو كاتە لەوێ ژیاون، بۆیە پێموایە فیلمێكی جوان دەبێت.
* بۆچی كچە ئەكتەرێكی توركت بۆ رۆڵی شیرین هەڵبژاردووە؟
- هەڵبەتە من پێموایە كچە ئەكتەری زۆر باشمان لەكوردستان هەیە، بەڵام ئەو كچە توركە ئەكتەرێكی زۆر لێهاتووە و زۆر لەگەڵ كارەكتەری شیرین دەگونجا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم كچە لە هۆڵەندا دەژیا، زۆرتر كاتمان هەبوو راهێنان لەسەر ئەم كارەكتەرە بكەین، دواتر من توانیم لە رێگەی ئەم فیلمەوە ئەم ئەكتەرە توركە ئاشنای كێشەی نەتەوەكەم بكەم و بێتە هەولێر و تێكەڵی كولتووری كوردی بێت و خۆی فێری زمانی كوردی بكات، ئەمەش كارێكی باشە.
* بۆ ماوەی دوو ساڵ لە كۆلیژی هونەر لە زانكۆی سەڵاحەدین مامۆستا بوویت، بۆچی جێتهێشت؟
- دیارە ئەم كۆلێژەی من تێدا مامۆستا بووم، بەو سیستەمە جیهانییە نەبوو كە لە هەموو جیهان پەیڕەو دەكرێت، هێشتا لە گرنگیی سینەما تێنەگەیشتووین، ئێستاش كە بیر لەو رۆژانە دەكەمەوە لەم زانكۆیە بەسەرم بردووە، هەست بە ئازار و ناڕەحەتی دەكەم، بە هەموو شێوەیەك كۆلیژی هونەر فەرامۆش كراوە.