کوردێک بۆ یەکەم جار مەدالیای زێڕینی خاوەن شکۆی ئیمپراتۆڕی ژاپۆن بەدەست دەهێنێت

کوردێک بۆ یەکەم جار مەدالیای زێڕینی خاوەن شکۆی ئیمپراتۆڕی ژاپۆن بەدەست دەهێنێت
ئا/ خەلیل بلەیی:
لە مەڕاسیمێکی شایستەدا بە ئامادەبوونی (فەلاح مستەفا) بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێم و (سەفین دزەیی) وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و (نەوزاد ھادی) پارێزگاری ھەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی حزبی و حکوومی مەدالیای زێڕینی خاوەن شکۆی ئیمپراتۆڕی ژاپۆن بەخشرایە (حاجی ئازاد یەحیا باجگر)، کە لە ماوەی ڕابردوودا توانیوویەتی پردی پێوەندی لە نێوان کوردستان و وڵاتی ژاپۆندا دروست بکات.
لە ڕێوڕەسمەکەدا زنجیرەیەک وتاری تایبەت لەو بارەیەوە خوێندرایەوە دیارترینیشیان وتەی (فەلاح مستەفا) بوو، کە وەک نوێنەرێکی سەرۆکایەتی حکوومەت دەستخۆشی گەرمی لەو زاتە کرد، کە توانیوویەتی گەلی ژاپۆن ئاشنا بکات بە ھەرێمی کوردستان و، بازرگانی گشتی لە ھەرێم و ژاپۆن دروست بکات، ھەروەھا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی بەرچاوی (حاجی ئازاد باجگر)، کە حکوومەتی ژاپۆن بە کۆنسوڵی فەخری وڵاتەی ناوی دەبات لە ھەرێمی کوردستان و ھیواشی خواست کە پێوەندییەکانی نێوانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە پتەوتر بکەن لە ڕووی بازرگانیەوە.
پاشان چەندین خەڵاتی جۆراوجۆر و چەپکە گوڵی خۆشەویستی بەخشرایە ناوبراو و، خانەوادەی باجگر کە بە ڕای ھەمووان ئەو خەڵاتەی ئیمپراتۆڕی ژاپۆن ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ فراوانتر کردنی بازرگانی و گەشتی بازرگانانی ھەرێم بۆ ژاپۆن.
Top