جەمال ئامێدی سەرۆكی تیپی مۆسیقای دهۆك: ئاوازم بۆ كەس دانەناوە، چونكە دانانی ئاواز زانستە

جەمال ئامێدی سەرۆكی تیپی مۆسیقای دهۆك: ئاوازم بۆ كەس دانەناوە، چونكە دانانی ئاواز زانستە
جەمال محەمەد ئەدیب یەكێكە لە موزیسیانە هەرە ناسراوەكانی دهۆك و كوردستان كە چەندین ساڵە وك ناوێكی دیار و بەرچاو لەگەڵ سەدان هونەرمەندی هەر چوار پارچەی كوردستان كاری كردووە، لەم دیمانەیەدا هونەرمەند باس لە چەند وێستگەیەكی ژیانی هونەریی خۆی دەكات.
دیمانە/ جەمال بەرواری
* دەستپێكی كاری هونەریت كەی بووە و چۆن تێكەڵی ئەو جیهانە بوویت؟
- هەنگاوی یەكەمم ساڵی 1976 بوو، كاتێك باوكم ئامێرێكی گیتاری هەوایی لە توركیا بە دیاری بۆ هێنام، ئەو كات زۆر گوێم لە هونەرمەندان تەحسین تەها، محەمەد عارف و حەسەن جەزراوی دەگرت، پاشان كە لە ساڵی 1978 هونەرمەند دڵشاد محەمەد هاتەوە دهۆك و تیپی مۆسیقای دهۆكی دامەزراند، خۆم فێری ژەنینی كەمانچە كرد و بەشداریم لە یەكەم ئاهەنگی تیپەكەدا كرد كە لە ساڵی 1979 لە شاری سەماوە ئەنجامدرا، دواتر بۆ تەواوكردنی خوێندن وازم لە تیپەكە هێنا.
* لە كوێ وانەی فێربوونی كەمانچەت وەردەگرت؟
- بە بەشداریكردنم لە خولەكانی فێربوونی ژەنینی كەمانچە و فێربوونی نۆتەی مۆسیقا و گوێگرتن لە گۆرانی و مۆسیقای كوردی من خۆم فێر كرد و تواناكانی خۆم پێشخست، لە ساڵی 1978 بەشداریم كرد لە خولێكی فێربوونی مۆسیقا كە لە بنكەی لاوان ئەنجامدرا. لە ساڵی 1981 مامۆستا دڵشاد پەیكەری تیپەكەی گۆڕی و حەزی كرد موزیسیانی بەتوانا بهێنێتە ناو تیپەكەی و وەك كەمانچەژەن منیشی بانگ كرد، ئەو كات لەگەڵ چەندین كەمانچەژەنی بەتوانا كەمانچەم ژەنی، لەوانە: (بەدرخان تەها و وەلید خالید)، هەرچەندە سەرەتا كاتێك كەمانچەكەم گرت، تۆزێك شڵەژام، چونكە ژەنینی كەمانچە كارێكی ئاسان نییە، بەڵام دواتر لە ژێر دەستی مامۆستا دڵشاد مەشق و راهێنانم ئەنجامدا و زۆر خێرا فێری زانست و بنەماكانی ژەنین بووم، دواتر هاتمە ریزی یەكەم ژەنیارەكان و زۆر جاریش كە مامۆستا دڵشاد ئامادە نەبووایە، من سەركردایەتیی تیپەكەم دەكرد. لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بكەم كە تا ئێستاش پەیوەندیم لەگەڵ هونەرمەند دڵشاد محەمەد سەعید پەیوەندییەكی برایەتی و بەهێزە، من خۆم بە قەرزاری ئەو دەزانم و رێگای هونەری دروستی نیشاندام لە ژەنینی كەمانچە، هەروەها ئەو رۆژە خۆشانە لە یاد ناكەم كە پێكەوە لە سەردەمی تیپی دهۆك بەسەرمان بردووە.
* ئایا تا ئێستا كاری ئاوازدانانت كردووە؟
- دەمەوێ شتێك روون بكەمەوە، ئەویش ئەوەیە كە دانانی ئاواز زانست و ئیلهامە، بویە هیچ كاتێك ئاوازم بۆ هیچ هونەرمەندێك دانەناوە، من دابەشكردن و ئامادەكردنی مۆسیقام ئەنجامداوە، بەڵام ئاوازم دانەناوە.
* گۆرانیی كۆن و كلاسیك، یان گۆرانیی نوێ و هاوچەرخ كامەیان لە تۆوە نزیكترن؟
- من لەگەڵ گۆرانییە كۆنەكانم، چونكە لەسەر بنەمایەكی پتەو دانراوە، ئەویش مقامە كە بڕبڕەی پشتی گۆرانییە. مرۆڤ كاتێك گوێ لە مقام و دەنگی حەسەن جەزراوی و محەمەد عارف دەگرێت، هەست بە گۆرانی راستەقینە دەكات، هەرچەندە ئیمكاناتی ئەو كاتە زۆر كەم بوون، بەڵام گۆرانییەكان هەمیشە بە زیندوویی دەمیننەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵێك هەیە كە گۆرانیی نوێ و هاوچەرخ لە هەڵبژاردنی تێكست بە شێوەیەكی پتەو بونیات بنرێت، ئاواز و دەنگ و نۆتە، ببنە بنەما بۆ گۆرانی. بەشێوەیەكی گشتی هەر گۆرانییەك جا گۆرانییەكی نیشتمانی، یان سۆزداری، یان گۆرانیی ئاهەنگ بێت، بنەما و تایبەتمەندیی خۆی هەیە و لە هەڵبژاردنی بابەتی گۆرانییەكەدا نابێ پەلە بكرێت، ئاساییە كە دەربارەی تێكست و ئاواز گفتوگۆ لەگەڵ شاعیر و ئاوازدانەر بكەین،چونكە پێویستە تێكست و ئاواز و دەنگ گونجاو بن بۆ ئەوەی گۆرانییەكی دروست بەرهەم بهێنرێت.
* پەیوەندیت لەگەڵ گوڵبەهار چۆن بوو؟
- لە ساڵی 2005 كە گوڵبەهار هاتە كوردستان، تیپەكەمان بۆ رێكخستنی ئاهەنگێك لە مەراسیمی رێزلێنانیدا راسپێردرا، هەروەها چەند هونەرمەندێكیش ئامادە بوون، لەوانە خاتوو ئالان عومەر كە گۆرانیی (دلۆ دلۆ)ی زۆر بە جوانی و سەركەوتوویی گوتەوە، ئەو كات بیرۆكەی ئەوەم بۆ دروست بوو كە گۆرانییەك بۆ گوڵبەهار تۆمار بكەم، ئەوە بوو گۆرانییەكمان تۆمار كردو سەركەوتنێكی بەرچاویشی بەدەستهێنا، هەر ئەمەش وایكرد كە پەیوەندیم لەگەڵ خوالێخۆشبوو گوڵبەهار خۆش بێت و ئەویش زوو زوو سەردانی تیپەكەمانی دەكرد، هەروها داوای لێكردم كە گۆرانیی (چەلا لبەر چەلا) دووبارە بكاتەوە، هەرچەندە بەهۆی گەورەیی تەمەنی و تۆنی گۆرانییەكەوە بۆ من زۆر سەخت بوو، بەڵام داواكەیم جێبەجێ كرد، ئەوە بوو گۆرانییەكەی گوتەوە بە مەوالی (دلی پڕ برین)، لە تۆماركردن و دابەشكردنی گۆرانییەكەدا تووشی گرفتی زۆر بووینەوە، ئەوەی مایەی سەرنج بوو، گوڵبەهار سەرەڕای گەورەیی تەمەنی هێشتا تۆنی دەنگی نەگۆڕا بوو، بەداخەوە دواتر جەڵدەی دڵ لێیدا و دوای نەخۆشكەوتنی چووە بەغدا بۆ چارەسەر كردن، بەڵام لەوێ گیانی لە دەست دا.
* ئەی لەگەڵ نەمر تەحسین تەها؟
- تەحسین تەها هونەرمەندێكی گەورە و رۆشنبیر و زیرەك بوو، لە هەڵبژاردنی گۆرانی و تێكستدا، بەتایبەتی گۆرانییە شۆڕشگێڕی و نیشتمانییەكاندا. تەحسین تەها قوتابخانەیەكی هونەری بوو، پلانی بۆ گشت گۆرانییەكانی دادەنا و بە وردی هەڵیدەبژاردن، تەنانەت شوێنی تۆمار و وێنەگرتنی كلیپەكانیشی دیاری دەكرد، دوایین گۆرانی تەحسین تەها لە ساڵی 1988 بە ناوی (وەی دونیاێی) بوو، ئەویش هەر لەگەڵ تیپی مۆسیقای دهۆك ئەنجام درا.
Top