سۆفیا هەڕەشە لە یاریزانێكی هیندی دەكات

سۆفیا هەڕەشە لە یاریزانێكی هیندی دەكات
بەر لە ماوەیەك هەواڵێكی ئەستێرەی سینەمای هیندی (سۆفیا حەیات) بە هۆی پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ یاریزانی كریكێتی ناسراوی هیندی (رۆهێت شارما) یەكێك لە گەرمترین بابەتەكانی میدیای ئەو وڵاتە بوو، ئێستاش میدیاكان بە شێوەیەكی جیاوازتر باس لەو پەیوەندییە دەكەن.
سۆفیا بەر لە چەند رۆژێك رایگەیاند: بە نیازە كتێبێك بڵاو بكاتەوە دەربارەی ئەو پەیوەندییە و گشت وردەكارییەكانی لەو كتێبە بخاتەڕوو، لەم رووەوە رۆژنامەكان رایانگەیاند: سۆفیا بەنیازە یاداشتەكانی لە دووتوێی كتێبێكدا بڵاو بكاتەوە و بەشێكی ئەو كتێبەش بۆ پەیوەندییەكەی لەگەڵ رۆهێت شارما تەرخان بكات، بەپێی رۆژنامەی spot boye رۆهێت دەبێتە پاڵەوانی بەشێكی زۆری ئەو چیرۆكانەی كە لەسەر زاری سۆفیاوە لەو كتێبەدا باس دەكرێن.
سەبارەت بە كتێبەكەی سۆفیا لە لێدوانێكدا دەڵێ: گشت ئەو راپۆرتانە راستن، چونكە من لەو كتێبەدا بە وردی باسی پەیوەندیی خۆم و رۆهێت دەكەم، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە رۆهێت لە لێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتبووی من تەنیا هاندەرێكی ئەو بووم، ئەم قسەیەش زۆر ئازاری دام، بۆیە بڕیارم دا، لێی جیا ببمەوە.
سۆفیا لە درێژەی لێدوانەكەیدا دەڵێ: نامەیەكم بۆ رۆهێت ناردووە كە تێیدا هاتووە: «سەیر كە من هاندەرت نیم و نامەوێ لەمەودوا چیتر بتبینم، چونكە ئەوەی تۆ ئەنجامت دا، مایەی شەرمەزارییە»، هاوكات دەڵێت: نامەوێ بتبینمەوە، بۆیە گشت پەیوەندییەكانم لەگەڵت پچڕاندووە و لە تویتەریش بلۆكم كردوویت، چونكە كەسێك بتوانێت بەو شێوەیە رەفتار بكات، بێگومان كەسێكی بەدرەوشتە.»
Top