دانی دارین: فیلمێكم دەربارەی كارەساتی هەڵەبجە كێبڕكێی فیلمە جیهانییەكان دەكات
فیلمی (16/03) لە دەرهێنانی (دانی دارین) بە شێوەیەكی سینەمایی باس لە كارەساتی هەڵەبجەی شەهید و هەروەها ململانێی سیاسەتمەدارەكان دەكات، كە چۆن بڕیارەكانیان كاریگەرییان لەسەر مرۆڤە بێتاوانەكان هەیە. دانی دارین لە بارەی ئەم فیلمەی دەڵێت: ئەم فیلمە تەنیا رێگەیەكە بۆ ناساندنی تاوانی هەڵەبجە بە هەموو جیهان، بۆیە ئەم فیلمە كاریگەرییەكی یەكجار زۆری كردووتەوە سەر ئەو كەسانەی ئەم فیلمەیان بینیوە، ئەمەش وایكردووە، بۆ چەندین فیستیڤاڵی جیهانی داوا بكرێت و خەڵات بكرێت. جۆری فیلمەكە ئەكشن و درامی و پۆلیسییە، ماوەكەی دوو كاتژمێرە، لە كوردستان و بەریتانیا كاری وێنەگرتن و تەكنیكی بۆ كراوە، ئەكتەرەكانی 80%ـی بەریتانین، 20%ـی كوردی باشووری كوردستانن. خۆشبەختانە تاوەكو ئێستا ٣٠ خەڵاتی نێودەوڵەتی وەرگرتووە و ٣٢ جاریش بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نێودەوڵەتی بەربژێر كراوە، لەبەرنامەشدایە لە چەند فیستیڤاڵی دیكەی ئەمریكا و ئەوروپا بەشداری بكات، كە من پێشبینی دەكەم ژمارەیەكی پێوانەیی لە وەرگرتنی خەڵات تۆمار بكات».
هەروەها دەڵێت: «ئەم فیلمە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نیشتمانیی بەریتانیا كە بە The National Film Awards UK ناسراوە، بۆ چوار خەڵات بەربژێر كراوە، كە كێبڕكێی فیلمە بەهێزەكانی هۆڵیوود دەكات، فیلمەكەیان 200 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە، بەڵام فیلمەكەی من بەشێكی زۆری بە خۆبەخش و بە بودجەیەكی كەم بەرهەمهاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ خەڵاتی (باشترین سیناریۆنووس، باشترین فیلمی پۆلیسی، باشترین فیلمی درێژ، باشترین فیلمی سەربەخۆ) بەربژێر كراوە».
سەبارەت بە ئەگەری بەدەستهێنانی خەڵاتەكانی ئەو فیستیڤاڵەش دەڵێت: «هیوادارم بتوانم ناوی هەڵەبجەی شەهید ببەمە سەر ستەیجی ئەم فیستڤاڵە مەزنە، ئەمەش بۆ گەلی كورد بەگشتی و بۆ هەڵەبجەی شەهید بەتایبەت شەرەفێكی گەورە دەبێت، دەمەوێت ئەوە بڵێم، كە ئەم خەڵاتە لە رێگەی خەڵك و لیژنەی دادوەران بەشێوەی دەنگدان دیاری دەكرێت، بۆیە داوا لەخەڵك دەكەم دەنگ بە فیلمی من بدەن بۆ ئەوەی وەكو دەرهێنەرێكی كورد ئەم خەڵاتە وەربگرم، كە بۆ یەكەمجارە فیلمێكی كوردی بگاتە ئەو قۆناخە».
سەبارەت بە ئامانجی فیلمەكەش گوتی: «چەند ئامانجێكم لە دروستكردنی ئەم فیلمە لەسەر ئەركی خۆم هەبوو، یەكەم دەمەوێت چیرۆكی تراژیدیای هەڵەبجە بخەمەسەر شاشەی سینەماكانی جیهانی و لە فیستڤاڵە جیهانییەكان نیشانی بدەم، لەگەڵ ئەوەشدا سەرنجی هونەرمەندان و سینەماكاران و ئەستێرەكانی جیهان بۆ دۆزی رەوای گەلی كورد رابكێشم، دووەمیش بە پێچەوانەی فیلمە كوردییەكانی دیكە هەوڵی نیشاندانی جوانیی كوردستان و شوێنە گەشتوگوزارییەكانم لە چاوی كامێراوە داوە، جگە لەمەش هەوڵی نەهێشتنی گومانی تیرۆر و هەوڵی نیشاندانی ئارامیی كوردستانم داوە، چونكە بە جۆرێك لە میدیاكان وایان لە خەڵكی ئەوروپا گەیاندووە كە ئێمە هەموومان تیرۆریستین، ئەمە لە كاتێكدا بە درێژایی مێژوو، ئێمە قوربانیدەری شەڕی سیاسەتمەدارە گەورەكانی جیهان بووین.
یەكێك لە گرفتە هەرە سەرەكییەكانی فیلمی كوردی بریتییە لە نەبوونی بودجەی پێویست، دەربارەی دابینكردنی بودجەی فیلمەكە، دانی دارین دەڵێت: «بودجەی ئەم فیلمە نزیكەی یەك ملیۆن و 200 هەزار دۆلاری ئەمریكی بوو، لە سەدا 25ی كۆمپانیایەكی بەریتانی دابینی كردووە و ئەوەی دیكە خۆم و چەند هاوڕێیەكی دڵسۆزم لەسەر ئەركی خۆمان دابینمان كردووە، حەزمان كرد، وەكو دڵسۆزییەك بۆ ئەم شارە ئەم فیلمە درێژە بەرهەم بهێنین، بەداخەوە لە كوردستان كەس هاوكاریی ماددی نەكردووین، هەمووی لەسەر ئەركی خۆمان بووە، لە چەند جێگایەك باس لەوە كراوە، كەوا من پارەم لە حكومەت وەرگرتووە، بەڵام من داوا دەكەم هەر بەڵگەیەك لەسەر پارە وەرگرتنی من هەیە بیخەنەڕوو، ئامادەی هەموو سزایەكیشم.
دانی دارین، ئەوەش دەخاتەڕوو كە وەك زۆربەی سینەماكارە كوردەكان لە كوردستان بەپێی پێویست رێز لە فیلمەكەی نەگیراوە، هەر لەم بارەیەوە دەڵێت: «لە هەموو جیهان رێز لە فیلمەكەی من دەگرن و خەڵاتمان پێشكەش دەكەن، یەكەم نمایشی ئەم فیلمەم لە كوردستان كرد، بەڵام زۆر بەداخەوە لە هەولێر و سلێمانی هیچ رێزێكی لێ نەگیرا و بگرە بە چاوێكی زۆر سووك سەیری كرا، بەڵام من باوەڕم بە كارەكەی خۆم و بە دۆزی رەوای گەلەكەم هەیە و هەرچی لە توانامدا بێت لە پێناویدا دەیكەم، چونكە من خۆم لە بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەر گەورە بووم و هەمیشە خزمەتكردنی نیشتمانەكەم لە پێش هەموو شتێكەوەیە. پێویستە ئاماژە بەوەش بكەم كە جگە لە سەرپەرشتیارانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە هیچ لایەنێكی دیكە وەكو شارەوانی و ئاسایشی هەڵەبجە، هاوكارییان نەكردووم، بگرە رێگریشیان لێ كردووم، خەڵكی هەڵەبجە زیاتر لە حكومەت هاوكارو پاڵپشتم بوون، سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای سلێمانی دەكەم كە هاوكارم بوون، هەروەها سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ و بەڕێوەبەرایەتی فڕۆكەخانەی هەولێر دەكەم، كە زۆر هاوكارییان كردووم.