پاریس دەچێتە نەخۆشخانەی دەروونی
سەرچاوەیەكی نزیك لە پاریس ئەم هەواڵەی پشتڕاست كردەوە و رایگەیاند بۆ ئەم مەبەستە پاریس ناوی خۆی لە یەكێك لە دەزگاكانی چارەسەركردن نووسیوە بۆ ئەوەی یارمەتیی بدات بۆ چاكبوونەوە و دووركەوتنەوە لە كار و شەكەت بوون، سەرچاوەكە ئەوەشی راگەیاند كە كچەكەی مایكل جاكسۆن هەوڵ دەدات كاتێك لەو دەزگایە دەچێتە دەرەوە لە گشت روویەكەوە هەست بە وزەیەكی زۆر بكات و تەندروستیی تەواو بێت، تاكو بە گوڕ و تینێكی زۆرترەوە دەست بە كار و پڕۆژە نوێیەكانی بكات كە بەنیازە لە داهاتوودا ئەنجامیان بدات.
شایەنی باسە ئەمە یەكەم جار نییە كە پاریس تووشی نەخۆشیی خەمۆكی و دڵەڕاوكێ بێت، چونكە لە ساڵی 2013 كە ئەو كات تەمەنی تەنیا 15 ساڵان بوو بە پەلە گەیەندرایە نەخۆشخانە بە هۆی هەوڵی خۆكوشتن دوای ئەوەی زیاتر لە (20) حەبی دەرمانێكی تایبەتی خوارد، بەڵام دواترلە دیمانەیەكی لەگەڵ گۆڤاری رۆلینگ ستۆن دانی بەوەدا نا كە ئەمە یەكەم هەوڵی نەبووە.
لە ساڵی 2017 پاریس جاكسۆن رایگەیاند: كاتێك هەوڵی خۆكوشتنم دا، تەواو شێت بووم و تووشی خەمۆكی و دڵەڕاوكێ بووم و زۆریش بیرم دەكردەوە و رقیشم لە خۆم بوو، هەروەها من بە تەنیا رووبەڕووی ئەو دۆخە بوومەوە و داوای یارمەتیم لە كەس نەكرد و هەستم دەكرد كە ناتوانم هیچ شتێكی دروست ئەنجام بدەم و شایەنی ژیانیش نەبووم، ئەم رووداوە وەرچەرخانێكی گەورە بوو لە ژیانی پاریس لە هەوڵە بەردەوامەكانی بۆ رزگاربوون لە خەمۆكی و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر و گەیشتە ئەو بڕوایەی كە ناتوانێ بەبێ یارمەتی كەسانی دیكە رووبەڕووی ئەم گرفتانە ببێتەوە، دوای ئەوەی دووبارە نیشانەكانی دەركەوتنەوە.