دەنیز جەكیر رووبەڕووی رەخنەی ئافرەتـان دەبێتەوە

دەنیز جەكیر رووبەڕووی رەخنەی ئافرەتـان دەبێتەوە
چەند ئافرەتێكی توركی باڵاپۆش دژی خانمە ئەكتەری تورك دەنیز جەكیر بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە و بە ئیهانەكردن و هێرشكردنە سەریان بە چەند وشەیەكی رەگەزپەرستی و ناشیرین لەلایەن دەنیزەوە تۆمەتباریان كرد، كە بە هۆی شێوەی جلوبەرگیان ئاراستەی كردبوون، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانەش لە دادگا ئامادە بوو.
ئەو ئافرەتانە جگە لەوەی بەیاننامەیەكیان دژی دەنیز بڵاوكردەوە، لە دادگاش سكاڵایان لە دژی تۆمار كرد، بەڵام دەنیز لە رێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ئەم تۆمەت و بەیاننامەی رەت كردەوە و دووپاتی كردەوە كە بە هیچ شێوەیەك باسی نەكردوون، تەنیا ئەو كاتە نەبێت كە بێزاریی خۆیان دەربڕی لە وێنەگرتن كاتێك لە ئاهەنگێكی لەدایكبوون لەگەڵ یەكێك لە هاوڕێكانی ئامادە بوو و لەوێ چاوی بەو ئافرەتانە كەوت و ئەو كاتە گفتوگۆ و مشتومڕێكی توند لە نێوانیاندا دروست بوو، بەڵام ئەو گفتوگۆیە پەیوەندیی بە جلوبەرگ و شێوەی دەرەوەیانەوە نەبوو. تەنیا ئەوە نەبێت كە لە كاتی گفتوگۆی نێوانیاندا پێی گوتن: ئێوە لێرە چی دەكەن. ئایا ئێمە لە سعودیا دەژین؟
بەشێكی زۆر لە میدیاكانی توركیا لەبەردەم دادگا چاوەڕێی دەنیزیان دەكرد، دوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە و هاتنە دەرەوەی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: گشت ئەو تۆمەتانەی ئاراستەم كراون، رەت دەكەمەوە، چونكە تا ئێستا من بە هیچ شێوەیەك جیاوازیم نەكردووە لە نێوان ئافرەت و پیاو، یان باڵاپۆش و ئەوەی جلوبەرگی ئاسایی دەپۆشن، جیاوازی لە نێوان كەس ناكەم لەسەر بنەمای رەگەز، یان ئایین، یان رەنگ، بەپێچەوانەوە لە زۆر پڕۆژەی كۆمەڵایەتی ئامادە بووم كە بۆ مەبەستی داكۆكی لە ئازادیی ئایینی بووە، هەروەها ڤیدیۆی رووداوەكە ئامادەیە و دەتوانن بیپشكنن بۆ دڵنیابوون لە گوتەكانم.
Top