هونەرمەندی وێنەكێش یەحیا ئیبراهیم: بە شانازییەوە لۆگۆی كوردستانم بە زێڕ نەخشاندووە
هونەری وێنەكوێنەكان بە یەكێك لە كۆنترین هونەرەكان لە جیهاندا هەژمار دەكرێت، كەرەستەی سەرەكیی ئەو هونەرە بەردە، كە شێوەی مرۆڤ و ئاژەڵ و بوونەوەرەكانی سەر رووی زەمینی پێ دەكێشرێ، لەو سۆنگەوەش هونەرمەندێكی وێنەكێش هەڵدەستا بە هەڵكۆڵینی بەرد و وێنەی چەند كەسایەتییەكی بەرچاویان پێ كێشاوە و تا ئەمڕۆشی لەگەڵدابێ، ئەو وێنەیە هەر ماوە، ئەوەی جێی سەرنجە لە هەرێمی كوردستان بایەخێكی ئەوتۆ بەو هونەرە نادرێت، تەنانەت ئەوانەی لەو بوارەشدا دەستڕەنگینن، بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، كە بریتین لە چەند كەسێك و لە ماوەی رابردووشدا داهێنانی جوانیان پێشكەش كردووە، بەڵام ئەوەی كە هونەرمەند (یەحیا ئیبراهیم هەولێری) پێشكەشی دەكات، تەواو جیاوازە لە كەسانی دیكە، ئەویش هەڵكۆڵینیە لەسەر زێڕ، رابردووش باشترین شایەتحاڵە، كە توانیویەتی چەندین پێشانگای تایبەت لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان بكاتەوە.
* یەحیا ئیبراهیم سەبارەت بە مێژووی ئەم هونەرە وتی:
مێژووی نەخشسازی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی پێش زایین و لە هەموو سەردەمێكدا پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە كە بە ئاوێنەی شارستانیەت دادەنرێت كە تێدا رەنگدانەوەی وڵاتان دەبینرێت،وەك نیشاندانی ژیان و گوزەرانیان و زانینی ئاستی زانین و زانستیان و ئاینیان و شارستانیەتیان كە تاكو ئێستا ئاسەواری ئەم نەخشسازییە پارێزگاری لێكراوە لە ئەشكەوتەكان و شوێنە دێرینەكان وەك قەڵای هەولێر كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە (4000 ساڵ) پێش زایین.
ئەم هونەرە لە سەردەمی ئیسلامدا گرنگییەكی زۆری بە خۆیەوە بینیوە كە سودیان وەرگرتووە لە شارستانیەتی (گریك و رۆمانی كۆن) و دواتر گۆڕانكارییەكی زۆریان بەسەردا هێناوە، ئێستا بۆتە مۆركی تایبەت بە موسڵمانان كە ئەم هونەرەیان زیاتر لە وڵاتی ئێران وەرگرتبوو بۆ رازاندنەوەی بەرگی قورئانی پیرۆز و پەڕاوەكانیان، بۆ یەكەمجار فاتمیەكان دەستیان كرد بە رازاندنەوەی مزگەوتی (ئەزهەر)، كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی سەدەی چوارەمی كۆچی (دەیەمی زایینی)، كە مزگەوتەكە بە نەخشی هەڵكۆڵین (نحت) رازاندراوەتەوە لەسەر دار و بەرد و بەردی مەڕمەڕ (رخام) و ماددەی رەنگاوڕەنگیان تێدا بەكارهێناوە .
* یەحیا ئیبراهیم تیشك دەخاتە سەر كەرەستەكانی ئەم هونەرە و دەڵێت:
ئەو كەرەستانەی بۆ نەخشسازی بەكاردێن زۆر جۆرن و بە گوێرەی جۆر و شێوەی نەقشەكە دەگۆڕدرێت بۆ نموونە تابلۆ لەسەر بەرد و شتی رەق پێویستی بە كەرەستەی هەڵكۆڵینی و شێوازی رەنگاوڕەنگیش پێویستی بە فلچە و بۆیە و پێنووسی تایبەت هەیە.
بەشێوەیەكی گشتی بە هاتنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام هونەری نەخشسازی زیاتر رەنگدانەوەی بە خۆیەوە بینی و خۆی خزاندە نێو هونەری كوردی و سودیان لەم پێشكەوتنە وەرگرتووە لە رازاندنەوەی باڵەخانەكان و نەقش و نیگاری نێو شتومەك و جلی كوردی و كەرەستەی خواردن و فەرش و مافوور.
سەبارەت بە كار و پیشانگاكانی خۆی كە گرنگترینیان ناوی (كوردستان)ە یەحیا دەڵێ:
لەبەرئەوەی كاری هەڵكۆڵین دەكەم، لە پیشەكەی خۆمدا هەوڵمداوە كاری نوێ و سەردەمییانە بێنمە ناو وڵاتەكەی خۆم، گەلەكەم بەكاری نەقش و نووسین لەسەر زێڕ و زیو ئاشنا بكەم، بەهۆی بەشداریكردنم لە چەندین پێشانگای خشڵ لە دەرەوەی وڵات. كەرەستەی تایبەتی نەقش لە پیشەكەی مندا وەك مشاری تایبەت بە بڕین و (تخریم) كردن و ئامێری هەڵكۆڵین، نەقش كردنیش لەسەر بەرد ئامێری تایبەتی خۆی هەیە.
دوو ساڵێك بەر لە ئێستا هەڵسام بە دروست كردنی ناوی (كوردستان) بە زێری عەیاری (21)، كە كارەكان كاری دەستی بوون لە راگەیاندنەكاندا باسی لێوە كراوە. لەبەرئەوەی زیاتر لە (26) ساڵە لە بواری خۆشنووسی دا كاردەكەم، چەندین پێشانگام كردووەتەوە، كە تابلۆكان خۆشنووسی و نەخشسازی بوون، و بەشداریم كردووە لە چەندین پێشانگای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی،لەوانە بۆ شەشەمین جار لە وڵاتی توركیا و دووەمجاریش لە ئیماراتی عەرەبی و سعودیە و مالیزیا و (واشنتن/ئەمریكا).
* ئەم هونەرمەندە تیشك دەخاتە سەر گرنگینەدان بە هونەری نەخشسازی لە كوردستان و لەو بارەیەوە دەڵێت:
هیوادارم وەزارەتی رۆشنبیری هاوكاری تەواوی هونەرمەندان بێت بە گشتی لەبەر ئەوەی هونەر سەرچاوەی شارستانیەتی ئەم وڵاتەیە و ئاوێنەی پێشكەوتنیەتی.
بایەخدان بە هونەری نەخشسازی بە بەراورد لەگەڵ جۆرەكانی تری هونەر كەمترە لەبەر ئەوەی قوتابخانە یان پەیمانگەیەكی تایبەت بەم هونەرە نییە، بەڵام هۆی سەرەكیش دەگەڕێتەوە بۆ كەمتر بەكارهێنانی ئەم هونەرە، بەڵام بەرەبەرە كرانەوەیەك هەیە بۆ ئاشنا بوونی خەڵك بەم هونەرە و بەكارهێنەرانی روویان لە زیادبوون كردووە.
دەربارەی ئەزمونی هونەرمەندانی پێش خۆی و خەڵاتەكانی دەڵێت:
سوودم لە ئەزموونی هونەرمەندانی ئێران و نەخشسازانی توركیا بینیوە كە زیاتر كار بۆ رازاندنەوەی تابلۆ خۆشنووسەكان دەكەن.
سوپاس بۆ خودا دەستكەوتەكانم زۆرن بە تایبەتی لە دروستكردنی مەدالیای زێڕ و زیو بۆ كەسایەتیەكان و هونەرمەندان و ئەدیبان و ئەكتەر و شاعیرانیش، بۆ چەندین جاریش خەڵات كراوم بە هۆی سەركەوتنم لە چەندین پیشبڕكێ و بەشداریكردنم لە زۆرێك لە پێشانگاكاندا.
* لە كۆتاییدا سەبارەت بە گرنگیدان بەم هونەرە بەتایبەتی كردنەوەی خولی تایبەت یەحیا ئیبراهیم دەڵێت: لەبەرئەوەی ئەو كەرەستە وجلوبەرگ و شتانەی كە كاری نەخشیان لەسەركراوە، زیاتریان هاوردە دەكرێن لە وڵاتان، بە ئەكادیمی نەكردنیشی دەگەڕێتەوە بۆ كەمتەرخەمیی لایەنی بەرپرسانی هونەری و خودی هونەرمەندانیش، بەڵام ئەگەر داواكاری زۆربێت بۆ كردنەوەی خولی نەخشسازی ئەوە بە دڵنیاییەوە بیرمان لێی كردۆتەوە و بە گرنگی دەزانین و وەكو چۆن لە رابردووشدا خولی خۆشنووسیمان كردووەتەوە و تێیدا بەشداربووان سوودمەند بوون.