ناوەندی (گاڤ) دوازدە ساڵ داهێنان و خزمەتكردنی هونەری كوردی
ئەم فیلمە لە سیناریۆ و دەرهێنانی (لوقمان غەریب) و تیایدا هەریەك لە هونەرمەندان (نیاز شەریف، شۆرش قادر، مەریوان ئیبراهیم، عەلی كەریم، ئەڤین عوسمان، بەهادین هەلەبجەیی، كەمال چالاك، سازگار فوئاد، شادیە جەزا، شایی عوسمان، عەبدول حەمەجوان، زاهیر عەلی، حەسەن دڵسۆز، تەها داراغایی، شەمال كەریم، مزەفەر هەولێری، عەبدولعەزیز مەجید، زرنگ مەریوان، ئارام غەمبار، ئەكرەم حەمەگوڵە، بژار تەها خەلیل، سەلاح حاجی عەلی ) و چەند ئەكتەرێكی تر رۆڵ دەگێڕن .
فیلمی كۆمیدی (بازاڕی كۆنەفرۆشان) بە كامێرای (ژینۆ عومەر) وێنەگیراوە و تۆماری دەنگ (نەبەز حەمەشكور)، مۆنتاژ و مێكساژ (دیار خەسرەو)، بەڕیوەبەری بەرهەم (كەمال چالاك) سەرجەم بینراوەكانی لە ناوشاری سلێمانی و دەوروبەری تۆماركراوە .
تایتڵی فیلمەكە هۆنراوەی شاعیری ناسراو (ئەحمەد محەمەد)، میلۆدی هونەرمەند (هەڵكەوت زاهیر) و وتنی هونەرمەند (لۆكە) و پۆستەر و دیزاین و فۆتۆ (نڤار لوقمان)
رووداوەكانی ئەم فیلمە درامییە نوێیە كە ماوەی دووساڵە كاری تیدا دەكرێت بە دوو هێڵی هاوتەریبی (كومیدی ـ تراژیدی) بەرجەستە دەبێت .
دەرهێنەر وەك شیوازێكی نوێ لە ناو كارە درامییەكانی خۆییدا، هەوڵیداوە لە بۆتەی فیلمەكەدا هەردوو ڕەگەزی (خوشی ـ ناخوشی) ئاوێتە بكات و بەهەردوو ئاراستەكەدا رووداوەكان بەرەو هەڵكشان و سەرنج ڕاكێشان ببات . زەمەنی رووداوەكانی فیلمەكە ئیستایە و ئاریشە و كێشمەكێش و ململانییە كۆمەڵایەتیەكانی ئەم رۆژگارەیە و ئاوێتەكراوە بە ڕابردوویەكی نەخوازراو كە ڕەگ و ڕیشەیەكی نالەباری لەناو گەوهەری بیرۆكەی سەرەكی فیلمەكەدا هەیە . دیارە لە فیلمی درامیدا چیرۆك و رووداو و دیالۆگ و كەسایەتی چوار پایەی سەرەكی و پێكهێنەری رەگەزە درامییەكان و پێكهاتەكانی ترن. بۆیە لیرە لەبازاڕی كۆنەفرۆشاندا كار لەسەر ئەو فۆرم و تێگەیشتنە كراوە و ڕەنگ و ڕواڵەتێكی تەواو درامی دراوە بە فیلمەكە و لە چركەساتی یەكەمەوە تا كۆتایی سەرنجی بینەر ڕادەكێشێت .
بازاڕی كۆنەفرۆشان فیلمێكی درێژە و ماوەكەی 75 خولەكە و لەو جۆرە فیلمانەیە كە بە بودجەیەكی كەم لەسەردەمی دژواری قەیرانی سەختی دارایی بەرهەمهێنراوە، بەڵام لە ئاستێكی باشی تەكنیكیدایە و هەموو رەگەز و پێكهاتەكانی فیلمسازیی زۆر بەباشی تیادا بەرجەستەكراوە ..
جیی ئاماژە پێدانە ناوەندی (گاڤ) لە ساڵی 2015 وە و لە ماوەی چوار ساڵی قەیرانی داراییدا، توانیوویەتی بە پشت بەستن بە توانا و ئەزموونی رابردووی خۆی لە بواری بەرهەمهێنانی فیلم و دراما و بەرهەمی هونەرییدا 3 فیلمی درێژی درامی بەرهەم بهێنێت . ساڵی رابردوو هەردوو فیلمەكەی ترییان بە ناوەكانی (دانیشتوانی عەلیاوا بە 3 سێ بەش) و (گوڵچین و خەیاڵەكانی رۆستەم بە چوار بەش) لە هەردوو جەژنی رەمەزان و قوربانی پیرۆزدا لە كوردستان تیڤی پەخش كرد . ئەمەش لە زۆربەی میدیاكاندا كوردستان و عیراق بە ئەرێنی دەنگی دایەوە و تەنانەت رۆژنامەی دیاری (الدستور) بە مانشێتی گەورە باسی كردووە كە لە ساڵی 2018 دا و لە نیوان حەوت فیلمی درێژی عیراقیدا 3یانیان لە هەرێمی كوردستان بەرهەمهێنراوە.
ناوەندی (گاڤ) لەماوەی دوانزە ساڵی تەمەنیدا خاوەنی چەندین بەرهەمە و لە زۆربەی كەناڵە تەلەفزیۆنیەكانی كوردستاندا كار و بەخششی پێشكەشكردووە، لەوانە:(هەرێم تیڤی، سەتەلایتی نەورۆز،كوردستان تیڤی، زاگرۆس تیڤی، كەناڵ چوار، كۆرەك تیڤی، كەناڵی سلێمانی، كەركوك تیڤی، گەلی كوردستان) و چەند كەناڵێكی تری لۆكاڵی . گاڤ تەنیا ناوەندە كە بەردەوام كار بۆ بۆژاندنەوەی فیلمسازی و درامای كوردی و خۆماڵی دەكات و لەم بوارەدا زنجیرە دراماكانی (نامەكانی ئەشەرەف، رێحانە، لە گوڵێك كاڵتر، دوا بڕیاری یاقوب) و چەندین بەرهەمی تری پیشكەش كردووە .
ئیستاش دوای تەواو بوونی فیلمی (بازاری كۆنەفرۆشان) و پەخشكردنی لە كوردستان تیڤی، دەست دەكات بە ئاماداكاری بۆ نوێترین پرۆژەی خۆی كەبەرهەمهێنانی زنجیرە درامایەكی درێژی تەلەفزیۆنیی 30 ئەڵقەیی كە بڕیارە بۆ مانگی رەمەزانی داهاتوو تەواو ئامادەی پەخش بكرێت ..