پیشانگای خانــمانی كوردستان
رۆژانی 19 و 20/12/2018 لە شاری كفری، یەكەمین فیستیڤاڵی شێوەكاریی خانمانی كوردستان بەڕێوە چوو. چالاكییەكی سەرەكیی فیستیڤاڵەكە، كردنەوەی پیشانگایەكی هاوبەش بوو، كە 71 خانمی شێوەكار (65 خانم لە باشووری كوردستان، 6 خانمیش لە باكوور و رۆژهەڵات و رۆژاوای كوردستانەوە) بەشدارییان لەو پیشانگایەدا كرد. فیستیڤاڵەكە بە ناوی خانمانی شێوەكاری كوردستانەوە بەڕێوە چوو، بەشداریی سێ پارچەی كوردستان (هەر یەكیان بە دوو خانمی شێوەكار) سیمبوڵی بوو. پاساوی ئەوەش نەبوونی توانای لۆژستییە بۆ هێنان و بەشداری پێ كردنی بەرهەمی سەرجەم خانمانی شێوەكاری هەر چوار پارچەی كوردستان.
ئەم فیستیڤاڵە هەنگاوێكی گرنگە بە ئاراستەی ناساندنی خانمانی شێوەكاری كوردستان و ئاشنا بوون بە گوتاری دیدەییانەی ئەوان لە چوارچێوەی گوتارە دیدەییەكەی تێكڕای شێوەكارانی كوردستاندا. گریمانە وایە ئەم جۆرە پیشانگایە تایبەتمەندییەكی هەبێت، كە لە هەست و دید و روانینی خانمانی كوردستانەوە سەرچاوەی گرت بێت. دەبێ بشڵێین سازدانی فیستیڤاڵێكی لەو جۆرە هەنگاوێكی گرنگ و ئەرێنییە بە ئاراستەی گەشە دان بە گوتاری جوانی شێوەكاران، لەوەش گرنگتر، ئەم فیستیڤاڵە بەردەوام بێت و بینی درێژ بێت، واتە لە خولی ساڵانەی خۆی یان دوو ساڵ جارێك، بەردەوام بێت. بۆ ئەم مەبەستەش رەنگە (گرووپی كیژانی شێوەكاریی كفری) هاوكار بێت. ئەم گرووپە ناوەندەكەی لە شاری كفرییە، تا ئێستا 92 ئەندامی لە شارەكانی باشووری كوردستاندا هەیە كە هەموو ئافرەتی شێوەكارن.
وەك هەر پیشانگایەكی هاوبەش، بینەر خۆی لە بەردەم شەبەنگێك لە بەرهەمی جۆربەجۆر لە رووی ستایل و تەكنیك و ئەزمووندا دەبینێتەوە. بەشێكی بەرهەمەكان لە ئاستی سەرەتای ئەزمووندا بوون، هەندێكیان پەنایان بۆ گواستنەوەی بەرهەمی هونەرمەندانی دیكە برد بوو. بەشێكی زۆریش لە بەشداران، ئەزموونی تا رادەیەك پێگەیشتوویان پێشكەش كرد.
خانمانی بەشدار بە ستایلی جیاجیا كاریان كرد بوو، بەشێكی زۆریان هەست و خولیا و خەمی مێیینەیان لە رێی بەرهەمەكانەوە، خست بووە روو. راستە بینەر بە گشتی نەیدەتوانی لە رێی بەرهەمەكانەوە بە كۆهەست و كۆنەستی ناسكانەی مێ ئاشنا بێت، بەڵام ئامادە بوونی مێ وەك فیگەر لە بەشێكی زۆری بەرهەمەكاندا، نیشانەی ئەوەیە هونەرمەندانی بەشدار لە خولیایەكی جێندەرییەوە كاریان كردووە.
دەبێ بشڵێین، خانمانی شێوەكار بەدەر لە هەستی ئافرەتانە، بۆ هەستی مرۆییانەی خۆشیان كاریان كرد بوو، بینیمان تابلۆی سروشتیان كێشا بوو، بە تابلۆ و سیرامیك و پەیكەریش، لە بابەتی مێژوویی و سیمبولناسی و ستاتیكای بەدەر لە جغزی مرۆڤیش، كاریان كرد بوو. پێم وایە، كاری دروست ئەوەیە، خانمانی شێوەكار وەك دەرفەتێك لەم فیستیڤاڵە بڕوانن. لەم بارەیەوە ئەم سەرنجانە دەخەمە روو:
یەك: دەكرێ خانمانی شێوەكار وەك ئەزموون لە یەكەمین خولی ئەم فیستیڤاڵەیان روانی بێت. لەمەشدا هەقیانە كە سڵیان لەوە كردووەتەوە بەرهەمی زۆر چاكی خۆیان رەوانە بكەن. لایەن و كەسانی بەڕێوەبەر و هەڵسووڕێنەری ئەم فیستیڤاڵەش زۆر چاكیان سەلماندیان، كە بە رێزەوە پێشوازی لە بەرهەمی خانمانی شێوەكار دەكەن و بە رێزیشەوە بەرهەمەكانیان رەوانە دەكەنەوە.
دوو: رەنگە هەندێك لە خانمانی شێوەكار مەزەندەی ئەوە نەكەن كە لە شارێكی بچووكی وەك كفری فیستیڤاڵێكی وا گرنگ ساز بكرێت. رۆژانی فیستیڤاڵەكە شایەد حاڵی ئەوەیە، كە ئەم شارە لە رووی ژێرخانی هونەری و لە رووی كەسانی كارگێڕ و هونەرپەروەرەوە، دەوڵەمەندە، بە چەشنێك زۆر سەركەوتووانە دەتوانێ فیستیڤاڵی لەم چەشنە لە ئامێز بگرێت. سەركەوتنی یەكەمین فیستیڤاڵیش لەم رووەوە، گەواهییەكی روونە.
سێ: زۆر گرنگە خانمانی شێوەكار تایبەتمەندییەك بەم فیستیڤاڵە بدەن. باشترین دەرفەتیش ئەوەیە كە ئەو بەرهەمانەی لە پیشانگای ئەم فیستیڤاڵەدا بەشدار دەبن، لە رووی ناوەرۆك و شێوە و ئەتمۆسفیرەوە، بەرهەمی تایبەت بە دنیای خانمان بن. ئەمەش دەرفەتێكی زێڕین دەبێت، كە كۆمەڵ بە گوتاری دیدەییانەی خانمان ئاشنا بێت.