مەی تووشی گرفتێكی سەیر دەبێتەوە

مەی تووشی گرفتێكی سەیر دەبێتەوە
كچە ئەكتەری كۆمیدی و بەناوبانگی میسری مەی كەساب رایگەیاندن كە یەكێك لەو تایبەتمەندی و سیفاتانەی خوای گەورە پێ بەخشیوە، بریتییە لە رازیبوون و قەناعەت، ئەمەش وای لێكردووە لەگەڵ خۆی و خەڵكی راستگۆ بێت و خەڵك زیاتر رێزی لێ بگرن و هۆكارێكیش بوو بۆ ئەوەی كە زیاتر خۆی لە خەڵك نزیكتر بكاتەوە و لەلای جەماوەر بە یەكێك لە ئەكتەرە خۆشەویستەكان و رۆح سووكەكان بناسرێت.
مەی سەبارەت بە خەشەویستیی جەماوەر دەڵێ: من جەماوەرەكەی خۆم زۆر خۆش دەوێ، هەر ئەوانیش وایان كرد من لەگەڵ خۆم راستگۆ بم، ئەو راستگۆییە وایكرد، من چۆن بم، وا خۆم نیشان بدەم، بۆیە بە هەموو شێوەیەك لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانكاری دووركەوتمەوە، ئەگەرچی هەندێك جار هەست دەكەم پێویستم پێی هەیە، ئەویش بۆ جوانكردن نییە، بەڵام بۆ چارەسەر كردنی هەندێك گرفتە، چونكە جوانیی رۆح لە پێشترە لە جوانیی روخسار. لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی حەز دەكات نەشتەرگەری بۆ كوێی بكات، مەی وتی: هەندێك جار هەست دەكەم روومەتم گرفتم بۆ دروست دەكات، بۆیە بیر لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكی بچووك دەكەمەوە، بەڵام تا ئێستا بڕیارم نەداوە.
دەربارەی كەسایەتیی خۆیشی دەڵێ: من هەمیشە بە مرۆڤێكی سادە و ساكار ناسراوم، بە درێژایی ژیانی خۆم هیچ خاڵێكی رەشم نەبینیوە كە ببێتە مایەی شەرمەزاری بۆ خۆم و خانەوادەكەم، تەنیا یەك رەخنەم لە خۆم هەیە، ئەویش ئەوەیە زۆر جار پەلە دەكەم لە بڕیاردان، واتە بە خێرایی بڕیار دەدەم، ئەمەش ناكرێ بە خاڵێكی رەش لە ژیانم دابنرێت.
Top