نەوال زوغبی: بۆ من هونەر سەرچاوەی ژیانە
سەبارەت بە گرنگیی هونەر لە ژیانیدا و ئایا سوودی هەبووە یان زیان، نەوال زوغبی لە دیمانەیەكدا دەڵێ: هونەر بۆ من سەرچاوەی ژیانە و ناتوام بڵێم هونەر ئازادی منی زەوت كردووە، بەڵام دان بەوەدا دەنێم ئەگەر هونەرمەند نەبوام، لە نێو خەڵك نەدەناسرام و ژیانم زۆر ئاسانتر دەبوو لە ئێستا و وەك هەر مرۆڤێكی دیكە ژیانی ئاسایی و سادەی خۆم بەسەر دەبرد، بۆ هەر شوێنێك حەزم بكردبا، دەچووم بە بێ هیچ كۆت و بەندێك، بەڵام خۆشەویستیی من بۆ هونەرەكەم هەموو ئەو شتانەم بیر دەباتەوە.
نەوال زوغبی ئاماژە بەوە دەكات كە زۆر جار داوای لێكراوە لە پاڵ گۆرانی روو لە نواندنیش بكات و لەم بارەیەوە دەڵێ: كاتێك لە قاهیرە بووم، چەندین جار لەلایەن زۆر لە كۆمپانیاكانەوە داوام لێكرا روو لە نواندن بكەم، بەتایبەتی لە بواری سینەما و بۆ ئەم مەبەستە چاوم بە چەندین دەرهێنەری گەورە كەوت، جگە لەمە چەند دەرهێنەرێكی بیانییش داوایان لێكردم كاریان لەگەڵدا بكەم لە چەند كارێكی سینەمایی گەورەدا، من سەرەتا زۆر بە جۆشەوە بابەتەكەم وەرگرت و گرنگییەكی زۆریشم بەو بابەتە دا، بەڵام بارودۆخی تایبەتی خۆم و بارودۆخی ناسەقامگیریی وڵاتانی عەرەبی وایكرد كە ئەم كارە ئەنجام نەدرێت، ئەوەی راستیش بێت بۆ من زۆر زەحمەت بوو بتوانم لە قاهیرە بمێنمەوە و كارەكەش وای دەخواست كە چەند مانگێك لەوێ بم.