كامیرۆن: ژیانی تەنیایی سەختە

كامیرۆن: ژیانی تەنیایی سەختە
جگە لە رۆڵە جددییەكانی بەتایبەتی لە فیلمەكانی ئەكشن وەك (فریشتەكانی چارلی)، ئەستێرەی سینەمایی ئەمریكی كامیرۆن دیاز لە فیلمە كۆمیدییەكانیش زۆر بە سەركەوتوویی رۆڵەكانی بەرجەستە دەكات و بووەتە خاوەن جەماوەرێكی زۆر بە هۆی ئەوەی ئەكشن و جووڵە كۆمیدیا و پێكەنین زۆر بە جوانی تێكەڵ دەكات، جگە لەو فیلمانەی كە هەموویان ئەكشن یان كۆمیدیان.
لە دیمانەیەكی رۆژنامەنووسیدا كامیرۆن باسی لە چەند لایەنێكی تایبەتی ژیانی خۆی دەكات و بە ئاشكرا دەڵێ: ژیان بەبێ منداڵ زۆر خۆشتر و ئاسانتر و ئارامترە، ئەوەشی راگەیاند كە پێك نەهێنانی ژیانی هاوسەری و سەقامگیر بوون و ژیانی تەنیایی كارێكی ئاسان نییە و رەنگە هەموو كەسێك نەتوانێت بە ئاسانی ئەمە ئەنجام بدات.
هەرچەندە ئێستا كامیرۆن لە پەیوەندییەكی خۆشەویستیدایە لەگەڵ گۆرانیبێژی رۆك بینجی مادن، كەچی مكوڕە لەسەر ئەوەی پێكنەهێنانی خێزان بڕیارێكی ئاسان نییە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك بیری لەوە نەكردۆتەوە منداڵی هەبێت و دەڵێ: كارم ئەوەندە زۆرە بە جۆرێكە رێگە نادەن كە ببم بە دایك، چونكە ئەوەی دەبێتە دایك بەرپرسیاریەتی دەكەوێتە ئەستۆ و پێویستە كاتی خۆی بۆ تەرخان بكات، منیش توانای هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیاریەتییەم نییە.
كامیرۆن ئەوەشی نەشاردەوە كە ئێستا ژیانی خۆش و سادەیە، چونكە هیچ شتێكی نییە كاتێكی تایبەتی خۆی بۆ تەرخان بكات و گرنگی پێ بدات و ببێتە ئاستەنگ لە بەردەم كارەكانی.
Top