بینەری شانۆ لە پێنجەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێردا
لە دوای راپەڕینەوە هونەرمەندان و شانۆكاران هەمیشە گلەیی ئەوە دەكەن كە شانۆ وەك جاران بینەری نەماوەو هۆڵەكان بەو جموجووڵە پڕ لە بینەرەی جاران بەدی ناكرێت! ساڵ دوای ساڵیش هەستمان بەو بۆشاییە كردووە، چەندین سیمینار و گفتوگۆ و كۆڕ و كۆبوونەوە سازكراون لە هەمبەر (قەیرانی بینەر) لەشانۆی كوردیدا، كەچی هیچ دەرەنجامێكی باشی نەبووە. لەگەڵ ئەوەی كە فیستیڤاڵی ساڵانە و تایبەت بە شانۆ كراوە، بەڵام هەمدیس هەستمان بە پەرۆشی بینەر نەكردووە بۆ هۆڵەكانی شانۆ، راستە هەندێ نمایش پێشكەش كراوە، بینەرێكی فراوانی هەبووە و چەندین رۆژ بەردەوامی لە نمایش بینەر هەمیشە چێژی لە بینینی بەشێك لە نمایشی شانۆكاران و دەرهێنەرەكان وەرگرتووە، بێگومان ئەم دیاردەیە جێگای خۆشحاڵی و دڵخۆشیی شانۆكارانە، كە بینەر پەرۆشی ئەم جۆرە نمایشانەیە، هەروەها دەبێت رێكخەرانی فیستیڤاڵ و بەرپرسانی شانۆ لە شاری هەولێر و خودی دەرهێنەر و ئەكتەرەكان وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە: ئایا بۆچی بەشێك لەنمایشەكان بینەر بە حەزەوە دێتە نێو هۆڵی شانۆ و كاتی خۆی بۆ تەرخان دەكات، لەبەرامبەر ئەویشدا جۆرە نمایشێك بینەری ئێجگار كەمە؟ ئەم پرسیارە بۆ لایەنی دیاریكراو بەجێ دێڵم !
بەڵام ئەوەی گرنگەو مەبەستە ئاماژەی پێ بكەین بینەر لە (پێنجەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ) یە، كە لە رۆژانی ١٠ تاوەكو ١٤ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٨ لە هەولێری پایتەخت سازكرا،
ئەوەی ئێمە هەستمان پێ كرد و بینیمان لە یەكەم رۆژی فیستیڤاڵ و نمایش تا دوایین رۆژ و دوایین نمایش، بینەرێكی زۆر بوونی هەبوو لە هۆڵەكان، جگە لە میوانانی فیستیڤاڵ و شانۆكاران و قوتابیانی هونەرە جوانەكان، ئەوا بینەری گشتی و بینەری هەمەچەشن و بینەری سادە، لە هۆڵەكان بەدی دەكران، بەر لەوەی نمایش دەستپێبكات بە كاتێكی زووتر بینەرەكان لە هۆڵ ئامادە دەبوون و كاتێ كورسییەكان پڕ دەبوون، بینەر لە سەر زەوی دادەنیشت و چەندین بینەرمان بینی لە بێ جێگایی گەڕانەوەو نەیانتوانی بێنە نێو هۆڵ ناچار، لە نمایش بێبەش بوون!
ئەم حاڵەتە پێمان دەڵێ بینەر حەزی لە شانۆیە، بینەری ئەم شارە پەرۆشی فیستیڤاڵ و بەرهەمی خۆماڵی و بەرهەمی وڵاتانە، بۆیە پێویستە بەرپرسانی شانۆ و خەمخۆرانی شانۆ بە دوای دۆزینەوەی ئەو كلیلەدا بگەڕێن، كە بریتییە لە دەرگای بینەری شانۆ، چونكە ئەوەی هەستمان پێ كرد لە دوو كاتی جیاواز، لە دوو هۆڵی جیاواز، بینەرەكان بەپەرۆش بوون بۆ چوونە نێو هۆڵ، كەواتە گرنگە هەمووان ئەم بزاڤە پڕ لە جوانی و جموجووڵە رەنگاوڕەنگەی هەولێر، بە گەڕ بخەینەوە و بینەر و شانۆ بە تەواوی بەیەك ئاشت بكەینەوە، لەگەڵ هەبوونی تێبینی لە رێوڕەسمی دەستپێك و كۆتایی فیستیڤاڵ و بینینی هەندێ بەرهەمی لاواز و بچووكیی هۆڵەكانی شار، كە بەداخەوە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی شانۆ و هۆڵی پەیمانگەی هونەرە جوانەكان زۆر بچووك بوون بۆ نمایش لە كاتێكدا پێویست بوو، بەرهەمەكان لە هۆڵی رۆشنبیری و پێشەوا نمایش كرابان، بەڵام لەگەڵ هەموو تێبینی و خوێندنەوە هەمەلایەنەكان، دەستخۆشی بۆ رێكخەرانی پێنجەمین ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ، ئەو پێنج رۆژە شانۆكاران و نووسەر و رۆشنبیر و بینەران، ئاوێنەی جوانییەكانی دونیای شانۆ بوون، بەیانیان بەدیبەیتی گرنگی شانۆیی و ئێواران بە دوو نمایش ئێمەیان بردەوە نێو زەمەنی پڕ بینەری شانۆ و بە دیداری كۆمەڵە هونەرمەندێكی بەناوبانگی وڵاتان و بە كۆمەڵە شانۆكارێكی كوردستان شاد بووین، كە هەمووان لە باوەشی هەولێردا خۆیان دۆزییەوە..
بۆیە پێویستە بەرپرسانی ئەم بوارە هەوڵبدەن هۆڵێكی گونجاو تەرخان بكەن بۆ نمایشی شانۆكاران، چونكە ئەم دوو هۆڵەی فیستیڤاڵی نمایشەكانی تیا بەڕێوەچوو، هیچ بنەمایەكی شانۆیی نەبوو، هەم لە رووی بچووكییەوە، هەم لە رووی تەكنیكییەوە، بۆیە زۆربەی بینەرەكان بێبەش بوون لە بینینی بەرهەمەكان، بەهیوای هەوڵێكی خێرا بۆ دروستكردنی هۆڵێكی شانۆ بۆ بینەرە پەرۆشەكانی .