عەلییە فەنی ئەستێرەی درەوشاوەی هونەری كوردی
دەربارەی سینەما دەیگوت: «بۆ مێژوو ئەگەر مێژوو راستگۆبێ، من یەكەم فیلمی كوردیم دەركردووە بەناوی (نێرگز بووكی كوردستان) بەپارەی خۆم، نەك بەپارەی حكومەت، لەساڵی 1991 لەگەڵ برادەرێكمدا كاك حەمەسەعید حەمەكەریم، كە بەهەردووكمان توانیمان ئەو فیلمە دەربكەین».
ڕۆژی 5/10/1991 كە رۆژی نمایشی فیلمەكە بوو، هەر ئەو ڕۆژەش كرا بەڕۆژی سینەمای كوردی، حاجی مەكی 120 بەرهەمی هەیە و یەكەم كاری هونەری شانۆییەك بووە بەناوی (پێكەنین بەبێ یاسا).
دیارترین ئەو بەرهەمانەی كە مەكی پێدەناسرێتەوە بریتین لەشانۆگەرییەكانی باوەژن خوا بناسە، بەقەد بەڕەی خۆت پێڕاكێشە، هەروەها نێرگز بوكی كوردستانە كە بە یەكەم فیلمی سینەمایی باشوری كوردستان دادەنرێت.
حاجی مەكی لە چەندین كاری كۆمیدیشدا كردووە، لە دراماكاندا زیاتر كاری لەسەر كێشەو گیروگرفتە كۆمەڵایەتیەكان دەكردو بە شێوەیەكی تەنزئامێزو كۆمیدی دەیخستنە ڕوو.
حاجی مەكی عەبدوڵڵا، شەوی 18-19/12/2015 لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی، لە تەمەنی 78 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشيەوە كۆچی دوایی كرد و تەرمەكەی لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا.
ئەحمەد سالار:
كاتێك باسی فیلمی كوردی و تیپ دەكەن وەكو شانۆ، دەبێ باسی حاجی مەكی بكەن
حاجی مەكی بە هاوبەشی لەگەڵ چەند كەسێك كە هەندێكیان كرێكار و پیشەمەند بوون، تیپی سەندیكای كرێكارانی هەبووە، ئەمەش لە كارگەی جگەرەی سلێمانییەوە دەستی پێكرد و سەرەتایەك بوو، لە هەمان كاتدا تایبەتمەندییەك بوو لە مێژووی شانۆی كوردیدا، لەوەتەی من بیناسم لە پەنجاكانەوە بە خەونی فیلمی كوردییەوە دەژیا، لە ساڵی 1963 كەوتە خولیای فیلمێك كە چیرۆكی كامەران موكری بوو، هەوڵی دەدا ئەم فیلمە بەرهەم بهێنێت، لەبەر ئاڵۆزی بارودۆخی كوردستان لەم هەوڵەیدا سەرنەكەوت، بەڵام ئەم خەونەی هەر بەردەوام بوو تا (نێرگز بووكی كوردستان)، لە كاتی وێنەگرتنی (نێرگز بووكی كوردستان) لەگەل یەكەم ئەكشنی دەرهێنەر سەیرم كرد ئەم پیاوە كوڵ كوڵ دەگریا و هەنسكاوە وەك منداڵ كرۆژ دەكا، چونكە هەموو ئاواتی فیلم بوو و وابزانم لە دنیای هونەردا كەس ئەم شتەی نەبینیوە، من تەنیا ئەوەم لە حاجی مەكی بینیوە، بۆیە كاتێك باسی فیلمی كوردی بكەن، دەبێ باسی بكەن، كاتێك باسی تیپ دەكەن وەكو شانۆ دەبێ باسی حاجی مەكی بكەن.
زاهیر عەبدوڵڵا:
كۆڵەگەیەكی پتەوی كۆمیدیای كورد هەرەسی هێنا
حاجی مەكی هونەرمەندێكی كۆمیدی خوڕسك بوو كە هەر لە سەرەتای دەستكردنی بە كاری هونەری هەوڵی داوە كێشە وگیروگرفتە كۆمەڵایەتییەكان بەشێوەی تەنز و كۆمیدیا بگەیەنێت. پێموایە لەم بوارەشدا تا ئاستێكی باش سەركەوتوو بووە و خۆشەویستی و رێزێكی بێ پایانی لەناو جەماوەر و خەڵكی هونەردۆستی كوردستان بەدەستهێناوە . بۆ من جێگای شانازییە كە لەیەك دوو بەرهەمی شانۆیی و درامای تەلەفزیۆنی لەگەڵ حاجی مەكی بەشداریم كردووە، هەروەها چەند جارێكیش هاوسەفەری بووم و جێگای دڵخۆشیم بووە. بەداخەوە بە ماڵئاوایی ئەم هونەرمەندە گەورەیە كۆڵەگەیەكی پتەوی كۆمیدیای كورد هەرەسی هێنا. سڵاو لە رۆحی پاكی و رۆحی شاد و هەمیشە یادی بەخێر.
یاسین بەرزنجی:
جودایی و تایبەتمەنیی خۆی هەبوو
خوالێخۆشبوو حاجی مەكی، وەك زۆر هونەرمەندی تر، ئەكتەرێكی خۆڕسك بوو، واتە بە بێ خوێندنی هونەر، بەهرە و ئارەزووەكانی پەلكێشیان كردبوو بۆ سەر تەختەی شانۆ و بۆ بەر چاوی كامێرا، لەو پێناوەشدا ماندوویێتی زۆری چەشتووە و تەمەنێكی درێژی بەخشیوەتە هونەرەكەی و خۆشەویستیی جەماوەر. رەحمەتی یەك لە ئەكتەرە هەرە دیارەكانی سەرەتای حەفتایەكانی سەدەی رابردوو بوو، واتە ئەو سەردەمەی تەلەفزیۆنی رەش و سپی میوانی ساتەكانی شەوگارمان بوو، لەو دەمەوە حاجی میوانی هەمیشەیمان بوو، بێ ماندوو بوون هەر دەینووسی و گروپی رێكدەخست و بەرهەمی دەكردە دیاریی ئەو خەڵكە زۆرەی چێژیان لەو كارە میللییانە دەبرد. كاروانەكەی حاجی روو لە دوور بوو، هەندێ لە هاوكارانی لە كارواندا مانەوە و هەندێكی دیكەش لێگەڕان، بەڵام ئەو هونەرمەندە چونكە دەیزانی كارەكانی لە كوردستانی گەورەدا سەدان ئاشنا و رۆشنای بۆ درووست بووە، هەر بەردەوام بوو. وەك ئەكتەر بە هەڵكەوتەی جەستەو دەنگی جۆرە جودایی و تایبەتمەنیی خۆی هەبوو، زیاتریش لە كێشە كۆمەڵایەتییەكانیشدا كارەكتەری كۆمیدی بۆ خۆی هەڵدەبژارد. خوالێخۆشبوو كاری زۆری كرد و بەری رەنجەكەشی ئەو خۆشەویستییە گەورەیەیە كە گەلەكەی پێی بەخشی. خۆزیا هونەر نانی هونەرمەندانی ئێمەی دابین بكردایە، ئەوسا دەبینرا چۆن كەسانی سەرگەرمی وەك حاجی و سەدانی دیكە چەند ناوازەتر بەرهەمی خۆیان دەنەخشان. سڵاو بۆ گیانی و یادەوەرییەكانی حاجی گیان لای من هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە.
هیوا سوعاد:
پێوەندی لەگەڵ هونەرمەندانی شارەكانی دیكەی كوردستان پتەو بوو
من لە ساڵی 1987ـەوە حاجی مەكی دەناسم، پیاوێكی رووخۆش و خۆش فكر بوو. لە بواری هونەردا زۆر كارا بوو، پیاوێك بوو سەردەمانێك بە هۆی زنجیرە دراماكانی زۆر لە نزیكەوە گوزارشتی لە كێشە و نەهامەتییەكانی گەلەكەی كرد. كەسێك بوو بوێرانە كاری بەرهەمهێنانی دەگرتە ئەستۆ، عەلیەفەندی دیاردەیەكی جوان بوو، زۆربەی هاووڵاتیان لاسایی كەسایەتی ودیالۆگەكانیان دەكردەوە، كەسایەتییەكی رۆح سووك و خۆشەویست بوو، هەمیشە پێوەندی بە هونەرمەندانی شارەكانی دیكەی كوردستانەوە پتەو بوو، حەزی بە كاری هاوبەش دەكرد، هەولێریشی زۆر خۆشدەویست و ماوەیەكی زۆریش ماڵی لە هەولێر بووە، هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی، سەبووریش بۆ هونەرمەندان بە گشتی و خانەوادەكەی بەتایبەتی.