قیژەی زانیار عەدنان عوسمان دەگاتە نێجیریا!

قیژەی زانیار عەدنان عوسمان دەگاتە نێجیریا!
فیلمی (سکریمس) واتە (قیژە) لە سیناریۆ و دەرھێنانی (زانیار عەدنان عوسمان)ـە، وا بڕیارە لە فیستیڤاڵی (ئین شۆرت فیلم)ـی وڵاتی نێجیریا لە بەشی سەرەکی ئەو فیستیڤاڵە ڕکابەری دەکات بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی فیستیڤاڵەکە، کە لە ڕۆژانی 27-29ـی دیسێمبەر بەڕێوە دەچێت.
ناوەڕۆکی ئەو بەرھەمە سینەماییە باس لە چیرۆکی دوو سەربازی دژ بە یەکتر دەکات، کە ڕق و کینەی دڵیان دەگەیەننە خاڵی کۆتایی، لەو نێوەندەشدا باڵندە گۆشتخۆرەکان لە چاوەڕوانی مەرگی ئەو دوو سەربازەن تا بتوانن ژەمێکی بەلەزەت لە گۆشتی ئەوان بخۆن و سوود لەو ڕق و کینەیەی نێوان ئەو دوو سەربازە وەرگرن.
(زانیار عەدنان) ڕایدەگەیەنێت: کە جێگەی خۆشحاڵیە وەک دەرھێنەرێکی لاو فیلمەکەی بەشدار دەبێت لە فیستیڤاڵێکی لەم شێوەیەدا، کە ئەمەش بە سەرکەوتنی ھونەری سینەما لە کوردستان دەزانێت، کە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی لە وڵاتانی ئەفریقیشدا ناوی کوردستان و کەلتوور و داب و نەریتی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی سینەماوە بە ئەفریقیەکاندا ئاشنا دەبێت.
Top