نەسلیهان: خۆشەویستی قوربانیدانی پێویستە

نەسلیهان: خۆشەویستی قوربانیدانی پێویستە
ماوەیەك بەر لە ئێستا میدیاكانی توركیا هەواڵی ناكۆكی نێوان خانمە ئەكتەری توركی نەسلیهان ئەتاگۆل و قادیر دۆغلوی هاوسەری بڵاوكردەوە، هەروەها چەندین بابەتی دیكەش سەبارەت بە هۆكاری ناكۆكییەكانی نێوان هەواڵی گەرمی میدیاكان بوو.
نەسلیهان هیچ شتێكی دەربارەی ئەو ناكۆكییانە بڵاونەكردەوە، بەڵام بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ باسی لە خۆشەویستی و قوربانیدانی نێوان خۆشەویستان كرد و لەم بارەوە دەڵێ: خۆشەویستی هەستێكی پیرۆزە لە نێوان دوو كەسدا درووست دەبێت لە هەمان كاتدا قوربانیدانی زۆری پێویستە بۆ ئەوە رایبگری و رێگا نەدەی بە تێكچوونی ئەو خۆشەویستییەی لە نێوان دوو كەسەكەدایە، ئەمەش كارێكی ئاسان نییە بەتایبەتی لە ئێستادا.
سەبارە بە ناكۆكییەكانی لەگەڵ هاوسەرەكەی نەسلیهان وتی: راستە رەنگە ناكۆكی و گرفتمان هەبێت ئەمەش كارێكی ئاساییە لە نێوان دوو هاوسەردا، بەڵام بە هیچ شێوەیەك ناكۆكی و گرفتەكانمان بەو شێوەیە نییە كە میدیاكان باسی دەكەن و ئەو چیرۆكانە میدیاكان بڵاوی دكەنەوە، دوورن لە راستییەوە و میدیاكان بەبێ بەڵگە كارەكەیان زۆر لە رادەی سرووشتیی خۆی گەورەتر كردووە.
نەسلیهان لەو بارەوە زیاتر وتی: نایشارمەوە من و قادر گرفت و ناكۆكی لە نێوانماندا هەبووە، چونكە ئێمەش مرۆڤین و دوچاری هەڵە دەبین، بەڵام لە ئێستادا هیچ گرفتێكمان نییە، چونكە گرفتەكانمان زەق و گەورە نین تا بەو شێوەیە بەرز بكرێتەوە، ئێمە لە ئێستادا زۆر بە باشی بەیەكەوە دەژین و پەیوەندییەكەشمان زۆر ئاسایی و بێ كەموكوڕییە.
Top