منیش بە پاسكیل دەچم بۆ دەوام

منیش بە پاسكیل دەچم  بۆ دەوام
فەرهەنگ غەفوور
لەم رۆژانەدا و لە یەكەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی كوردستاندا، كاك جەلال پەرێشان، كە ئەندامی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستانە و وەك ئەوەی پێشتر رایگەیاندبوو، بە سواری پاسكیل دەچێتە پەرلەمان، ئەمن دەستخۆشی لێ دەكەم، ئەمە سەرەڕای سادەیی و خاكەڕایی پەرێشان، بۆ هاووڵاتیان و بۆ دەزگا پەیوەندیدارەكانیش جێی هەڵوەستە لەسەركردنە، چونكە ئەم هەنگاوە چ كاك پەرێشان بیهاوێ و چ هەر كەسایەتییەكی دیكەی ناسراو، یان نەناسراو، هەنگاوێكی ئەرێنی و باشە. باشیی لێخوڕینی پاسكیل چەندین سوود و لایەنی ئەرێنی هەن، كە دەكرێ ئێمە بۆ خۆمان لە كوردستان هەندێكی دەستنیشان بكەین، لەوانە:
بەر لە هەر شتێك پاسكیل ئامرازێكی گواستنەوە و گەیاندنە، وەك هەر ئامراز و كەرەستەیەكی دیكە، هیچ نەنگی و كێماسییەك لە هاژۆتن و بەكارهێنانیدا نییە و بەپێچەوانەوە، لەگەڵ ئامرازەكانی دیكەدا لە یەك خانە دادەنرێ، هەریەكە بەپێی قەبارە و ئاستی بەكارهێنانی.
پاسكیلسواری یەكێكە لە وەرزشە هەرە باو و بەسوودەكان بۆ مرۆڤ، كە بە هۆی هاژۆتنی بەردەوامی پاسكیلەوە، مرۆڤ جەستەیەكی ئەوپەڕی تەندروستی دەبێ.
نرخی كڕین و تێچووی رۆژانەی بە بەراورد لەگەڵ بۆ نموونە ئۆتۆمبێل، ئێجگار كەمە و پارەیەكی زۆر بۆ خاوەنەكەی دەگەڕێتەوە، بە تایبەتی كە ئەگەر هاتوچۆ لەناو شار و لە شوێنی كارەوە بۆ ماڵ و بازاڕ بێ و نەچێتە رێی دوور.
ئامرازەكانی دیكەی گواستنەوەی وەك ئۆتۆمبێل بە هەموو جۆرەكانیەوە، پاپۆڕ، فڕۆكە ..تد، كە بەهۆی سووتەمەنییەوە كار دەكەن، ژیگە پیس و ژەهراوی دەكەن و ساڵانە بەهۆی ئەو دووكەڵی ژەهرە بە دەیان هەزار كەس لە جیهاندا نەخۆش دەكەون و دەمرن، هەرچی پاسكیلە هیچ زیان و كاریگەرییەكی خراپی بەسەر ژینگە و ئاو و هەواوە نیە.
رواڵەتی چینایەتیی ناو كۆمەڵگە بە پاسكیلەوە دیار نیە وەك ئۆتۆمبێل و جۆر و مۆدێلە بەرز و نزمەكانی، كە رەنگدانەوەی باری گوزەران و ئاستی چینایەتی خەڵكەكەی زۆر بە زەقی پێوە دیارە.
كەمترین پارە و سەرمایەی وڵات بۆ پاسكیل دەچێتە دەرەوە و دەكرێتە دەستی كۆمپانیا بیانیەكان، هەرچی ئۆتۆمبێلە ئەوا پارەو سەرمایەیەكی زۆری وڵات دەچێتە دەرەوە.
ئەمانەو زۆر هۆكار و جیاوازیی دیكە لەنێوان بەكارهێنانی پاسكیل و ئۆتۆمبێلدا هەن، بەڵام نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێ كە:
ئایا ئاستی وشیاری و رۆشنبیری تاكی كورد گەیشتۆتە ئەوەی كە وای لێ بكا لەجیاتی ئۆتۆمبێل بە پاسكیل بچێتە بازاڕ و سەردان و دەوام و پیاسە؟
ئایا ئاستی وشیاری و تێڕوانینی خەڵكی عەوام و پیادە لەو ئاستەدایە كاتێك كەسێك یان چەند كەسێك بە سواری پاسكیلەوە دەبینێ كە دەچێتە دەوام، یان بەشداریی لە كۆنفرانس، یان بەشداریی لە مێزگەردێكی تەلەڤزیۆنی و پێی ئاسایی و دروست بێ؟
ئایا شەقام و رێگا و بانی تایبەتمان بۆ هاژۆتنی پاسكیل هەیە و خەتی تایبەت بە خۆی و جیاواز لە خەت و سایدی ئۆتۆمبێلی هەیە؟
ئایا یاسایەكی تایبەت و مەدەنی بۆ لێخوڕینی پاسكیل و سەرپێچییەكانی هەیە و بەهەڵە بەكارهێنانی ئەیخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی یاسایی؟
ئایا شارەوانییەكان و لایەنی پەیوەندیدار بە هاتوچۆ، هەموو ئاسانكاری و رێخۆشكردنێكیان بۆ لێخوڕین و بەكارهێنانی پاسكیل وەك ئۆتۆمبێل و پێداویستیەكانی دیكە كردووە؟
ئایا روحیەت و نەفسیەتی هەر تاكێكی ئێمەی كورد، بە تایبەت ئەوانەی بۆرە بەرپرسیاریەتێكیان لە دامودەزگاكاندا هەیە، پێی ئاساییە پاسكیل بهاژوا و باكی بە توانجی خەڵكێكی نەزان و ناحاڵی نەبێ؟
ئایا كۆمەڵگەی ئێمە دیاردەی هاژۆتنی پاسكیلی وەك دیاردەیەكی ئاسایی و دروست قبوڵە و رەتی ناكاتەوە؟ ئەگەر ئەمانە هەموویان كرابن و گونجاو بن و ئاسایی بن، ئەی بۆ پاسكیل نەهاژۆین و سڵ لە چی دەكەینەوە؟
بە راستی ئەگەر ئێمە كۆمەڵگەیەكی مەدەنین و بە دونیابینی و تێڕوانینێكی جوانەوە دەڕوانینە ژیان و دەوروبەرمان، بۆچی دەبێ شەرم لە هاژۆتنی پاسكیل و بەكارهێنانی بكەینەوە، لە كاتێكدا سەراپای هەر سوود و كەڵكی بۆ ئێمە هەیە نەك زیان؟ یان دەبێ لەوەشدا چاوەڕێی كاریزمایەك بین ئەو دیواری شەرم و بەهەندنەزانینەی بەكارهێنانی پاسكیل بشكێنێ، ئەوسا ئێمەش، كۆمەڵگە بە تێكڕایی شوێنپێی هەڵبگرین و تێكڕا پاسكیل بەكار بێنین! دەی خوا بكا ئەو كاریزمایەمان كاك جەلال پەرێشان بێ و منیش و ئێوەش لەگەڵ ئەودا بە پاسكیل بچین بۆ دەوام و شوێنی كار و بازاڕ.
Top