نارین ئالان: فیلمی كوردی زۆر بە كەمی بڵاودەبێتەوە، ئەمەش وایكردووە ئەكتەرێكی ناودار و ئەستێرە دەرنەكەوێت
لە بارەی بەشداریكردنی لە فیلمێكدا كە ئێستا خەریكی وێنەگرتنیەتی وتی: هەر لە منداڵییەوە خەونم بەوە بینیوە ببم بە ئەكتەر، هەروەها چەندین جار لە دوبەی هەوڵمدا فیلم دروست بكەم، بەڵام بەهۆی چەند هۆكارێكەوە نەمتوانی ئەوە بكەم، بەڵام دوای ئەوەی وەكو پێشكەشكار بەشداریم لە هەفتەی نمایشی جلوبەرگی كوردستان كرد، داوایان لێكردم، كە بەشداری لە فیلمێكی كوردی بكەم، كە لەدەرهێنانی سینەماكاری كورد، شوان عەتووفە، بەخۆشحاڵییەوە ئەو داوایەم قبووڵ كرد، بە راستی جێگای شانازییە من لەگەڵ هونەرمەندانی ناوداری كورد، شوان عەتووف و هەڵوێست و نزار سەلامی لە فیلمێكی كوردیدا رۆڵ ببنم، ئەوان لە بواری هونەرە زۆر ناسراون و كاری زۆر باشیان ئەنجامداوە، كە كورد شانازییان پێوەدەكات، لەگەڵ ئەوەشدا هەست بە شانازی دەكەم، خزمەت بە هونەری كوردی بكەم.
سەبارەت بە رۆڵی لەو فیلمەدا نارین وتی:
لە فیلمەكە رۆڵی سەرەكیم هەیە، كارەكتەری كچێكی دەوڵەمەند دەكەم، كە حەز لە كوڕێك دەكات، بەڵام باوكم رازی نابێت و بە زۆری دەمدات بە شوو، دواتر لەلایەن هاوژینەكەم و باوكم زۆر ئازار دەدرێم غەدرم لێ دەكەن، ئەمە چیرۆكی ئەم فیلمەیە، كە ئێستا لە شاری سلێمانی و دەوروبەری لە ناو وێنەگرتنیداین.
لە وەڵامی پرسیاری ئایا كاركردن لە فیلمی كۆمیدی، یان تراژیدی یان رۆمانسی خۆشترە، نارین وتی: هەندێ جار حەز لە فیلمی كۆمیدی دەكەم، جاریش هەیە، حەز لە فیلمی رۆمانسی و عاشقانە دەكەم، بەڵام هیچ جۆرە فیلمێك رەتناكەمەوەو حەز دەكەم لە هەموو بەشەكان كار بكەم، لەگەڵ ئەوەشدا سەیری هەموو جۆرە فیلمێك دەكەم بۆ ئەوەی لێوەی فێربم، چونكە سەیركردنی فیلم بۆ كات بەسەربردن نییە، بەڵكو دەبێت پەندو ئامۆژگاری لێوە فێربیت.
سەبارەت بە سینەمای كوردی و بەشداری خانمە هونەرمەندەكان نارین دەڵێ: زۆر زانیاریم لەسەر خانمە ئەكتەرە كوردەكان نییە، بۆیە باش نایانناسم، چونكە بەراستی فیلمی كوردی زۆر بەكەمی بڵاودەبێتەوەو ئەمەش وایكردووە ئەكتەرێكی ناودار و ئەستێرە دەرنەكەوێت، بەڵام لە ئەكتەرە ناودارەكانی جیهان زۆر سەرسامی كارەكتەری خانمە هونەرمەند سۆفیا فێرگاریم، زۆر كارەكتەریكی جوانی لە نێو فیلمدا هەیە، حەز دەكەم لەو فێربم، هەروەها خانمە ئەكتەری ناوداری جیهانی ئەنجلینا جولیم زۆر خۆشدەوێت و هەموو فیلمەكانی ئەوم بینیوەو شەیدای رۆڵەكانی ئەو خانمەم.
نارین لە بارەی ئەوەی كە ئایا تا چەند بوێریی تێدایە كە سنوورەكان بشكێنیت و بوێریی كچی ورد لە سینەمادا نیشان بدات دەڵێ: باوەڕ ناكەم ئەو سنوورانە بشكێنم، چونكە بۆ خەڵكی ئێمە ئەو كارانە بەچاوێكی دیكە سەیر دەكرێت، رەنگە فیلمەكەی ئێمە دەستگرتن و باوەشێكی تێدا بێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە، كە ئەو هەستە بدەیتە بینەر، كە راستی و دروستی رۆڵەكە وەكو خۆی ببینێت، بینەریش دەبێت تێبگات و لەگەڵ ئێمەدابێت، بەڵام هێشتا كۆمەڵگای ئێمە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە ماچ و باوش لە نێو فیلمی كوردی بوونی هەبێت، بۆ ئایندەش نازانم چۆن دەبێت، بەهەرشێوەیەك بێت جارێ بۆ ئەم كارانە لە كۆمەڵگەی ئێمە زووە.
نارین پێی وایە كە ئەو فیلمە نوێیەی بە نیازە بەشداریی تێدا بكات لە زۆر رووەوە جیاواز دەبێت و دەڵێ:بەرای من ئەم فیلمە سەركەوتنێكی باش بەدەست دەهێنێت، چونكە جیاوازی ئەو فیلمە لەگەڵ فیلمەكانی دیكەی كوردی ئەوەیە، كە فیلمێكی میوزیكالییەوو گۆرانی تێیدا، كە لە فیلمەكانی دیكەی كوردی من ئەوەم نەدیوە، رەنگە كاك شوان لەمبارییەوە باشتر بزانێت، بەڵام ئەم فیلمە كۆمیدیی و رۆمانسی و گریانیشی تێیدا، كە وادەكات بینەر زیاتر بۆ خۆی رابكێشێت.
سەبارەت بە رۆڵی خۆیشی دەڵێ: بە راستی كەسایەتی ئەم كچە زۆر لە كەسایەتی و كارەكتەری خۆم نزیكە، دەتوانم بڵێم رێك خۆمم، بۆیە لە رۆڵبینینە هیچ ماندوو نەبووم و هەمووی وەكو ژیانی نۆرماڵی خۆم كردوومە، لەم فیلمەدا ئەم كچە زۆر عەجوولە، منیش ئەو عەجوولییەم تێدا هەیە، بەڵام چیرۆكی فیلمەكەو رۆڵی كچەكە لە ناو فیلمەكە لە من ناچێت، تەنیا كارەكتەرەكەی لە من دەچێت.
لە كۆتاییشدا هەر سەبارەت بە فیلمەكە دەڵێ: كاركردن لەگەڵ كاك هەڵوێست زۆر خۆشە، چونكە ئەو كەسێكی زۆر پڕۆفیشنالەو زۆر هاوكارو یارمەتیدەری من بووە، گوڕتینم پێ دەبەخشێت، باوەڕ بكە رۆژ هەیە زیاتر لە 18 كاژێر كاردەكەین، ئەو دێتە لای من و دەڵێت ئارامت هەبێت كارەكان زۆر لەبەرچاوم ئاسان دەكات، كەسێكی زۆر هێمن و لەسەرخۆیە، بوونی ئەو وەكو گۆرانبێژ لە نێو فیلمەكەدا زۆر گرنگە، چونكە تەنیا هەوادارانی ئەو بێنە سینەما ئیدی فیلمەكە خۆی سەركەوتن بەدەست دێنێت، ئەم فیلمە كەسی زۆر ناودارو بەناوبانگ و خۆشەویستی تێدان كە فیلمەكە سەركەوتووتر دەكات.