سارا نەدیم : بەشداری لە شاجوانی جیهانیدا دەکەم، بەڵام بەبێ پکینی
لە کوردستان ماوەی چەند ساڵێکە مەڕاسیمی شاجوان نەکراوە، باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی ئەم مەڕاسیمە بەردەوام بێت؟
- زۆر گرنگە مەڕاسیمی شاجوانی کوردستان بەڕێوەبچێت، چونکە چەند ساڵێکە بەڕێوەنەچووەو رەنگە خەڵکی زۆر هەبێت خۆی بۆ شاجوان بەربژێر بکات و خەونی دەیان کچ بێت.
• * بۆچی خۆت بۆ شاجوانی عێراق بەربژێر کرد؟
- بەڕاستی خۆ کاندیدکردنی من بۆ شاجوانی عێراق بەشێوەیەکی کتوپڕبوو، واتە خۆم بۆ ئامادەنەکردبوو، بەڵام گوتیان بۆ خۆت بۆ شاجوانی عێراق بەربژێر ناکەی، منیش رازی بووم و چوومە بەغدا لە هوتێل نۆبل مەڕاسیمەکە بەڕێوەچوو، توانیم ببمە هاوڵی شاجوانی عێراق، هەڵبەتە من گرنگی بە شاجوانی کوردستانیش دەدەم و هاوکاری هەر کەسێک دەکەم، کە ئەگەر حەز بکات خۆی هەڵبژێرێت.
• * دوای بەدەستهێنانی نازناوی هاوەڵی شاجوان هیچ کاری خێرخوازیت ئەنجامداوە؟
- هەڵبەتە ئامانجی سەرەکی من بۆ بەشداریکردن لە مەڕاسیمی شاجوانی عێراق کاری خێرخوازی بووە، دوای ئەوەی بەهاوڵی شاجوانی عێراق دەستنیشانکرام، چەندین کاری خێرخوازیم لە کوردستان و عێراق ئەنجامداوە، کاری خێرخوازیم بۆ منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە هەبووە، هەروەها کاری خێرخوازیم بۆ بەشێک لە کۆچبەران و ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان ئەنجامداوەو ئێستاش لەم کارانە بەردەوامم، بەڵام دوای ئەوەی کێشە لەسەر شاجوانی عێراق دروستبوو، هەموو کارەکانی شاجوان و هاوڵەکانی لە عێراق راگیراوە.
• چی دەڵێی بۆ پێشبڕکێی شاجوانی جیهان؟
- بێگومان بیرم لەوە کردووەتەوەو زۆر خۆشحاڵیش دەبم، بەشداری لە شاجوانی جیهانیدا بکەم، بەڵام ئێستا بەدوای سپۆنسەرێکدا دەگەڕێم بۆ ئەوەی بەشداری لە شاجوانی جیهانیدا بکەم، خۆی گەڵێک مەڕاسیمی شاجوان هەیە، وەکو شاجوانی عەرەب، شاجوانی گەردوون ، من بەنیازم خۆم بۆ یەکێک لەو شاجوانانە کاندید بکەم، بەڵام گرنگە پاڵپشتی و هاوکاریم هەبێت تاوەکو بتوانم بەشداری لەم مەڕاسیمانەدا بکەم.
• بە رێنمایی تایبەت هەیە لە مەڕاسیمی شاجوانی جیهانی رازی دەبی؟
- بەداخەوە لە شاجوانی گەردوون مەرجێک هەیە، کە دەبێت جلی سەردەریا لەبەر بکەی، منیش لەبەر ئەوەی نە لە کوردستان، نە لە عێراق دابونەریتی رێگا نادات ئەم کارە بکەم، بۆیە ناتوانم جلی سەردەریا لەبەر بکەم، بەڵام بۆ شاجوانی عەرەب رەنگە ئەو مەرجە نەبێت، لەبەر ئەوە ئێستا هەوڵدەدەم لە شاجوانی عەرەب بەشداری بکەم.
• نازناوی شاجوانی هەولێرت چۆن بەدەستهێنا؟
- هەڵبەتە رێکخراوی شاجوانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی شاجوانی عێراق داوایان لە کچان کرد ناوی خۆیان لە شارەکانی خۆیان بنووسن، لە شاری هەولێر ٣٠ کچ ناوی خۆیان تۆمار کردبوو،بەڵام دواتر لیژنەی دادوەری منیان دەستنیشان کرد بۆ ئەوەی وەک نوێنەری هەولێر بەشداری لە مەراسیمەکەدا بکەم.
• ئەو مەرجانە چی بوون بۆ دەستنیشانکردنی شاجوان لە هەولێر؟
- سەرەتا ئەو کەسەی خۆی کاندید دەکات دەبووایە هاوسەرگیری نەکردبێت، هەروەها لە رووی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی باشدابێت ، جگە لە بنەمای جوانی و بەژن و باڵا و زمانزانی و بڕوانامە، منیش ئەو مەرجانەم تێدابوو.
• زۆر جار بەشێک لە خەڵکی بیانی بەناوی جۆراوجۆر شاجوان دەهێندرێتە هەرێمی کوردستان، رای تۆ لەمبارییەوە چییە؟
- من دژی ئەوەم خەڵکی بەناوی شاجوان لە دەرەوەی کوردستان بهێنن و لە کوردستان کاری نمایشکاری و کاری بازرگانی پێ بکەن، چونکە ئەوانە بەشێكی زۆریان نەشتەرگەری جوانکاریان کردووەو لەرووی ئەکادیمی و زمان و رۆشنبیرییەوە لەو ئاستدا نین، هاوکات فەرمیش نین.
• شاجوانی عێراق دەڵێت لەلایەن توندرەوەکانەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە، ئایا هەڕەشە لە تۆ نەکراوە؟
نەخێر تاوەکو ئێستا من لەلایەن هیچ کەسێکەوە هەڕەشەم لێنەکراوەو بە ئازادی هەموو کارەکانی خۆم دەکەم، بەردەوامیش دەبم لەسەر کارە خێرخوازییەکانم.
• تۆ یەکێک بووی لە ئامادەبووانی هەفتەی نمایشی جلوبەرگی کوردستان، ئەم چالاکییە چۆن دەبینی؟
- دەستخۆشی لە سەرپەرشتیاران و دیزاینەران و نمایشكارەکانی هەفتەی نمایشی جلوبەرگی کوردستان دەکەم، کە بەراستی کارێکی جوانیان پێشكەشکرد، بەتایبەتی دیزاینەرەکان توانیان سەرنجی هەموو ئامادەبووان بۆ خۆیان رابکێشن، بەراستی ئەم جۆرە ئێڤێنێتانە بۆ کوردستان زۆر گرنگە، خەڵک زیاتر حەز لەم جۆرە کارانە دەکەن، نمایشكارەکانیش زۆر جوان و رێکوپێک بوون.
• لە سۆشیال میدیا کێشەت بۆ دروست نەکراوە؟
- تا ئێستا نەخێر تەنیا هەندی کۆمێنێتی ناشیرین دەنووسن، بەڵام ئەوانە هەرگیز کاریگەری لەسەر من نەکردووەو ناشبێتم جونکە ئامانجەکانی من دیارەو دەمەوێت تەنیا کاری خێرخوازی بکەم و دڵی هەژارو منداڵان خۆش بکەم.