ستاتیكای ناوجەرگەی كوردستان
پێم وا نییە ناوێك لەوە دروستتر هەبێت، بەو پیشانگا هاوبەشەی بڵێین كە رۆژی 1/8/2018 لە (گەلەریی دیار) لە شاری سنەدا بۆ هونەرمەندانی سلێمانی و سنە كرایەوە. بەدەر لەوەی پیشانگاكە گوتاری جوانی شێوەكارانی باشوور و رۆژهەڵاتی پێكەوە، لە یەك هۆڵ و لە یەك كاتدا، خستەڕوو، پێم وایە ئەم پیشانگایە نوێنەرایەتیی ترۆپكی ستاتیكای كوردستان دەكات، هونەرمەندانی دوو پایتەختی گرنگ و كاریگەری هونەر، دوو كانگای سەرەكیی بەرهەمهێنانی كولتووری كوردستانی، خستەڕوو. سنە و سلێمانی نەك هەر یەكەیان تەنیا لە ئاستی رۆژهەڵات و باشووری كوردستاندا نەخشی كارایان لە بواری كولتوور و هونەری كوردستاندا هەیە، بەڵكوو ئەم دوو شارە ناوەندی بەرهەم هێنانی كولتوور و هونەرێكن، تیشك و كاریگەرییەكەی بە خەڵكی هونەرخواز و شەیدای ستاتیكا و جوانی، لە سەرانسەری كوردستانی مەزن و لە هەر كوێیەكی ئەم دنیایە كە كورد و غەیرە كوردی لێ بێت، دەگات و ئامادەیە.
ناوەندی (7رەنگە) بارەگاكەی لە شاری سلێمانییە، بە كردنەوەی (پیشانگای هاوبەشی شێوەكارانی سلێمانی و سنە) لە رۆژهەڵاتدا، هەنگاوێكی نوێی ناوە بە ئاراستەی زیاتر ئاشناكردنی جوانخوازی و ستاتیكای كوردستان و ناساندنی بەرهەمی شێوەكارانی رۆژهەڵات و باشووری كوردستان بە بینەران. لە پیشانگایەكی لەم جۆرەشدا، بینەر چاوەڕوانی بەرهەمێكی شێوەكاری دەكات، كە لە رووی سەنگی هونەرییەوە لە ترۆپكدا بێت. هەردوو شارەكە وەك جوگرافیا كەوتوونەتە گرێژنەی هونەرستانی كوردستانەوە، پاشخانی مێژووی هەردوو شارەكەش دەڵێ، دوو پایتەختی رابردووی كوردستان (دەوڵەتی ئەردەڵان و بابان) بوون. ئەو دوو پایتەختەی كورد و كوردستان، شارستانیەت و كولتوورێكی كوردییان بەرهەم هێناوە. دوای داگیر كردنەوەی هەردوو شارەكەش، رۆحی ئەفراندن و بەرخودانی هونەر و كولتووری خۆماڵییان تێدا خامۆش نەبووە، بەڵكوو بوونە نموونە بۆ جۆش دان و زیندوو راگرتنی هونەر و كولتوور لە سەرانسەری كوردستانی مەزن.
لە بەسەر كردنەوەی بەرهەمەكانی ئەو پیشانگا هاوبەشە، بینەر دەتوانێ چڕە وێنەیەكی نەخشەی هونەری شێوەكاری (بە تایبەتی نیگار) لە كوردستاندا وێنا بكات، بەشدارانی پیشانگاكە دەستەیەكی هەمەچەشنن لە هونەرمەندانی هەردوو شارەكە، بە بڕوای من ساڵانێكی زۆرە پێشەوایەتیی قافڵەی هونەری شێوەكاریی كوردستان دەكەن. هونەرمەندانی وەك (هادی زیائەدینی، مەهدی زیائەدینی، فەردین سادق ئەییووبی، جەمشید پوورەوازان) لە شاری سنە، بەژنی یەكجار بڵندی دنیای شێوەكارین، تابلۆ و پەیكەری ئەوان لە ریزی هونەری هەرە باڵای جیهاندایە. لە سلێمانیشەوە 27 هونەرمەندی شێوەكار بەشدارییان لەو پیشانگا هاوبەشەدا كرد، بۆ نموونە (عەلی جۆڵا، عەلی كەریم، رێبوار سەعید، ئاری بابان، عەبدولڕەحمان میرزا، چیمەن ئیسماعیل، محەمەد فەتاح، كاروان كابان، مەهاباد جەمال.. هتد). ئێمە لێرەدا ناوی بەشێك لە بەشدارانی پیشانگاكەمان وەك میناك هێناوە، لە پرۆژەیەكی داهاتوومان (ئەگەر خودا یار بێت و سەر بگرێت)، بە درێژی لە بارەی پیشانگاكە و تێكڕای بەشدارانی دەنووسین.
لە جێی خۆیدایە، ئەگەر هەڵوەستەیەكی خێراش لە ئاست بەرهەمەكانی پیشانگاكەدا بكەین. قسە كردنی من لە بارەی پیشانگاكەوە لە دوورەوەیە، چونكە من لە باشوورەوە بۆم نەلوا بچمە سنە و لە نزیكەوە پیشانگاكە ببینم، بەوەی وێنەی تێكڕای ئەو تابلۆیانەشم بە دەست گەیشتن كە بە ناوی سلێمانییەوە بەشداری پیشانگاكە بوون، ئیدی لێرەدا پتر باس لە بەرهەمی شێوەكارانی سلێمانی دەكەم. بەرهەمەكان بە ستایل و شێواز و تەكنیكی جیاجیا جێبەجێ كرابوون. وەك هەر پیشانگایەكی هاوبەش، بینەر شەبەنگێك لە بەرهەمی شێوەكاری دەبینێت، هەر هونەرمەندە تەكنیك و شێواز و كەرەستەی جۆربەجۆری بۆ ئەفراندنی بەرهەمەكەی بەكار بردووە. هەر هونەرمەندە لە دید و پاشخانێكی تایبەتەوە كاری كردووە، بەمەش بینەر مەودایەكی فراوانی ئاسۆیی لە ستاتیكای گوتاری دیدەییانەی هونەرمەندانی سلێمانی دەبینێت، ئەمیش نموونەیەكی بەرجەستە بۆ تێكڕای دۆخی هونەری شێوەكاری هەم لەو شارەدا، هەمیش لە تێكڕای باشووری كوردستان، دەخاتەڕوو. هەڵسەنگاندنی منی بینەر بۆ تابلۆكان پەیوەست بە زەوق و سەلیقەی جوانخوازانەی منەوەیە، كە تا چەند چێژ لەو گوتارە جوان و دیدەییەی هونەرمەندان وەردەگرم. دنیای ستاتیكای شێوەكاری دنیایەكی بەرینە، ئامێزی بۆ هەمەجۆر كار و ئەفراندن كراوەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەژنی داهێنانی هیچ هونەرمەندێكی شێوەكار، نە بە لای بینەر و نە بە لای رەخنەگرەوە، شاراوە نییە. رەنگە زۆر بەرهەمی شێوەكاری هەبن بچنە خانەی ئەزموونی بەر لە گەیشتن بە پێگەی ستاتیكای هونەربەند، بەرهەمیش هەیە دەچێتە ریزبەندی مێژووی هونەر و داهێنانی (شوێنكات)ی خۆیەوە. ئەم پیشانگا هاوبەشەی هونەرندانی سلێمانی و سنەش، لەو رێسایە بەدەر نابێت.
بەختیار سەعید :هەنگاوەكانی رەنگ، هەنگاوێك بۆ هونەرێكی رەسەن
زۆرن ئەو چالاكی و كارە هونەرییانەی كە لەسەر ئاستی جیهان رۆژانە ئەنجام دەدرێت و پێگەو قورسایی خۆیان بەجێ دەهێڵن لەناو بیرەوەری بینەرەكانی و دەبێتە هەنگاوێك بۆ درووستبوونی قوتابخانەیەك یان شێوازێك بۆ بەشێك لەهونەرمەندان و ئەوانەی هەوادارانی كاری هونەرین.
7 رەنگەش بەهەمان بیرۆكەو بەهەمان تێڕوانینەوە كارەكانی بنیادناوەو كارە بەردەوامەكانی بۆ ئەوەیە كە چۆن بتوانرێت كە هەموومان پێكەوە كار بۆ درووستكردنی ئەو بناغەیە بكەین و لە پاڵیدا شانازییەك تۆماربكرێت، هەر لەو دیدەوە بیرۆكەی درووستكردنی ئەم پیشانگەیە درووستبوو تاكو ئاوێتەیەك لە شێوەكارانی شاری سنەو سلێمانی پێكەوە لە رێگای هێڵ و رەنگەكانەوە ئاوێتەیەك درووست بكەین و پێكەوە بتوانین داهاتوویەكی هونەریی بۆ دیدەكەمان بدۆزینەوە.
ئەم پیشانگەیە سەرەتایەكی تری كاری هاوبەشی شێوەكارانی سلێمانی و شاری سنەیەو قۆناغێكە دەكرێت لەداهاتوودا پێگەی كارە هاوبەشەكان فراوانتر و دەوڵەمەندتر بكات بۆ ئەوەی خۆمان و كارە هونەرییەكانمان ببینە یەك جەستەو یەك رۆحی هاوبەش.
سوپاس بۆ گەلەریی دیار و هەموو ئەو خۆشەویستانەی كە هاوكار بوون بۆ سەرخستنی ئەم پیشانگەیەك، سوپاس بۆ هەموو شێوەكارە بەشداربووەكان.