ئۆركێسترای نیشتمانی

ئۆركێسترای نیشتمانی
فەرهەنگ غەفوور

هونەر چ لە كوردستان یان لە هەر كونجێكی جیهاندا بێت، یەك پێناسە و شێوازی هەیە و دونیای هونەر بۆ هەموو لایەك وەك یەك و بێ سنوورە، ئەوەی هەیە توانا و داهێنانی جیاواز لە یەكتری و گوزارشتكردن و دەربڕینی هونەرەكە و گەیاندنیە بە كۆمەڵگەی مرۆیی. لەم روانگەیەشەوە، هونەرە جوانەكان بە گشتی لە كوردستان و هونەرمەندانی كورد هەمان پێناسە و چوارچێوەی هونەرمەندانی جیهانی وەردەگرن، بە جیاوازی توانا و داهێنان و كاری گەورە و ناوازە، بەپێی ئەو دەرفەتەی بۆیان رەخساوە. لەناو هونەرمەندانی خۆماندا لە هەموو بوارەكان هونەرمەندی كارامە و بەتوانامەن هەن، كە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەوروبەریشدا دیارن. لە بواری هونەری موزیكدا، چەندین گرووپ و یانەی هونەریی جۆراوجۆر هەن و لەناویاندا جۆرەها هونەرمەند دەبینرێن، بە ئاست و توانای جیاجیاوە، لەناویشیاندا چەندین هونەرمەندی ئەكادیمی و شارەزا هەن، كە دەكرێ ببنە واجیهە و رووە هەرە دیارەكەی میوزیك لە كوردستاندا پێشەنگی بواری میوزیكن و شوێنپەنجە و كارەكانیان گەواهییان بۆ دەدا.
ئێستا لە كوردستان، وێڕای چەندین گرووپ و دەستەی موزیك، ئەوەی تێبینی دەكرێ كە چەند ئۆكسترایەكیش بە ناوی جیاجیا لە شارەكانی كوردستاندا هەن، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانی و داخە ئەوەیە، كە یەك تاكە ئۆركێسترای نیشتمانیمان نییە، كە چەترێك بێ بۆ كۆكردنەوەی هەموو هونەرمەندە گەورەكان و گوزارشت لە هونەری میوزیكی كوردستان بكات. ئەو ئۆركێسترایانە كە لێرە و لەوێ توانای ئەم و ئەو هونەرمەندیان بۆ خۆیان بردووە، سەرەنجام وای كردووە، كە توانا باش و زۆرەكان لە یەك دوور بن و هەریەكە و لە گرووپێكدا بێت، كوردەواریش لەمێژە گوتوویەتی (سوارێك بەتەنیا تۆز ناكات)، بەڵام ئەگەر ئەو هونەرمەدە ناودار و شارەزایانە لە یەك ئۆركێستی نیشتمانی كۆ ببنەوە و حكوومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەكانیش هاوكار و پشتیوانیان بن، دەتوانن زۆر داهێنانی ناوازە بخوڵقێنن و بچنە ریزی ئەو تیپ و ئۆركێسترایانەی لە جیهانی هونەری میوزیكدا ناو و پێگەیان دیارە.
لە هەموو وڵاتان، ئۆركێسترای نیشتمانی، وەك تاكە دامەزراوەی گەورە و رووی دیاری هونەری موزیكی ئەو وڵاتە، لە كۆنفرانس و فێستیڤاڵە جیهانی و نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا نوێنەرایەتیی گەل و نیشتمان و كولتووری خۆیان دەكەن و هەموو كەسێكیش رێزیان لێ دەنێ و بەرهەم و كارەكانیان بە هەند وەردەگرێ. ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانیشە كە ئێمەی كوردستانیش خاوەن ئەو ئۆركێسترایە بین، كە نوێنەرایەتیمان بكا و مەزڵومیەتی كورد و كولتوورە جوانەكەی، لە رێی هونەرەوە باشتر بە دونیا بناسێنێ و لەناو خۆشماندا، ببێتە دامەزراوەیەكی پڕ بەها و رووی ئەوەمان هەبێ لەناو گەلان و میللەتاندا بە ئاواز و دەنگ و رەنگی رەسەنی خۆمان بانگی كوردەواری بە گوێیاندا بدەین. حەیف و مخابنە كە ژمارەیەكی بەرچاو لە هونەرمەندە بەتواناكانی كورد لەم گرووپ و ئەو گرووپ، لەم ئۆركێسترا و لەویان، لێرە لە كوردستان یان لە دەرەوە، تواناكانیان وەك پێویست دەرناكەوێ، بوونی گرووپ و تیپی جیاجیا رەت ناكەینەوە و دیاردەیەكی دروستە، بەڵام دروست ئەوەیە كە ئۆركێسترایەكی گەورەی نیشتمانیمان هەبێ و نوێنەرایەتیی گەل و هونەر و هونەرمەندانمان بكات.
Top