هەژان هێرش: بۆ نواندن سوودم لە راگەیاندن وەرگرت
لە بارەی راگەیاندن و نواندن و ئەو پرسیارە كە ئایا كامیان زیاتر لێیەوە نزیكە؟ هەژانە دەڵێ: زیاتر خۆم لە كاری نواندن دەبینمەوە، چونكە هۆكاری ئەوەی كە چوومە بەشی راگەیاندن، ئەوە بوو كە سوودی لێ وەربگرم بۆ كاری نواندن، هەڵبەتە من لە پۆلی دوانزەی ئامادەیی نمرەیەكی زۆر باشم هێنا و لە بەشی فیزیا وەرگیرام، بەڵام بە حەزی خۆم تەنازولم كرد بۆ بەشی راگەیاندن.
لە بارەی ئەوەی چۆن فیلم و سینەما بەهێزتر بكەین لە رووی جەماوەرییەوە هەژان وتی: ئەگەر فیلمێكی باشی كوردی هەبێت خەڵك دەچێتە سینەما، بەڵام ئێمە دوو كێشەمان هەیە، یەكەم لەڕووی مادییەوە خەڵك زۆر كێشەی هەیە. دووەم لەڕووی پەروەردەوە، دەبێت وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەگەڵ سینەماكانی كوردستان هەماهەنگی بكەن بۆ ئەوەی قوتابی پەیوەست بكەن بە سینەما، بەلایەنی كەم دەبێت هەفتەی جارێك بچنە سینەما، بەم هۆیەشەوە كولتووری سینەما بڵاودەبێتەوە.
سەبارەت بە سۆشیال میدیاش هەژان دەڵێ: لە ئینستاگرام زیاتر دەردەكەوم، چونكە ئینستاگرامەكەم بۆ گشتییە كە بە ناوی هەژان بارانەوەیە، بە ناوی كوڕەكەمەوەیە، لەبەر ئەوەی بەداخەوە پەیج و ئەكاونت بە ناوی هەژان هێرشەوە زۆر دانراوە، بۆیە من ئەو ناوەم بۆ هەڵبژاردووە.