بەرەو مۆزەخانەی هونەری نیشتمانی
كە باس لە هونەر و دنیای هونەری گەلان دەكرێ، بێگومان هەموو گەل و نەتەوەیەك شانازی بە رابردوو و شاكاری هونەری نەمریی خۆی دەكات، چونكە ئەو شاكارە بۆتە ناسنامە و رەمزی میللەتانی جیهان و هەمیشە بە بایەخەوە لێی دەڕوانرێت، بۆیە گرنگیدان بە رابردووە هونەرییەكان و شاكارە نەمرەكان لە هەر بوارێكی هونەر، جێگای شانازیی گەل و نەتەوەكانی دونیایە، نەوە دوای نەوە رێز لەو هونەرە پڕ بایەخە دەگرن و بە چاوی رێز و نەمریی سەیری دەكەن، بێگومان سەرچاوەی زانین و بینینی ئەو بەرهەمانە لە شوێنێك خۆی دەدۆزێتەوە پێی دەڵێن مۆزەخانە..
ئەوەی مەبەستە لێرەدا ئاماژەی پێ بكەم، بریتییە لە دامەزراندنی مۆزەخانەیەكی هونەری نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان، كە ئەم مۆزەخانەیە لە چوارچێوەی بەرهەمی هونەری دێرین و ئەرشیفی هونەری و كەلوپەلی یادگاری بەجێماوی هونەرمەندە ناسراوەكانی كورد خۆی بدۆزێتەوە، بەداخەوە تائێستا هەوڵێك نەدراوە بۆ پارێزگاریكردن لە كۆمەڵە بەرهەمێك كە خەریكە لەناو دەچ! هەم وەك بەرهەم، هەم وەك كەلوپەل، بۆ زێتر رۆشنایی خستنە سەر ئەم بابەتە دەتوانین بە شێوەیەكی خێرا لەم چەند خاڵە ئامانج و مەبەستی (مۆزەخانەی هونەری نیشتمانی) بخەینەڕوو :
١- بە ئەرشیفكردنی بەرهەمی گۆرانی و ئاواز :
پێویستە سەرجەم بەرهەمە دێرین و رەسەنەكانی هونەرمەندانی كورد لە شوێنیكی تایبەت خۆی بدۆزیتەوە،كە بەداخەوە بەشێكی زۆر لە گۆرانییە كۆنەكان بەرەو فەوتان چوون، لە كاتێكدا بەهۆی هەوڵی تاك تاكە پارێزراوە، بۆیە پێویستە هەموو دەنگ و رەنگ و ئاوازە دێرین و ناسراوەكانی ساڵانی زوو لەم مۆزەخانە و ئەرشیفە نیشتمانییە خۆی بدۆزێتەوە، ئەمەش هەم ئاسانكارییەكە بۆ ئەوانەی دەیانەوێ توێژینە و لێكۆلینەوە لەسەر ئەرشیفی گۆرانی بكەن، هەم ئەوانەی دەیانەوێ زانیارییان لەسەر ئەم بەرهەمە دێرینانە هەبێت، ئەوا لەم بوارەدا بەفراوانی دەتوانین سوودوەرگرین و بەرهەمەكانیش بپارێزین.
٢-لە بواری فیلم و سینەمادا :
بەهەمانشێوە ئەرشیف و بەرهەمە سینەماییەكان لەنێو ئەم مۆزەخانەیە خۆی بدۆزێتەوە، بۆ نموونە هەموومان شانازی بە فیلمی سینەمایی (نێرگز بووكی كوردستان) دەكەین، بەڵام زۆربەمان وەك ناو بیستوومانە وەك بەرهەم رەنگە تەنیا لای چەند كەسانێكی خەمخۆر هەبێت و بەس! ئەویش لە چوارچێوەی ماڵ خۆی دەدۆزێتەوە! بۆیە دەكرێ فیلمێكی وەك نێرگز بووكی كوردستان كە بە یەكەم فیلمی سینەمایی دوای راپەڕین دادەنرێت، دەبێت شانازی پێ بكەین و بە ئەرشیفێكی پارێزراوەوە هەڵبگیرێت، جگە لە چەندین فیلم و بەرهەمی تر كە بە شاكاری نیشتمانی پێناس دەكرێ، بەڵام بەداخەوە لە چوارچێوەیەك زیندانی كراوە.
٣- شانۆ و نواندن و بەرهەمی ئێزگەیی و تەلەفزیۆنی:
بێگومان لەم بوارانەشدا خاوەن چەندین بەرهەمی دێرین و نەمر و جوانین، بەڵام هەر بەرهەمێك لە كەناڵێك یا كەسێكی ئەرشیف پارێز خۆی دەدۆزێتەوە! بۆیە لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین ئەگەر تەمسیلیە كۆنەكانی ساڵانی زوو لەو مۆزەخانەیە بوونی هەبێت و لە گۆشەیەكدا لەكاتی سەردانیكردنی بینەر نمایش بكرێت، بێگومان دەبێتە جێگای بایەخ و زیندوویی ئەم بەرهەمە جوانانەی ئەوێ رۆژێ، كە بە توانا ماددییەكی كەم و بە تەكنیكێكی زۆر سادە، بۆتە رابردوویەكی زێڕین و نەوەكانی ئەو سەردەم و ئێستاش بە تامەزرۆییەوە تەماشای دەكەن .
٤- دونیای هونەری وێنەكێشان و تابڵۆ :
لەم جیهانە جوانەی رەنگ و تابڵۆ و وێنەكێشاندا، میللەتی كورد خاوەن چەندین شاكاری هونەرییە و چەندین هونەرمەندی مەزنمان هەیە كە بەرهەمەكانیان لە ئاستی نێودەوڵەتی بایەخی پێدراوەو بە چاوی هونەری نەمر لێی دەڕوانن، كە لە چەندین پێشانگای وڵاتان بەشداری پێ كراوە، بەڵام لە ئاستی ناوخۆ بەم شێوەیە گرنگی پێ نەدراوە، یان بەم بایەخەوە هەڵسەنگاندنی بۆ نەكراوە، بۆیە لە نێو ئەم مۆزەخانەیە ئەگەر لە پانتاییەكی دیاریكراو و لە گەلەرییەكی كراوەی بەردەوام تابڵۆكان نمایش بكرێت، ئەوا جوانترین دیمەن و گەورەترین شانازی بۆ هونەرمەندان دەبێت، كە هەست بەو واقیعە دەكەن كە بەرهەمەكانیان بایەخی پێ دەدرێت، نەك دوای نیشاندانی لە پێشانگایەك ئەوا لە گۆشەیەكی ماڵ تۆزی لەسەر بكەوێت!
٥-یادگاری و كەلوپەلە بەجێماوەكانی هونەرمەندان
پێشنیار دەكەین لەم مۆزەخانەیە بەشێك تەرخانبكرێت بۆ كەلوپەل و جلوبەرگ و یادگارییە بەجێماو و دەستنووسەكانی هونەرمەندانی كورد، كە لە پێشانگایەكدا نیشان بدرێت، بێگومان دەبێتە جێی بایەخی بنەماڵەو نەوەی هونەرمەندی كۆچكردوو، هەروەها هونەرمەندانی سەردەمیش هەست بەو پیرۆزی و بایەخە دەكەن كە رێز لە هونەر و ژیان و تەمەنیان دەگیرێت، بۆ نموونە بەر لەوەی هونەرمەندی گەورە (تاهیر تۆفیق) كۆچی دوایی بكات، ئەوا وەسیەتی كرد جلوبەرگ و كڵاو و جەمەدانی و چاویلكەكەی پێشكەش بە هونەرمەند (سادق حەریری) بكەن، دواتر هونەرمەند (سادق حەریری) شانازی بەو یادگارییە بەجێماوە دەكرد، بەڵام ئێستا (سادق حەریری)یش كۆچی دوایی كردووە، بۆیە ئەگەر مۆزەخانەیەكمان هەبوایە، ئەوا بێگومان ئەم یادگارییە بەجێماوانە لەم مۆزەخانەیە خۆی دەدۆزیەوە..
بۆیە دامەزراندنی مۆزەخانەیەكی لەم چەشنە بە گرنگ دەزانین، لەگەڵ ئەوەی كە بە درەنگەوە باسمان كردەوە، بەڵام وەك پڕۆژە و بیرۆكە دەمێكە لە خەیاڵدایە، بە ئومێدین خەمخۆران و بەرپرسانی هونەری، بە بایەخەوە لەم پێشنیارە بڕوانن، ئەوكات دەتوانین پڕۆژەو پلان و بەرنامەو نەخشەی كاركردن بخەینەڕوو، چونكە كاتی ئەوە هاتووە ئەم ئەرشیف و بەرهەمە جوان و پاك و شاكارانەی لابەلا پارێزراون، لە مۆزەخانەی هونەری نیشتمانی خۆیان بدۆزنەوە.