ئەحلام حەجی لە هەولێر كاری خێرخوازی ئەنجام دەدات
ئەحلام لە لێدوانێكیدا بۆ گۆڤاری گوڵان رایگەیاند كە بڕیاری داوە لە ماوەیەكی نزیكدا سەردانی كوردستان بكات و چەند كارێكی خێرخوازی ئەنجام بدات، وتیشی: من بە سرووشتی خۆم كەسێك هێمنم، تەنانەت كاتێك خۆشیش دەردەبڕم، بینینی خەڵك بە دڵخۆشی وا دەكات هەست بە كامەرانی و ئاسوودەیی بكەم، بەتایبەتی كاتێك من هۆكاری خۆشییەكانیان بم، جا ئەگەر ئەمە لە رێگای راگەیاندنەوە بێت، یان لە رێگای كارە خێرخوازییەكانم كە لە چوارچێوەی رێكخراوی (احلام الگفولە)ەوە پێشكەشیان دەكەم. یەكێك لەو كارانەی كە من بەردەوام گرنگییان پێ دەدەم لە ژیانمدا بریتییە لە یارمەتیدانی منداڵان لە هەر كوێیەك بن و تا ئێستا بەپێی توانا یارمەتییان دەدەین، لە مەغریب و چەند وڵاتێكی ئەفریقیا، بە هەمان شێوە لە كوردستان و شاری موسڵیش كاری خێرخوازیم ئەنجامداوە و جگە لە كاری منداڵان بەشداریم لە هەڵمەتێكی ئاوەدانكردنەوە و نۆژەنكردنەوەی ژمارەیەكی خانووی شاری موسڵدا كردووە، ئەمە جگە لەوەی كە سەردانی كەمپی هەرشەم كردووە كە تایبەتە بە ئاوارەكانی شاری موسڵ.
دەربارەی كارەكانی لە داهاتوودا كچە نمایشكار و راگەیاندكاری مەغریبی وتی: بێگۆمان من بەردەوام دەبم لە كارەكانم لە بوارەكانی نمایشكاری و راگەیاندن، بەڵام گرنگییەكی زیاتر بە كاری خێرخوازی دەدەم، بڕیار وایە لە كاتێكی زوودا سەردانی شاری هەولێر بكەم بۆ بەشداریكردن لە چالاكییەكانی تایبەت بە جلوبەرگ، بەڵام هۆكاری سەرەكیی ئەم سەردانەم بۆ یارمەتیدانی منداڵانی بێ سەرپەشتە، بۆیە بەنیازم سەردانی خانەیەكی منداڵان بكەم بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشیان ببم و بتوانم بەپێی توانای یارمەتییان بدەم.