نیللی مەقدسی: ھونەری کوردی ھونەرێکی بەرزە و زۆر لە ھونەرمەندە عەرەبەکان سوودیان لێی وەرگرتوو

نیللی مەقدسی: ھونەری کوردی ھونەرێکی بەرزە و زۆر لە ھونەرمەندە عەرەبەکان سوودیان لێی وەرگرتوو
نیللی مەقدسی، ماوەیەکی زۆرە لە بواری ھونەردا بە بەردەوام کار دەکات، ئەگەرچی ماوەیەکی کورت لەبەر چەند ھۆکاری تایبەت دوورکەوتەوە، بەڵام کاتێک گەراِیەوە بە توانایەکی زیاترەوە ھاتەوە نێو مەیدانی ھونەر، وەک خۆی لەم دیمانەیەی گوڵان ئاماژەی پێدەکات، ئەگەر دەرفەت ھەبێت و رۆڵێکی گونجاوی پێشکەش بکرێت، ئەوا ئامادەیە روو لە نواندن بکات، ھەروەھا ئەوەش دەخاتەڕوو کە زانیاری دەربارەی ھونەری کوردی ھەیە، ھاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ژەنیارانی عەرەب زۆر سوودیان لە میوزیکی کوردی وەرگرتووە.
دیمانە/ خەلیل بلەیی
• چۆن وەسفی ھونەری دەکەی؟
- ھونەر تاکە رێگایە کە وامان لێدەکات رووبەڕووی گرفتەکانی ژیان بینەوە لە ھەر ئاستێک، ئاستی خێزان یان نیشتمان، موزیک خۆشترین ھەست بە مرۆڤ دەبەخشێت، تەنانەت کاتێک بە بارودۆخێکی سەخت و دژواریشدا تێپەڕێت ئەو تاکە دەرچەیە بۆ رزگاربوون لەو گرفتانە.
• پێتوایە لەئێستادا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رۆڵیان لە پێشخستنی ھونەردا ھەیە؟
- لە ماوەی رابردوودا سەرکەوتن لە رێگای ھۆکاری دیکەوە بووە وەک تیڤی، ڤیدیۆ و ئاھەنگەکان کە ئێستا تا راددەیەکی شێوازیان گۆڕاوە، بەڵام لە ئێستادا سۆشیال میدیا رۆڵی ھەیە کە پێموایە وەک ھەر دیکە شتێک لایەنی ئەرێنی و نەرێنیی خۆی ھەیە، لەوانە بەخێراییەکی زیاتر دەگاتە زۆرترین رێژەی خەڵک، لە ھەمان کاتدا پێویستە تایبەتمەندیی خۆی ھەبێت و لە ھەموو شوێنێک نەبێت، بەڵام پێموایە بە تێپەڕبوونی کات باشتر بێت.
• گرنگترین ئەو ئاستەنگانە چین کە رووبەڕووت بوونەتەوە؟
- ئاسان نییە کە ھونەرمەند بتوانێت پابەند بێت بە رەنگێکی گۆرانی و بیپارێزێت و بەردەوام بێت لە سەرکەوتن، گشت ئافرەتە ھونەرمەندەکان لە سەرەتای کاروانی ھونەرییانەوە رووبەڕووی ئەم گرفتە دەبنەوە، بەڵام ئەگەر ھونەرمەند بە ئیرادەوە کار بکات بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی ئەم ئاستەنگانە دەپووکێنەوە.
• چۆن وەسفی رکابەرێتیی نێوان ھونەرمەندان دەکەی؟
- بەشێک لەو رکابەرێتییە دەتوانین بڵێین ئاساییە، ھەندێکیشیان جۆرێک ئیرەیی پێ بردنی تێدایە، سەبارەت بە خۆم دەڵێم: بوونی رکابەرێتیی کارێکی تەندروستەو پێویستە ئەم (رکابەرێتییە شەریفە) ھەبێت، چونکە وات لێدەکات خۆت زیاتر ماندوو بکەی و کاری باشتر پێشکەش بکەی کە سەرکەوتووتر بن لە کاری پێشوومان.
• ھیچ ھونەرمەندێک بەشێوەی نائاسایی رکابەریتی کردووە؟
- وەک گوتم، جۆرێک لە ئیرەیی پێ بردن ھەیە، زۆر جار ئەمەم لە چاوی ھەندێک کەس ھەست پێکردووە بەرامبەر بەخۆم، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پەیوەندیم لەگەڵ ھونەرمەندان باشە و خۆشەویستی لە نێوانماندا ھەیە.
• ئایا ھیچ گۆڕانکارییەک لە ستایلی ھونەریتدا رووی داوە، بەتایبەتی دوای ئەو ماوەیەی کە لە ھونەر دوور کەوتبوویەوە؟
- نەخێر، ھیچ گۆڕانکارییەکی ریشەیی رووی نەداوە، ھەر گۆڕانکارییەک روویدا بێت لەبەر ئەوە بووە کە موزیک و دابەشکردنی و تەنانەت شێوەی گوێگرتنی خەڵک لە موزیک و گۆرانییەکان گۆڕاوە، بۆیە ھونەرمەندیش پێویستە خۆی لەگەڵ ئەم سەردەمە و گۆڕانکارییانەدا بگونجێنێت و ستایلەکەی لەگەڵ ئەو موزیکەدا بگونجێت کە ئەو ماوەیە بوونی ھەیە، بەڵام ئەو ستایلەی کە ھونەرمەند پێی ناسراوە ھەر وەکو خۆی دەمینێتەوە، من خۆم جگە لە لوبنانی بە ستایلی میسریش گۆرانیم وتووە ئاساییە بە شێوازەکانی دیکەش گۆرانی بڵێم ئەگەر لەگەڵ دەنگی من گونجاو بێت.
• ھیچ ئەزموونی نواندنت ھەبووە لە ژیانتدا؟ ئایا بیری لێدەکەیتەوە؟
- نەخێر، لە نواندن کارم نەکردووە، ئەگەر رۆڵێک ھەبێت کەسایەتی خۆمی تێدا بدۆزمەوە، یان ئیزافەیەکی ھونەری بێت بۆ من، رەنگە ئەمە تاقی بکەمەوە، بەڵام ھەموو توانای خۆم بۆ گۆرانی تەرخان کردووە.
• ئایا گۆرانی (مفیش رجالە) پەیامێکی ئاشکرای ھەبوو بۆ بەرگریکردن لە ئافرەتان یان گۆرانییەکی ئاسایی بوو؟
- بێگومان ناونیشانی ھەموو گۆرانییەکان پەیامێکی دیاریکراویان ھەیە و (مفیش رجالە)ش یەکێکە لەو گۆرانییانە کە پەیامەکەی بریتییە لە بەرگریکردن لە ئافرەت، لە ماوەی رابردوودا ھەستم کرد کە توندوتیژی زیاتر بووە بەرامبەر بە ئافرەتان و پەیامێکە بۆ ئەو پیاوانەی کە پیاوەتی خۆیان ناپارێزن و بەشێوەیەکی ھەڵە دژی ئافرەت بەکاری دەھێنن، بۆیە پێویستە ئافرەتان پەیامی خۆیان بگەینن، ئەگەر تەنانەت بە شێوەی ئیقاعیش بێت کە زووتر دەگات.
• ھیچ زانیارییەکت لەبارەی ھونەری کوردی ھەیە؟
- بێگومان زانیاریی زۆرم لەبارەی ھونەری کوردییەوە ھەیە، بەشی رۆژھەڵاتیی ھونەری عەرەبی زۆربەی لە ھونەری کوردییەوە وەرگیراوە، چونکە ھونەرێکی رەسەنە و میلۆدی جوان و سەرنجڕاکێشی ھەیە و زۆر لە ھونەرمەندە عەرەبەکان سوودیان لێی وەرگرتووە.
• ئەگەر میلۆدی و تێکستێکی کوردی ھەبێت، گۆرانی بەزمانی کوردی دەڵێیت؟
- بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو داواکارییە دەکەم، لە ماڵەوەش کار لەسەر فێربوون و پرۆڤەکردن لەسەر گۆرانی کوردی دەکەم، بەڵام ئەگەر گۆرانی بە زمانی کوردی بڵێم، دەبێت گۆرانییەکی باش بێت و زۆر کاری لەسەر بکەم، بۆ ئەوەی کارێکی باش و شایستە پێشکەش بە ھەوادارانم لە کوردستان بکەم.
• ئەو دەرھێنەرانە کێن کە ھیواخوازی کاریان لەگەڵدا بکەی؟
- من ھیوا ناخوازم لەگەڵ کەس کار بکەم، ھەموو ئەو دەرھێنانەی کاری جوان و باشم لەگەڵ کردوون، حەزدەکەم ھەر لەگەڵ ئەوان کار بکەمەوە، واتە ئەو کارانەی سەرکەوتنیان بەدەست ھێناوە و ئەوان لە پێشترن لەگەڵ خەڵکانی دیکە، ھەروەھا حەزدەکەم کار لەگەڵ ئەوانەش بکەم کە پێشتر ئەزموونم لەگەڵیان نەبووە، بۆ ئەوەی خۆم بە شێوەیەکی جیاواز ببینم، لەگەڵ زۆریان کارم کردووە، رەنگە ھەندێک ناوی سەرکەوتوو ھەبێت کە تا ئێستا دەرفەت نەبووە کاریان لەگەڵدا بکەم، بەڵام دوور نییە لە داھاتوودا پێکەوە کار بکەین.
Top