(سيمپوليزمی رەنگەكانی كوردستان) لە پۆڵەندا گەشایەوە
لە شاری كراكۆڤی ولاتی پۆلەندا پێشانگایەك بەناونيشانی "سيمبوليزمی رەنگەكانی كوردستان" بۆ حەوت لە هونەرمەندانی كوردستان كرایەوە، كە لەلایەن رۆتاری كلوبی نێودەوڵەتی، فۆت- پيێنكنافۆتۆگرافيا، و دۆمپۆلۆنی رێكخرابوو، سەرەتای كردنەوەی پێشانگاکە بەئامادەبوونی مێوانێكی زۆر و پێشکەشكردنی چەند وتارێك لەلايەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەو رێكخەرانی ئەم پێشانگايە دەستيپێكرد، دواتر دياری وەزارەتی رۆشنبيری و لاوانی هەرێمی كوردستان و پەيمانگەی هونەرەجوانەكانی هەولێر لەلايەن بەرێز (دكتۆر زیاد حسین گەردی) پێشکەش بە بەرپرس و رێكخەرانی ئەم چالاكيە هونەريە كرا، پاشان چەند پارچە موسيقايەكی کوردی لەيەن ميوزيكژەنانی کوردستان پێشكەشکرا، لەبەشێكی پيشانگاكەدا خواردن و شيرنەمەنی کوردەواری سازكرابوو بۆ ئامادەبوان بەمچەشنە سەرجەم تابلۆو رەنگ و كارەكان جێی رەزامەندی و سەرسامی ئامادەبووان بوو كە دەستخۆشيان لە نيگاركێشانی کوردستان دەكرد.
لە لێدونێكيدا زياد گەردی سەرپەرشتياری ئەم پیشانگايە رايگەياند: دەمانەوێ لەڕێگەی نەخشاندنی ئەم رەنگانە ئەوە پيشانی جيهان بدەين کە كوردستان شوێنی فرەڕەنگی و پێكەوە ژیان و ئاراميە رەنگەكانی كوردستان پەیامی ئاشتی و جوانی كوردستانی هەڵگرتووە، ئەوەی لە تواناشماندابێت لەم جۆرە کارانە بەردەوام دەبين بۆ گەشەپێدانی فەرهەنگ و رەوتی هونەری كوردی، هيواداريشم كارەكانمان جێی رەزامەندی هەموولايەك بوو بێت و دەستخۆشيش لەنيگاركێشەکانمان دەکەم، هەروەها سوپاسی تايبەتيشمان بۆ قونسولگەری پۆلەندی لەهەولێر دەگەيەنين لەهاوكاريكردنيان بۆ سەرخستنی ئەم كارە هونەريە.
دەربارەی پەیامی پیشانگاكە گەردی وتی: پەيام لەکردنەوەی ئەم پێشانگايەدا زياتر ناساندن و پيشاندانی ئاستی رەنگ و هونەری كوردی بەئەورووپيەكان و پۆلەنديەكان بوو، کە کورديش خاوەن هونەرێکی رەسەن ودێرينە و نەخشاندنی تابلۆ رەنگيەكانی هيچ لەئاستی هونەری كۆمەڵگا پێشكەوتووەکان نزمتر نيەو بەڵکوو زۆر لەپێشيشە، هەروەها هەر لەرێگەی ئەم پيشانگايەدا ويستمان بەكێشانی تابلۆ رەنگينەکان ئەم پەيامەش نيشان بدەين كە کوردستان شوێنی فرە رەنگی و پێكەوەژيانی ئاشتيانەيەو هەروا بەفرەرەنگيش دەمێنێتەوە، رەنگەكانيش پێکەوە ئارامی و ئاشتی و جوانيەكی لەرادەبەدەر بە مرۆڤ دەبەخشێ، هەربۆيەش ناونيشانی پێشنگاکەمان ناونابوو "سيمبوليزمی رەنگەكانی كوردستان' كە هەر رەنگەو هێمای بەشێکی ژيانی كوردستانی هەڵگرتبوو.
لەبارە رۆڵی راگەیاندن لە نیشاندانی ئەم پیشانگایەش وتی: پێموايە زۆرێك لە راگەياندنەكان کەمتر بايەخ بەم جۆرە كارو چالاكيانە دەدەن وەك ئەوبايەخەی بە چالاكيەكی سياسی دەدرێ، هەرچەندە زۆربەی چالاكيە هونەريەكانی كوردستان بەشێوەيەكی نارستەوخۆشبێ پەيامی سياسیش دەگەيەنێ بەوەی کە ميللەتێك بەناوی خەڵكی کوررردستان بوونی هەيەو خاوەنی کەلتوور و زمان و خاك و نەريتی خۆيەتی، بۆ ئەمكارەش چەندين دەزگای راگەيندنی کوردستان پەيوەنديان پێوەكردم و زانياريان وەرگرت بەڵام داوای لێبوردنيان کردو وتيان ناتوانين پەخشی بکەين چونکە ئێمە تەنها كارو چالاکی سياسی بڵاو دەکەينەوە.
زياد گەردی هەڵبژاردنی وڵاتی پۆڵەندای بۆ ئەم پیشانگایە بە گرنگی زانی و وتی: پۆلەندامان هەڵبژارد چونكە هونەر لەلای خەڵکی ئەم وڵاتە نرخ و بەهايێکی زۆر بەرزی هەيە هەروەها زۆر رێز لەكلتور و هونەری گەلانيتر دەگرن، پۆلەندا وڵاتێکە دامەزراوەی هونەری زۆری هەيەو هونەری كورديش بەهەموو بەشەکانيەوە لای ئەوان بايەخی خۆی هەيە، لەگەڵ ئەوەشدا تاڕادەيەك كەلتووری پۆلەندی جيا لەولاتانيديکەی ئەورووپی نزيکە لەکەلتووری كوردی، لەرووی سياسيشەوە لێكوەچوونێكی مێژوويی پۆلەنداو کوردستان هەيە لە دابەشكردنی وڵات و جينوسايدو بەرەنگاربوونەوەو ڕاپەڕين. ئێمەش پۆلەندامان هەڵبژارد بۆئەوەی پردێکی پەيوەندی كلتوری وهونەری لەنیوان هەرێمی كوردستان و پۆلەندا دروست بكەين. و زياتر وتی: هەرچەندە رەزامەنديمان وەرگرتووە کە هەموو ساڵێك لەهەمان وادەدا پێشانگايەکی لەم جۆرە پێشکەش بکەين بەهەمانچەشن لەگەڵ چەندين دەزگاو دامەزراوەی پۆلەندی رێككەوتووين کە وەرزيانەو ساڵانە چەند چالاكيەكی هونەری کوردستانی نمايش بکەين، بەڵام لەئێستاوە وا كار لەسەر كردنەوەی سێ پيشانگای شێوەكاری دەكەين دوانيان بۆ کۆتيايەکانی ئەمساڵ لە پاريس و شارێكيديکەی پۆلەندی، ئەويتريشيان کارمان لەسەر کردووە کە لەبەرلين ئەنجامی بدەين بەڵام دەکەوێتە ساڵی نوێ.
لە كۆتاییدا زیاد گەردی دەربارەی پێشوازی خەڵك لەو پیشانگایە وتی: پێشوازی خەڵك لەو چالاكيە هونەريەماندا زۆر لە خواستی ئێمە زياتريش بوو، هەرچەندە پێشبينی ئەوەمان دەكرد چونکە پێشتر چەندين کارو چالاکی هونەريمان بەجوانی و سەرکەوتوويی ئەنجامداوە کەجێی رەزامەندی بووە، ئەم كارەشمان تەنها لەكردنەوەی پیشانگايەكی شیوەکاری خۆی نەبينيبۆوە بەڵکوو لەتەك ئەوەدا چەند شتيترمان پیشکەشكرد وەك پێشكەشكردنی چەندين پارچە ميوزيكی کوردی، پێشکەشكردنی خواردن و شيرنەمەنی رەسەنی كوردەواری، هەروەها سەرەتای كردنەوەی پێسانگاکە بەچەندين وتار و وەسفكردنی مێژوو و کەلتووری كوردی بۆئامدەبووان و رێزلینان و پێشكەشكردنی دياری وەزارەتی رۆشنبيری ولاوانی هەرێمی كوردستان و پەيمانگەی هونەرە جوانەكانی كوردستان بۆ رێكخەران و بەرپرسانی پۆلەندی ، کە زۆرێک لەهونەرمەندان ورۆشنبيرانی پۆلەندی ئاماديی خۆيان نيشاندا کە لەئايندەدا ئەوانيش بەشداربن لەپیشكەشكردنی چالاکی هونەری لەهەرێمی کوردسان و كردنەوەی پردی پەيوەندی كلتووری لەنیوان هەرێمی كوردستان و پۆلەندا.
لەلایەن خۆیەوە بەڕێز ئەمیر دالی وەكو نوێنەری پەیمانگای هونەرە جوانەكان بەشداربوو گوتی: ئێمە وەكو گروپێكی شێوەكاری لە هەولێر و سلیمانی ئامانجمان ئەوە بووە كە بتوانین پێشانگایەكی هاوبەشی بكەینەوە لە شاری كراكۆڤی پۆلەندا بە مەبەستی ئالوگۆركردنی كەلتوری كوردی لەگەل كەلتوری پۆلەندا و رۆل و ئەركی ئیمە لەم پێشانگایە ئەوەبوو كەبە 20 تابلۆی جیاواز نیشانماندا كە شیوەكاری كوردیش شتیكی وای كەمتر نیە لەگەل شیوەكاری بیانی و ئەوانیش زۆر بە سەلیقەوە لە تابلۆكانیان دەروانی و لە كۆتا نمایشەكەماندا پۆلەندییەكان چەند تابلۆیەكیان گێرایەوە بۆ ئەوەی وەك سیمبولێكی نەتەوەكەمان لەلایەن خۆیان پارێزراو بێت.
شایەنی باسە هونەرمەندە بەشداربووەكانيش بريتی بوون لە:
ئەمير دالی
فەرهاد بيبۆ
تاڤگە حوسێن عەبدولقادر
پەيمان عەباس
هەڵمەت بابەكر ئاغا
کوێستان محمد
سەفەر عەباس ئاغا
دلشاد حوسێن
دێرين فەرهاد