هونەرمەند شەڤگر هۆڤك: لە باشووری كوردستان هونەرمەندان رۆڵێكی بەرچاویان هەبوو لە نێو پێشمەرگە

هونەرمەند شەڤگر هۆڤك: لە باشووری كوردستان هونەرمەندان رۆڵێكی بەرچاویان هەبوو لە نێو پێشمەرگە
بە هونەرمەندی پێشمەرگە ناسراوە و توانا بەهرە هونەرییەكانی خۆی بۆ سروودی و گۆرانی نیشتمانی و نەتەوەیی تەرخان كردووە، هونەرمەند شەڤگر هۆڤك لە رۆژئاوای كوردستانەوە گۆرانی بۆ گەورەیی بارزانی و سەربەخۆیی كوردستان و پێشمەرگە وتووە، لە دیمانەیەكدا بەم شێوەیە باس لە چەند وێستگەیەكی ژیانی خۆی دەكات.
گوڵان/ هەولێر
• هونەرمەندانی ئێستا توانیویانە لەسەر رێچكەی هونەرمەندە شۆڕشگێڕەكانی سەردەمی شۆڕشەكانی ئەیلول و گوڵان بەردەوام بن؟
- دوای شۆڕشی ئەیلول و گوڵان ژمارەی هونەرمەندە شۆڕشگێڕەكان كەم بوونەوە تەنانەت رەنگ و جۆری هونەری و شیعریش گۆڕانكاریی بەسەردا هات، بەجۆرێك هونەری سۆزداری بوونی زیاتر بوو و ژمارەیەكی كەم لە هونەرمەندان گرنگیان بە هونەری نەتەوەیی دا ئەوانیش لە تیپ و گروپە هونەرییەكان كاریان دەكرد، بۆ نموونە لە رۆژئاوای كوردستان تیپی نارین هەیە كە لە سەرەتای هەشتاكان دامەزراوە و سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان، من بەپرسی تیپەكەم تا ساڵی 1988، لەو تیپە چەند هونەرمەندێك هەبوون كە گۆرانی و سروودی نەتەوەییان دەگوت.
• بە ڕای تۆ لە كام پارچەی كوردستان هونەرمەندان توانییان تێنوویەتی جەماوەر بشكێنن؟
- هەر پارچەیەكی كوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، لە باشووری كوردستان كە كاریگەرن بە بارزانی و پێشمەرگە و شۆڕش و ئەنفال، واقعی كوردستان بەسەریاندا زاڵە و چەندین هونەرمەندی گەورە دەركەوتن كە رۆڵێكی بەرچاویان هەبوو لە نێو پێشمەرگە، بەڵام لە رۆژئاوای كوردستان ئێمە دووچاری ئەنفال نەبووینەتەوە، بەڵكو رووبەڕووی رژێمێكی دیكتاتۆری زیندان و راگواستن و تەعریب بووینەوە، بۆیە ناچار بوون گۆرانی بەسەر واقعی خۆیاندا بڵێن و ژمارەیەكی كەمیان لە هونەرەكەیاندا گۆرانییان بۆ بارزانی و قازی محەمەد و پێشمەرگە گوتووە.
• بۆچی زۆربەی گۆرانییەكانت شۆڕشگێڕین؟
- هیچ شتێك وەك خۆشەویستی كوردستان و پێشمەرگە و بارزانی و ئاڵای كوردستان پیرۆز نین، لەو كاتەی كە تەمەنم 13 ساڵان بوو بە یارمەتی باوكم كە هەمیشە شیعرەكانی مەلای جزیریی دەخوێندەوە هانیدام كە گۆرانی بۆ شۆڕشی كوردی و بارزانی بڵێم، لەو كاتەوە من عاشقی بارزانی و پێشمەرگەم و هەر عەشقێكی لە منداڵییەوە بێت سەركەوتوو دەبێت.
• بۆچی خۆت بە هونەرمەندی پێشمەرگە دەناسێنی؟
- لە كاروانی 45 ساڵەم لە نووسینی شیعر و گۆرانی وتن و لەژێر دەسەڵاتی رژێمی دیكتاتۆری سوریا، هەمیشە حەزم لە گۆرانی شۆڕشگێڕی بوو، من هونەرمەندێكی یاخی بووم لە رژێمی سوریا و گۆرانیم بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان وتووە، پیرۆزیی پێشمەرگە وای لێكردم كە هەست بكەم من پێشمەرگەی رێبازی بارزانیم لە كاری هونەری و سیاسەتیشدا، لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی وەزارەتی پێشمەرگە و عەمید هەڵگورد حیكمەت دەكەم كە مەدالیای پێشمەرگە و نازناوی هونەرمەندی پێشمەرگەیان پێ بەخشیم.
• نهێنیی خۆشەویستیت بۆ بارزانی لە گۆرانییەكانتدا چییە؟
- بارزانی گەورەی نەتەوەكەمان و رەمز و دامەزرێنەری رێبازی كوردایەتییە كە دروشمی سەربەخۆیی كوردستانە واتە (یان كوردستان یان نەمان)، من ئەو هونەرمەندەم كە بە سەدان گۆرانیم بۆ بارزانی وتوو، گەورەیی بارزانی لە ملیۆنان شیعر و گۆرانی و گشت چیاكانی بەرزتر و گەورەترە، خۆشەویستی بارزانی شەڤگری كردووە بە هونەرمەند و مرۆڤێكی نەتەوەیی، ئەگەر خۆشەویستی بارەزانی نەبوایە من ئێستا كەسێكی تری جیاواز دەبووم.
• رووبەڕووی ئاستەنگ بوویتەوە بەهۆی بەرهەمە هونەرییەكانت؟
- دەزگای ئەمنی رژێمی سوری چەندین جار دەستگیر كرام و تووشی لێدان و سووكایەتی بوومەوە، لەوانە ساڵی 1987 بوو كاتێك لەبەردەم سەدان هەزار كەس گۆرانییەكەم بۆ شەهید ئیدریس بارزانی وت لە نەورۆزی كیشكێ، هەر لەوێ هەواڵگری سوریان لەسەر تەختی شانۆ لێیاندام لەبەردەم ئەو هەموو كەسەوساڵێك و دوو مانگ دەستگیر كرام و لە فەرمانبەرێتی دەركرام لەلایەن رژێمی سوریاوە، بەڵام لە هەموویان ناخۆشتر ئاستەنگەكانی پەكەكە بوو لە ئەوروپا و سوریا و لێیاندام و ژیانی منیان كردە دۆزەخ تەنیا لەبەر ئەوەی رەخنەم لە سیاسەتەكانیان گرت لە هەر چوار پارچەی كوردستان.
• چۆن وەسفی پێشمەرگە دەكەی كە ناونیشانی كارە هونەرییەكانی تۆیە؟
- بە شێر و پاڵەوان، چونكە ناونیشان ئاسایش و ئارامی كوردستانە، ناوی پێشمەرگە پیرۆزترین ناوە، خودی سەرۆك بارزانی بە شانازییەوە دەڵێ من پێشمەرگەم ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە پێشمەرگە بەرزترین پلەیە لای جەنابیان.
• لە چاوپێكەوتنت لەگەڵ جەنابی سەرۆك هەستت بەچی كرد؟
- هەستم بەوە كرد كە سەرۆك بارزانی باوكێكی میهرەبانە بەپەرۆشە بۆ گشت شۆڕشگێڕەكان سەرەڕای سەختی بارودۆخەكە، چاوم پڕ فرمێسك بوون كاتێك فەرمووی من چەندین ساڵە تۆ دەناسم، تۆ دڵسۆزێكی رێبازی بارزانی نەمرە و پابەندی بە هونەری شۆڕشگێڕییەوە، تۆ یەكێكی لە ئێمە، هەروەها پرسیاری ئەحواڵی من و خانەوادەكەمی كرد، ئەو فرمێسكانە لە ژیانمدا بە پیرۆزترین فرمێسك دەمێننەوە. تێبینی ئەوەم كرد كە جەنابی سەرۆك هیوایەكی مەزنی بە سەربەخۆیی كوردستان هەیە، بۆیە دەڵێم بارزانی گەورەی نەتەوەی كوردە و تا لە ژیاندا مابم خۆم بە قەرزداری جەنابیان دەزانم و بەڵێن دەدەم كە لەسەر رێبازی پیرۆزی بارزانی بەردەوام تا دوایین رۆژی تەمەنم.
• دوایین كاری هونەریت چییە؟
- ئێستا سەرقاڵی ئامادە كردنی ئەلبوومێكی نوێم بە ناوی ( ب تنێ تو سەروك و رێبەری مەی بارزانی) كە بە شێوەی كلیپیش بڵاوی دەكەمەوە.
Top