ئێمە لە کۆتایی فیلمەکەداین!
کە منداڵ بووین، خەونی ئەوەمان ھەبوو گەورەبین، کە گەورەش بووین، لە خەمی دروست کردنی ژیانێک بووین، کە پڕ بێ لە بەخشش و داھێنان، کە چووینە بەر خوێندنیش، بە ئاواتەوەبووین، کە ڕۆژگارێک دابێ بە بڕوانامە و ئەزموونی خۆمان داکۆکیی لە خەمی خەڵک بکەین، کە زێتر لە ھەموو خەڵکی دنیا ئازاری چەشتووە، کە بووین بە خاوەن بڕوانامە و دامەزراشین و کورسییەکی بەرپرسیارێتیمان پێبەخشرا، ھێندەی دیکە ئەرکەکان سەختتر بوون!، چونکە ئیدی ئێمە نابێ تەنیا بۆ خۆمان بژین، بەڵکو ئێمە ئێستا بووین بە نوێنەری خەڵکێکی داماو، کە چاوی بڕیووەتە بچووکترین خزمەتگوزاریی، تەنانەت بۆ کارەبا و ئاو و قیرتاو و مووچە ھاواری لێ ھەڵدەستێ...
•کە بووین بە بەرپرس، خەمەکانمان زیاتر بوون، بە جۆرێک، کە ھیچ ھەوڵێک لەمەولا بۆ خۆت نین، بەڵکو ھەموو ھەوڵێک بۆ لاواندنەوەی دڵی دایکی شەھید و پێشمەرگە و ھاوڵاتیەکی داماو و لێقەوماوە، چونکە لە ھزری ئێمەدا کورسی بەرپرسیارێتی بۆ خۆبادان نیە!، بگرە بەرپرسیارێتی لەم قۆناغەدا ھەتا بڵێی سەختە، چونکە بوودجەیەکی پێویست لەبەردەست نیە، بەڵام ئەوەش مانای ئەوە ناگەیەنێ، کە بەرپرس گوێ بە فرمێسکی خەڵکی ماندوونەناس نەدات.
•کە لە قۆناغەکانی خوێندن دابووم، زۆر بە پەرۆش بووم، بۆ ئەوەی لە بواری ھونەردا کە وەک دەرچووێکی ئەکادیمی لە بواری ھونەری سینەمادا، لە ھەوڵی گەیاندنی پەیامی پیرۆزی ھونەردا کار دەکەم، خۆزگە و ھیوای زۆرم ھەیە و ھەردەمێنێ، کە ڕۆژگار ڕێگەم بدا لە سووچێکی نیشتماندا بچووکترین خزمەت بەو بوارە بکەم، چونکە ھونەری ئێمە پەیامێکی گەورەیە، بەر لەوەی ھونەریش بێت، توخمێکی تێکەڵاوە بە سیاسەت، سینەماکاران یاخوود بڵێین فیلمسازان، سیاستوانی ڕاستگۆیی نێو ڕۆڵەکانی سینەمان.
•ئەوەی لە ئەرکی ئێمەدا بوو، پێشکەشمان کرد، بە قسەی ڕووت نا، بەڵکو بە ھەڵدانەوەی مێژووی چەند ساڵەی کارکردنمان لەو بوارە، تەنانەت بۆ خۆمان نەژیاین و ھەمیشە بە دوای پڕۆژە و خەونەکانمان وێڵ بووین، ھەرنەبێ، چاومان لەوە بووە مشتێک بخەینە سەر خەروارێک، چونکە ئامانجی ئێمە ڕۆشن بووە، کە تەنیا خزمەتی نیشتمانێکە ئەویش بێ ناونیشان.
ئەگەر لە ساڵانی رابردوو بڕوانین بەتایبەتی دوای راپەرینی پیرۆزی گەلی كوردستان لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، سەرەڕای ئەوەی میللەتەكەمان بە دۆخێكی سەخت و دژواری ئابووری، كۆمەڵایەتی، سیاسی و ئەمنیدا تێدەپەڕی و دوژمنان لە هەرچوار لاوە دەوریان دابووین و خەریكی پیلانگێڕی و رێكەوتنی ژێربەژێر بوون دژی میللەتەكەمان و لەبار بردنی خەونە مێژووەكانی بوونی، بەڵام بە خۆڕاگری و كۆڵ نەدان میللەتەكەمان كۆڵی نەدا و توانیی ئەو قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت و لەو كاتەی كە میللەتانی ناوچەكە بە ئەلف و بێی دیموكراتی نامۆ بوون، ئێمە لەو ساتەوەختەدا توانیمان بڕیار بەڕێوەبردنی وڵات بۆ میللەت جێبهێڵین بۆ ئەوەی لە رێگای هەڵبژاردنەوە و لە پرۆسەیەكی دیموكراتیدا تاك و بێ وێنەدا و سەرەڕای سەختییەكان، حكومەت و پەرلەمانمان دامەزراند ئەگەرچی بێ كەموكوڕیش نەبوو.
لەو ماوەیەدا هونەرمەندان بە گشتی رۆڵێكی بەرچاویان هەبوو لە بەرگری كردن لەو ئەزمونەی و هەوڵدان بۆ سەرخستنی، چونكە وێڕای ئەوەی لە سەرەتادا ئیمكانیاتەكان وەك پێویست نەبوون، بەڵام ژینگەیەكی لەبار بوو بۆ بەرهەمهێنانی دەیان فیلمی درێژ، كورتە فیلم ، فیلمی دیكۆمنتاری كە گوزارشتیان لە خەبات و قوربانی و كارەساتەكانی میللەتەكەمان دەكرد وەك ئەنفالی، كیمیاباران، كۆڕەوە مێژووییەكەی میللەتی كورد، لەو رووەوەش حكومەتی هەرێم درێغی نەكرد لە هاوكاری و یارمەتیدانی سینەماكاران ئەگەرچی لە ئاست خواستی سینەماكاراندا نەبوو و دەكرا بەو ئیمكانیاتەی كە حكومەت بۆ بواری هونەری دابینی كردبوو كاری زیاتر و باشتر ئەنجام بدرێت.
قوربانیدانی هونەرمەندانی بواری نواندن (بە گشتی) لە دوای هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان گەیشتە لوتكە، چونكە باری دارایی حكومەت لەو پەڕی خراپیدا بوو بەجۆرێك نەیدەتوانی تەنانەت مووچەی فەرمانبەرانیش لە كاتی خۆیدا دابەش بكات، لەم ساتە وەختە دژوارەدا هونەرمەندان بەشێوەیەكی خۆبەخشانە شان بە شانی پێشمەرگە قارەمانەكان هاتنە مەیدان و دەیان كاری خۆبەخشیان پێشكەش كرد كە گوزارشتیان لە قوربانی و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان دەكردەوە لەو شەڕەی كە لە جیاتی جیهان نەبەردی و قارەمانیەتی تۆمار دەكرد و توانیی ئەو ئەفسانەیەی كە بەرۆكی جیهانی كرد بوو پوچەڵ بكاتەوە، لەم قۆناغەشدا هونەرمەندان رۆڵێكی بەرچاو و شایستەیان هەبوو لە گەیاندنی ئەم داستانانە بە جیهان،بەشێكی ئەو فیلمانەی لەو قۆناغەدا بەرهەمهاتن لە فیستیڤاڵە جیهانییەكان بەشدارییان كرد و توانییان چەندین خەڵاتی جیهانی بەدەست بهێنن.
•ئیدی، لێرە بەدوا، کە ھیچ بایەخمان بە ئازاری تاکە کەسی خۆمان نەداوە، دەبێ ناونیشانێک بۆ ژیان ھەڵبژێرین و بە خۆمان بڵێین (لە کۆتایی فیلمەکەداین!)، چونکە دەربڕینی ڕاستیەکە کە ئێمە ژیان لە دڵی کەسانێکدا دەبینینەوە، کە ھەزار خۆزگە بەدی نەھاتوویان ھەیە و چاویان لە دەستی بەرپرسێکی ئەو نیشتمانە، جا لەوەشیان دا، ئێمە تا چەند دەتوانین کورسی جوان بکەین بە کار و گوێگرتن لە خەمی خەڵک، یان کورسی دەواڕ بکەین بە ڕێگەیەک بۆ خۆبادان و ناشیرین کردنی ئەرکی بەرپرسیارێتی!.