كاراكتەری (رەفیق) لە درامای ئوتێلی لانەوازاندا

كاراكتەری (رەفیق) لە درامای  ئوتێلی لانەوازاندا
كاراكتەری (رەفیق) لە درامای
ئوتێلی لانەوازاندا

حەمە ڕەشید هەرەس
ئوتێلی لانەوازان، یەكەم بەرهەمی (تیپی پێشڕەوی شانۆی كوردی) ئەو دراما تەلەفیزیۆنییەی زۆربەی كورد دیوێتی و لە كاتی خۆیدا و بە ئێستاشەوە دەنگێكی جوانی دایەوە و، لە هزری خەڵكی كوردا تۆمار بووە، ئەمەوێت منیش وەك كاراكتەری رەفیق لەو درامایەدا، بەرچاوڕوونییەك بدەم بە بینەرانی ئەو درامایە، چونكە كەسانێكی زۆر پرسیارگەلێك لە هزریاندا دەربارەی ئەو درامایە دێت و دەچێت. جا لە چەمكی كاراكتەری رەفیقەوە وەڵامی هەندێك لەو پرسیارانە دەدەمەوە.
ئوتێلی لانەوازان درامایەكی عەرەبی بوو (ثامر مطر) نووسەرەكەیەتی. ئەم درامایە لە هەشت بەش پێكهاتبوو، لە رەقابەی دەق چوار بەشیان لی قرتاند و چوار بەشی مایەوە. كەواتە ئەو درامایە كە نیوەی لابرا، ئێمە نەمانهێشت بینەر بزانێت، كە نێوە درامایەكمان پێشكەش كردووە.
رەفیق تاكە كاراكتەری دراماكە بوو كە لایەنی خێر بوو، ئەوانی تر هەمووی كەسانی نامۆی ناو كۆمەڵگە بوون. لەو قرتاندنەی رەقابەی دەقدا، دوو بینراوی بەهێزی رەفیقیشی تیا قرتا، كە مایەی نیگەرانییەكی زۆرم بوو.
رۆژێكی مانگی هەشتی ساڵی ١٩٧٣بوو، لە كوردستان مانگرتنی سەرتاسەری بوو، دژی رژێمی بەعس و پاشگەزبوونەوەی لە پەیمانی یانزەی ئازار، ئەو رۆژە ئێمە بەرەو بەغدا رۆیشتین بۆ تۆماركردنی دراماكە. باری دەروونیی هەر یەكێكمان لەو پەڕی داخزاندا بوو، جگە لەوەش لەناو خۆمانا ئەو كاتە ئەوەندە كۆك نەبووین، بە كورتی ببووین بە دوو بەرەوە، شیروتیرمان لە یەك دەسوو، هۆكارەكەشی كەڵەكەبوونی زۆر شتی خودی و بابەتیی بوو، ئێمە (بەندە و دڵشاد مەریوانی و رەوف حەسەن و ئەحمەد سالار)، ئەوانی بەرامبەریشمان (تەها باراوی و كەمال سابیر و بە پلەی یەكەم و ئەو بەڕێزانەی تری ناو دراماكە و دەرەوەی). ئەمە مێژووی ئەو كاتەی ئەندامانی ئەو تیپە بوو، دەبێت بوترێت.
ئەو رۆژەی لە ستۆدیۆ تۆمارمان كرد، هەر لە بەیانی زووەوە ئێمەیان برد بۆ ئەوێ، درەنگانێكی شەو تۆمارمان كرد. ئەو كاتە كاربەدەستە عەرەبەكان بە هەموو شێوازێك ئازاری دەروونیان دەداین.
جا وەرە بیر بكەنەوە، لە لایەك كێشەی ناوخۆمان و لە لایەك كێشە لەگەڵ كاربەدەستانی عەرەب.
ئەو كاتە دڵم زۆر تەنگ بوو، دەترسام نەتوانم لە كاتی تۆماركردندا، بە جوانی بچمە ناو رۆڵەكەمەوە، بیرم كردەوە، بچمە دەرەوەی ستۆدیۆكە پیاسەیەك بكەم.
چوومە ئەوبەر جادەكەوە، بیرم نەبوو، بزانم ئەمە كۆشكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی شۆڕشی بەعسە، ئەوەندەم زانی لە سێ چوار لاوە بۆم هاتن و چەكیان لێ سوار كردم، ئەفسەرێكم لێ هاتە پێشەوە و دەستی كرد بە پرسیاركردن و سووكایەتی پێكردنم، منیش زۆر بە ساردییەوە وەڵامم دەدایەوە، چونكە بیزانیایە دەترسم كێشەكەم سەختتر دەبوو، زۆر ماندوویان كردم. دواجار رەوف حەسەن و برادەرێكی ترمان لە دوورە منیان دی و هاتن بە هانامەوە، من چیم بە ئەفسەرەكە وت، ئەوانیش دووبارەیان كردەوە، پاش گێرمەوكیشە رێگایان دام بڕۆمەوە بەرەو ستۆدیۆكە، بەو رەوشە دەروونییەوە ئەو رۆڵەم بینی كە بینەرانی بەڕێز پێی ئاشنا بوون.
ئەو شوێنەی ئەو درامایەمان لێ تۆمار كرد، هەمان ئەو شوێنە بوو كە عەبدولكەریم قاسم-یان تێدا گوللەباران كرد، جێگای فیشەكەكان هیشتا بە دیوارەكەوە مابوون، ئەوەش ئازارێكی تری ویژدانی بۆ هونەرمەندێكی خاوەن هەست، كە دەبێت بە هەموو شێوەیەك ژینگەی بۆ بڕەخسێت داهینان لە رۆڵەكەیدا بكات.
خۆزگە هەندێك نەریتی سەپاو كۆسپ نەدەبوون لە وتنی زۆر چەمكی هەستیار كە بە خوتوخۆڕایی بوونەتە لەمپەر، لە رێگای پیرۆزی خزمەتكردنی كۆمەڵگە.
بمێنن بە دڵی خۆتان.
Top