کۆمپانیا چینییەکان روو دەکەنە هەرێم

کۆمپانیا چینییەکان روو دەکەنە هەرێم
لە ئاهەنگێكی قەشەنگدا كە رۆژی 28/8/2018 لە بارەگای سەرەكی كۆمپانیای نهج العراق لە هەولێری پایتەخت بە ئامادەبوونی نی روتیش كونسوڵی گشتی كۆماری چینی میللی و نوێنەری پارێزگای هەولێر و ژمارەیەكی زۆر لە میدیاكاران و هاووڵاتیان بەڕێوەچوو، پەردە لەسەر ئۆتۆمبیلی HAVAL H6 ی تەواو نوێ لادرا.
بەم بۆنەیەوە سەدام سالار بەڕێَوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای نهج العرق وتی: دوای ئەوەی لە هەر یەكە لە بەغدا و بەسرا ئۆتۆمبیلی HAVAL H6 ی تەواو نوێمان نمایش كرد بە باشمان زانی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانیش ئەم هەنگاوە بنێین ئەمەش بە هۆی جێگری بارودۆخی ئەمنی و ئەو گەشانەوەی و پەرەسەندنەی كە لە داهاتوودا هەرێمی كوردستان بەخۆیەوە دەبینێت، ئەم ئۆتۆمبیلە نوێیە چەندین تایبەتمەندیی تێدایە كە لە ماركە بەناوبانگە جیهانییەكاندا هەیە وەك مەرسیدس بێنز، ئۆودی و بی ئێم دەبلیۆ لە رووی پتەوی و سەلامەتی و تەكنۆلۆژیای نوێ لە پیشەسازیی ئۆتۆمبیلدا، بۆیە ئۆتۆمبیلی HAVAL H6 ی تەواو نوێ هیچی لە ئۆتۆمبیلانە كەمتر نییە، بەڵكو زۆر لە تەكنولۆژیای سەردەم لە ئۆتۆمبیلی HAVAL H6 دابەدی دەكرێت كە لە ماركەكانی دیكەدا نییە، ئەمە سەرەڕای لەبەرچاو گرتنی بارودۆخی ئابووری خەڵكی هەرێم لە بوارەی نرخەكانییەوە كە زۆر گونجاون.
نی روتش كونسوڵی گشتی كۆماری چینی میللی ئەم هەنگاوەی بە گرنگ وپێویست زانی و وتی: هیوادارم ئەمە ببێتە هەنگاوێكی گرنگ بۆ خستنەر ووی بەرهەمە رەسەنەكانی چین، ئێمە بازاڕی عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی بە گرنگ دەزانین، ئەمەش بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و سەقامگیری بەرچاوی بازاڕەكە و ئەو ئاسانكارییانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەشی دەكات بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر بۆیە ئێمە هانی كۆمپانیا چینییە بەناوبانگەكانی دەدەین بۆ ئەوەی لە هەرێم سەرمایەداری بكەن، هیوادارم خستنەرووی ئۆتۆمبیلی HAVAL H6 ی تەواو نوێ هەنگاوێكی گرنگ بێت بۆ ئەوەی كۆمپانیاكانی دیكەش روو لە هەرێمی كوردستان بكەن و نموونەیەكی باشی بەرهەمە چینییەكان نیشان بدەن.
لەلایەن خۆیەوە نوێنەری پارێزگای هەولێر پیرۆزبایی ئەم هەنگاوەی كۆمپانیای نهج العرق كرد و وتی: لە چوار ساڵی رابردوودا هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی سەختی ئابووری بۆوە بە هۆی شەڕی سەپێنراوی داعش دژ بە هەرێمی كوردستان و نەبوونی بودجە و موچە بۆ هەرێمی كوردستان كە كاریگەرییەكی نەرێنیی هەبووە لەسەر سەرمایەداریی ناوخۆیی و بیانی لە هەرێم، بەڵام بەهۆی سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیمان ئەو بارودۆخە سەختە تێپەڕێنین و ئێستا بەرەو ئایندەیەكی گەشتر لە رووی ئابوورییەوە هەنگاو دەنێین، ئەم ئاهەنگەی خستنەرووی ئۆتۆمبیلی HAVAL H6 بەڵگەیەكی ئاشكرایە لەسەر ئەوەی كە داهاتووی هەرێم گەشتر دەبێت.
نوێنەری پارێزگای هەولێر ئامادەیی پارێزگای دەربڕی بۆ پێشكەش كردنی هەموو ئاسانكارییەك بۆ كۆمپانیا بیانییەكان بۆ ئەوەی سەرمایەكانیان لە هەرێم بە گشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی بخەنە كار لە هەموو سێكتەرەكان.
ئامادەکردنی/ خەلیل بلەیی
Top