ئەمەل سەعید کوردە: هەوڵ دەدەم خەڵكانی دیكە سوود لە ئەزموونی هونەریم وەربگرن

ئەمەل سەعید کوردە: هەوڵ دەدەم خەڵكانی دیكە سوود لە ئەزموونی هونەریم وەربگرن
نزیکەی 20 ساڵ دەبێت ئەمەل سەعید کوردە دەستی بە کاری هونەری کردووە، یەکەمین هەنگاوی گۆرانی گوتنی ئەمەل لە پەیمانگە ئەو کاتە دەستیپێکرد، کە چووەتەسەر تەختی شانۆ راستەوخۆ گۆرانی پێشكەش بەئامادەبووان کردووە، بەڵام گۆرانی سنوور ئارامبە دەرگای ناوبانگی لەسەر ئەم خانمە هونەرمەندە کردەوە، ئەمەل ماوەی چەند ساڵێکە لە بەریتانیا دەژیت و دواین پرۆژەشی، کارنامەی دەرچوونی زانکۆ بووە لە لەندەن، کە بەناوی (بریقەیەکی کوردی لە میوزیکی جازدا) پێشكەشی کردووە، ئەو لەو کارنامەیەدا کەلتووری کوردی و رۆژئاوایی بەتایبەتی ستایلی جازمیوزیک لەگەڵ میوزیکی کوردی تێکەڵکێشکردووە، لە دەرفەتێكدا ئەمەل سەعید كوردە بەم شێوەی راو سەرنجی خۆی دەربارەی چەند پرسێك خستەروو.
ئەمەل سەعید لە رێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سۆشیال میدیا وانەی موزیك دەڵێتەوە لەم بارەوە دەڵێ:
دوای وەرگرتنی بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە بواری موزیك، حەزم کردووە ئەوەی من فێربوومە بیگوازمەوە بۆ خەڵکانی دیکەو سوود لە کارەکانی من ببینن، من پێموایە هەندێ لە هاوڕێیە گۆرانیبێژەکانیشم پێویستیان بەو تەکنیک و شێوازە نوێیانەی گۆرانی گوتن هەیە، کە ئێمە پێشتر نەمانزانیوە، مەبەستەم ئەوەیە، کە ئێمە هەموومان پێویستمان بەوەیە ساڵانە خۆمان بەتەکنیک و کاری نوێی ئەپدێت بکەینەوە، پاشان من هەواڵمداوە ئەو تەکنیکانەی لە ماوەی چوار ساڵی زانکۆ فێری بوومە، لە ڤیدیۆیەکدا کورتی بکەمەوە، تاوەکو هەموو کەسێک لێ سوودمەند بێت، هەروەها سەرەتاش من بەڵێنم بەخۆمدابوو، کە دوای ئەوەی زانکۆ بەسەرکەوتووی تەواو دەکەم، هیچ بەخیلییەک لە زانیارییەکان نەکەم و لەگەڵ هاونیشتمانیانم بەشی بکەم.
دەربارەی شارەزایی و بە ئەكادیمی بوون لە بواری هونەرییەوە تا چەند سوودی بۆ هونەرمەند هەیە؟ بڕوانامەكان چی نوێ دەخەنە سەر كاری هونەرمەندان ئەمەل دەڵێ:
- بێگومان خوێندن بەشێوەی ئەكادیمی لە بواری هونەری كاریگەری بەسەر هونەرمەنددا هەیە هێشتا گۆڕانکاری لەسەر ژیانی من رەنگی نەداوەتەوە، بەڵام من زۆر خۆشحاڵم و دڵم پێخۆشە، کە توانیوومە ببمە خاوەنی بەکالۆریۆس، بەتایبەتی كە بوارەی من تێیدا بڕوانامەم هەیە بەشێكی موزیكی رۆژئاوایە ئەویش ستایلی میوزیکی جازە، من یەکێکم لەو ئافرەتە هونەرمەندانەی باشووری کوردستان، کە لەم جۆرە ستایلە بڕوانامەم وەرگرتووە، کە ئێستا میوزیکی سەردەمی پێدەڵێن، بەتایبەتی جازمیوزیک.
ئەمەل پێیوایە كە لەمەودوا بە حوكمی بڕوانامەكەی ستایلی گۆرانی وتنیشی دەگۆڕێت و دەڵێ:
بە حوكمی بڕوانامە و خوێندنم لەو بوارەوە هەوڵدەدەم گۆڕانکاری بەسەر ستایلی کارەکانم بهێنم، مامۆستاكانی زانکۆش كە سەرپەرشتی خوێندنی منیان كردووە بەردەوام ئامۆژگارییان كردووم كە ناكرێ ستایلەكەم لەگەڵ خوێندنەكەم جیاواز بێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی دواین کارنامەی زانکۆمیان بینی، نمرەیەکی باشم لەسەر هێنا، زۆریان ئامۆژگاری ئەوەیان کردم،کە دەست بکەم بە تۆمارکردنی ئەو گۆرانیانەی لە تێزی نامەی بکالۆریۆسەکەم پێشكەشکردووە، کە جاز و بلوزم لەگەڵ میوزیکی کوردییدا تێکەڵکردووە، کە ئەوان بە دڵیان بووبێت، زۆربەیان خاوەن دکتۆرا و ماستەربوون، کەواتە بۆ لای خۆمان قبوڵمان نەبێت و نەیکەین؟.
سەبارەت بە گرنگی مەقام بۆ هونەرمەندان و شارەزا بوون لە مەقام ئەمەل پێیوایە:
بێگومان زۆر گرنگە، بەڵام پێش شارەزا بوون لە مەقامەکان، پێویستە گۆرانیبێژەکان هیچ نەبێ بنچینەو بنەمایەکی باش لە میوزیک و تیورەییەکانی بزانن، پاشان با بێنە سەر مەقامزانین، چونکە مەقام هەموو کەسێک ناتوانێت کاری لەسەر بکات، لەبەر ئەوەی هێندە ئاسان نییە، من خۆشم بە یەکێک لە مەقامزانەکان نازانم، لەبەر ئەوەی من دەزانم مەقام بچڕم، بەڵام لە هەموو وردەکارییەکانی مەقام شارەزا نیم، هەڵبەتە هەواڵمداوە ئەو مەقامانەی دەیچڕم زانیاری لەسەر کۆ بکەمەوە، بۆ ئەوەی بە نەزانی مەقامەکە نەڵێم.
سەبارەت بە هێنانی ستایلی بیانی بەتایبەتی رۆژئاواییەكان بۆ نێو هونەری كوردی كە هەندێك كەس بە توندی دژی دەوەستنەوە دەڵێ: ئێمە دەبێت ئەوە بزانین، هیچ کام لە ئێمە پێشتر، هیچ زانیارییەک نازانین، دواتر بە قسەکردن و رۆیشتن و خواردن لە گەورەکان فێردەبین و کۆپی ئەوان دەبین، لەبەر ئەوەی ئەو ستایلە ، لە نێو کوردا زۆر بەکەمی کاری لەسەرکراوە، بێگومان دەبێت لەسەرەتاوە بەکۆپی دەست پێ بکەین، من پێموایە میوزیکی کوردی لەمبارییەوە زۆر سوود دەبینێت، وەکو چۆن دارێک دەهێنین دوو جۆرە میوەی موتروبەی دەکەین، تام وچێژێکی تایبەت دەبەخشێت، تێکەڵکێشکردنی میوزیکی رۆژئاوایی و کوردیش بەهەمان جۆر تام وچێژێکی تایبەت دەبەخشێت و پێموایە بەسوودی گۆرانی و میوزیکی کوردی دەشکێتەوە.
Top