سەما ئیسماعیلی: ئاستی سینەمای کوردی لە شوێنی خۆی وەستاوە بەرەوپێش نەچووە

سەما ئیسماعیلی: ئاستی سینەمای کوردی لە شوێنی خۆی وەستاوە بەرەوپێش نەچووە
ساڵی 1986 لەدایکبووە، کورد نییە بەڵام بە کوردییەکی رەوان قسەدەکات، بڕوانامەی دبلومی لە هونەری شێوەکار و نیگارکێشی وەرگرتووە، بەڵام حەزی سەما تەنیا لە شێوەکاری قەتیس نابێت و پەی بۆ هونەری مەیک ئەپی فیلمی سینەما دەبات، زۆرجاریش وێنەی جوان و پڕهێژا دەگرێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان دەکاتەوەو دەنگدانەوەی زۆر لە نێو خەڵک دروست دەکات، کاری مۆدێل و نمایشكاریش دەکات، بەڵام خۆی وەکو مۆدێل و نمایشکار نابینێت.
سەبارەت بە کارەکەی خۆی دەڵێ: هونەر دەریایەکی بێ بنە، هەرچەند بزانیت هێشتا لەسەرەتایی، بۆیە هونەری مەیکئەپ لای من حەزێکی لەمێژینە بوو، ئەو کاتەی کاری مەیک ئەپی سینەماییم لە کوردستان دەستپێکرد، کەم کەس ئەم کارەیان دەکرد، بەهۆی ئەوەی من دەرچووی بەشی نیگارکێشی بووم، بۆ من کەمێک ئاسانتر بوو، چونکە زۆر لەیەکەوە نزیکن، لە هەڵبژاردنی رەنگ و شێواز فۆرمدا هونەری شێوەکاری زۆر هاوکارو یارمەتی دەرمبووە، بۆیە هەر لەسەرەتاوە عاشقی جیهانی رەنگ و مەیک ئەپ و نیگارکێشی بووم.

هەر لە ئێرانەوە خولیای ئەم کارە بووە و لە کوردستانیش بەردەوامیی پێداوە، لەم بارەوە دەڵێ: سەرەتای کاری مەیک ئاپی سینەماییم لە ئێران بوو، لەوێ لە دوو کورتەفیلمدا کاری مەیک ئەپم کردبوو، بەڵام دواتر کە لە ساڵی 2010 هاتمە کوردستان لەگەڵ دەرهێنەری گەنج رێکار ئەحمەد کارم کردوو ناوبانگی زیاترم بەدەست هێنا، دواتر لە چەند تیڤییەکی کوردی وەکو مەیک ئاپ ئارتیست کارم کردووە.

جگە لە سینەما مەیک ئاپم بۆ بەشێکی زۆری ڤیدیۆکلیپی گۆرانیبێژانی کوردستان کارم کردووە، کە نزیکەی لە 450 ڤیدیۆکلیپ بەشداریم کردووە، هەروەها لەگەڵ هونەرمەندانی عێراقیش کارم کردووە، هەروەها بەشێکی زۆری ئەو ریکلامانەی لە کوردستان دەکرێت سەرپەرشتیاری مەیک ئەپ و هەڵبژاردنی جلوبەرگم کردووە.

سەبارەت بە مەیک ئەپی سینەمایی لە کوردستان سەما دەڵێ: زۆر بەکەمی کار لەسەر هونەری مەیک ئەپی سینەمایی کراوە، لە کۆلیژەکانی هونەریش لە کوردستان زۆر گرنگی بەم بوارە نەدراوە، لە کوردستان فیلمی سینەمایی هێندە زۆر بەرهەم نایەت ئەو فیلمانەی بەرهەمیش دێن بەشێکی کەمی نەبێت کوالێتیان زۆر باش نییە، دواتر کەرەستەی مەیک ئەپی سینەمایی باش و بە کوالێتی لەناو کوردستان نییە، کە لە نێو سینەما پێدەگوترێت ئیفێکت مەیک ئەپ، بەناچاری لە ئێران و وڵاتانی دیکە ئەو کەرەستانە پەیدا دەکەین و رۆژ دوای رۆژی کاری نوێ و مەوادی نوێتر دێتە نێو بواری سینەما.
سەما دەربارەی کاری مۆدێل دەڵێ: من خۆم وەکو مۆدێل دانانێم، چونکە پێوەری ستانداردی هەیە، مۆدێلی حەز و خولیایەکی تایبەتی خۆمە ، بەڵام دوای ئەوەی شەڕی داعش دەستی پێکرد، کاری سینەمای و ڤیدیۆکلیپ لەکوردستان زۆر کەمبوویەوە، من رووم لە مۆدێلی کرد، حەزمکرد بە خەڵک بڵێم کە من هەر لە کاری هونەری بەردەوامم، چونکە من پێموایە هەر کەسێک لە بواری هونەری کار بکات، هەرگیز ناتوانێت بەبێ ئیش لەماڵەوە دابنیشێت، بۆیە هەردەم هەوڵی بەردەوامی لە بوارەکانی هونەر دەدات.
: بڕیار بوو وەکو ئەکتەر لە فیلمێکی کوردی بەشداری بکەی، کە باسی لە شەڕی داعش دەکرد، ئەم فیلمە گەیشت بەکوێ؟
سەما: بەڵێ وەکو ئەکتەر بەشداریم لە فیلمێکی کوردی کرد، کە لە نووسینی محەممەد موحسین و لە دەرهێنانی جوان بامەڕنی بوو، لەبەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگەو داعش وێنەی فیلمەکەمان گرت، بەڵام بەداخەوە کێشەی بەرهەمهێنانی هەبووەو تاوەکو ئێستا لەسینەماکانی کوردستان نمایش نەکراوە.
: ئاستی سینەمای کوردی لەم قۆناخە چۆن دەبینی؟
سەما: پێموایە لەم قۆناخەدا ئاستی سینەمای کوردی لە شوێنی خۆی وەستاوە بەرەوپێش نەچووە، بەڵام ئەگەر سەیری دروسێیەکانی کوردستان بکەین، وەکو ئێران، تورکیاو دەبینین سینەماکان بەرناکەون، بۆ؟ چونکە فیلمی سینەمایی بەهێزیان هەیە، خەڵک بە تامەزرۆییەوە سەیریان دەکات، بەڵام ئەمە لە کوردستان نابیندرێت.

: سەما لە دایک وباوکێکی ئێرانییە، بەڵام چۆن فێری زمانی کوردی بووە؟
سەما: خۆی زمانی کوردی کەمێک نزیکەلە زمانی فارسی، دواتریش هەر لەیەکەمجار کە هاتمە کوردستان هەستم کرد، ئەوە وڵاتی خۆمە، ئێستاش هەمان راوبۆچوونم هەیە، لە کوردستان هیچ هەست بەغەریبی ناکەم، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی کوردستان زۆر میهرەبان و میواندۆستن، بۆیە هەمیشە خۆشمدەوێن و لە پێناوی ئەوان کاردەکەم.
: دوایین پرۆژەکانی سەما چین؟
سەما: هەمیشە هیوایەتی من ئەوە بووە، کار بۆ منداڵانی بێسەرپەرشت و بێ ماڵ وجێ بکەم، پرۆژەیەکی مەزنم لەو بوارە هەیە، کە ماوەیەکی زۆرە کاری بۆ دەکەم، بۆیە پێویستم بە سپۆنسەر و هاوکاری هەموو کەسێکە، ئەو پڕۆژەیەم ئەوەیە، کە فێری هەموو جۆرە هونەرێکیان بکەین، بۆ ئەوەی لەم رێگایەوە خزمەت بە کوردستان بکەن و بتوانن بژیوی ژیانی خۆیان دابین بکەن، چونکە هونەر لە هەموو شوێنک پێگەی تایبەت بەخۆی هەیە.
Top