گەنج و خۆشەویستیی نیشتمان
ئەمڕۆ لە زۆر لە وڵاتاندا شەڕ و توندوتیژی بە هەموو شێوازەکانیەوە پەرەی سەندووە و بەهۆیەوە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی تووشی دڵەڕاوکێ و نائارامی بۆتەوە و وڵاتەکانیشیان تووشی ناسەقامگیری و کارەسات هاتوون، ئەفعانستان و سوریا و لیبیا و یەمەن و عێراق و بەشێک لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقیا، بەدەست شەڕ و توندوتیژی دەناڵێنن و توندڕەوی و تیرۆر ژیانی لە هاوڵاتییان تاڵ کردووە، هەڵبەتە هۆکار زۆرن بۆ سەرکێشی بۆ توندڕەوی، بە تایبەتی فکری توندڕەوی لە ناوچەکەدا گەشەی کردووە. لەم پێناوەشدا خەڵکێکی زۆری سڤیل بووەتە قوربانی و رەوشی ژیانی ئاساییش لەو شوێنانەی کە توندڕەوی تێدایە ئاڵۆزە. یەکێک لەو توێژانەش کە خزێنراونەتە ناو ئەو هزری توندڕەوییە گەنجانن. لە کوردستانیشدا ئەگەرچی لە سایەی خوا و شەونخوونی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و چاوکراوەیی خەڵکەکەی، ئەو دیاردەیە زۆر کەمە و بە شوێنانی دیکە بەراورد ناکرێ، بەڵام لەبەر ئەوەی کوردستانیش کەوتۆتە ناو جەرگەی ئەو وڵاتانەی کە تیرۆر و توندوتیژی تیایاندا گەشەی کردووە، بۆیە پروشکەکانیشی بەر دەکەون و ئەگەر ناحەزان و دوژمنانی ئەم ئەزموونەی کوردستان بۆیان هەڵکەوێ، پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن.
بۆ ئەوەی ئێمەی خەڵکی کوردستان خۆمان و نیشتمانەکەمان لە ئافاتی توندوتیژی بپارێزین، پێویستە بەر لە هەر لایەک خەریکی پێگەیاندنی لاوان و گەنجانی تازەپێگەیشتوو بین، بە شێوەیەک کە ئینتیمای نەتەوەیی و خۆشەویستیی نیشتمانیان لە دڵدا بەهێز بکەین، بۆ ئەمەش دەبێ تێکڕای کۆمەڵگا بە خێزان و حکوومەت و بواری پەروەردە و رۆشنبیری و مینبەرەکانی ئایین، هاوکار و یەکدەنگ بین بۆ پێگەیاندنی رۆڵەکانمان بە شێوەیەکی تەندروست و لەسەر باوەڕی بەرزی کوردایەتی و دابونەریتە کۆمەڵایەتیە جوانەکانی کوردەواری، بواریش نەدەین کە هیچ فکرەیەکی توندوتیژ لەناو کۆمەڵگا سەر هەڵبدات.
هەروەها دەبێ حکوومەت لە رێی دامودەزگاکانیەوە بەردەوام خولی پێگەیاندن و فێرکردن و راهێنانی هونەری و رۆشنبیری و زانستییان بۆ بکاتەوە و زیاتر پەرە بە بواری وەرزش و هونەر و خوێندنەوە و کولتوور بدا و نەوەیەک بهێنێتە پێشەوە کە روئیایەکی جوانی ژیاندۆستانەیان هەبێ و نیشتمانی خۆیان خۆش بوێ، لەهەمانکاتیشدا لێی بەرهرەمەند بن، هۆڵی زیاتری شانۆ و سینەما و وەرزش و کۆڕ و سمیناریان بۆ بکرێنەوە و خول و راهێنانی بەردەوامیان بۆ بکرێت، هەروەها حکوومەت دەبێ ستراتیژێکی بەهێزی هەبێ بۆ نەهێشتنی هەموو دیاردەیەکی زیانبەخش لەناو کۆمەڵگا، لە سەکۆ و مینبەری هەموو ئایینەکانیشدا (کە کوردستان نیشتمانی پێکەوەژیانی ئایینەکان و پێکهاتە جیاوازەکانە) روحی برایەتی و ئاشتی و پێکەوەژیان و نیشتمانپەروەری گرنگیی زیاتری پێ بدرێ و هەموو توندوتیژی و توندڕەوییەک رەت بکرێتەوە.
ئەگەر گەنجان ئاسۆیەکی روونیان لەبەردەمدا هەبێ و دەرفەتی پێگەیاندنیان لە بواری هونەرە جوانەکان بە گشتی و رۆشنبیری و وەرزش و ئابووری و کاردا هەبێ، ئەوا ئەو وزە چالاکەی گەنجان دەچێتە خزمەتی ئاوەدانی وڵات و گەشەکردن و داهێنان، سەرەنجام وڵات پێشدەکەوێ و ژیانی کۆمەڵگاش ئارام و پڕ دەستکەوت دەبێ.
لای خۆشیانەوە گەنجان دەبێ زۆر لەوە رۆشنبیرتر و چاوکراوەتر بن کە بە فکرەی پووچ و نەخۆش زیان لە خۆیان و لە هاوڵاتیان و نیشتمانەکەیان بدەن. ئەگەرچی وەک لەسەرەوەش ئاماژەم پێدا، ئەم دیاردەیە لەناو گەنجانی ئێمە و لە وڵاتەکەمان زۆر کەم و دوورە، بەڵام ئەگەر تاکە یەک حاڵەتیش رووبدا زۆرە و پێویستە هەموومان پێکەوە بەرەنگاری ناحەزان و توندڕەوان ببینەوە، هەموومان پێکەوە کار بۆ پارێزگاری لە نیشتمان و گەشەپێدانی بکەین، دەبێ رۆڵەکانمان بە گیانی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری گۆش بکەین، بۆ ئەوەی پارێزەری بەهێزیان لێ دەربچێ بۆ کوردستان و ئارامیی کۆمەڵگاکەمان.