نازدار: فۆلكلۆر بناغەی بونیادی هونەری كوردییە و پێویستە گرنگیی زیاتری پێ بدرێت
دیمانە/ خەلیل بلەیی
•پاش چەند ساڵێك لە بێدەنگی بیرۆكەی بەرهەمی نوێ چۆن هاتە ئاراوە؟
-لەو ماوەیەدا چەندین بەرهەمی نوێم لەبەردەستدابوو، پێویست بوو لە نێویاندا چەند بەرهەمێكی جوان هەڵبژێرم، چونكە لەو ماوەیەدا زۆر لە جەماوەر و هەوادارانی هونەری من پرسیاری ئەو بێدەنگییەیان دەكرد. دیارە بارودۆخی سیاسی و ئابووری یارمەتیدەر نەبوو، چونكە میللەتەكەمان رووبەڕووی كوشتن و جینۆساید بووینەوە و شەهید و قوربانیی زۆرمان دا لە شەڕی دژی تیرۆریستان، ئەم بارودۆخە وایكرد كە نەتوانین وەكو پێویستە لە كارە هونەرییەكانمان بەردەوام بین، چونكە بارودۆخەكە بەرەو باشتر دەبێت و هەمیشە كورد ژیانی خۆشویستووە دوای كارەسات و نەهامەتییەكان جەژنی نەورۆزی كردووە و لە دوای هەموو كەوتنێك بەهێزتر هەستاوە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە هەرگیز دەست لە دۆزەكەمان بەرنادەین. وەك هونەرمەندێك حەزم كرد چەند كارێكی نوێ پێشكەش بكەم.
•دەكرێ هەندێك باسی ئەو ئەلبوومەمان بۆ بكە؟
-ئەمە پێنجەم ئەلبوومی تایبەتی منە لە توركیا كارەكانی ئەنجامداوە و جیاوازترە،ئەرانجور و دەرهێنەرم گۆڕیوە، هەوڵمداوە دەنگێكی زۆر پاك و كوالیتییەكی بەرز و بگاتە ئاستێكی جیهانی، چونكە زۆر كەس حەز گۆرانی بیانی دەكەن و دەیانەوێ گۆرانی كوردیش بەشێوازێكی جیهانی لەلایەن هونەرمەندانی كوردەوە پێشكەش بكرێت.
•جیاوازییەكەی لە چ روویەكەوەیە؟
- ئەلبوومەكانی پێشووم یەك گۆرانیم خۆمی تێدایە، بەڵام ئەم جارەیان حەزم كرد شتی نوێی تێدا بێت بۆیە چوار گۆرانییان تێكست و ئاوازی خۆمە، گۆرانییەكی تەكنۆ پۆپە، یەكیان پۆپە،سلۆ راك، ئەرابێسك، گۆرانییەكی نەتەوەیی تێدا هەیە كە سەرەتاكەی وەك سەمفۆنیكە. تێكست و ئاوازەكانیشی هی نەمر محەمەد تەیب تاهیر، عەبدولقەهار زاخۆیی، یوسف رەمەزان، دوو گۆرانیش یەكیان كرمانجی و یەك سۆرانی تێكستی ئەردەوان برادۆستی و ئاواز خۆمە و وەك بەرهەمەكانی پێشووم گۆرانی فۆلكلۆریشی تێدایە، چونكە من وەكو كچە كوردێك فۆلكلۆر بە بناغەی هونەری كوردی دەزانم و كار لەسەر ئەوە دەكەم كە بۆ ئەم بناغەیە بۆ من بمینێت، چونكە هەر پێشكەوتن و جوانییەكی هونەری كوردی لە فۆلكلۆرەوە سەرچاوە دەگرن.
• ئەو (12) تراكەت لە كۆی چەند تراك هەڵبژاردووە؟
-لە نێو 30 تا 40 گۆرانی هەوڵێكی زۆرمدا تا ئەو 12 گۆرانییەم هەڵبژارد و بۆ هەڵبژاردنیان راوێژم بە دایك و باوكیشم كردووە، چونكە من حەز دەكەم رای كەسانێكی شارەزا وەرگرم لە كارەكانمدا.
•بۆچی پشتت بە خۆت بەستووە لە تێكست و ئاوازەكان؟
-یەكێك لە جیاوازییەكانی ئەلبوومەكەم ئەوەیە، پێشتر لە ئەلبوومی (لیلیۆ) گۆرانییەكی تێدا بوو بە ناوی (من بیریا تە كریە) لە تێكست و ئاوازی خۆم بوو و سەركەوتووش بوو، بۆیە بیرم لەوە كردووە كە گۆرانی زیاتر ئامادە بكەم، لەم ئەلبوومە گۆرانییەكم لەسەر بووك ئامادە كردووە بۆ ئەوەی لە ئاهەنگەكاندا خەڵك پشت بە گۆرانی فارسی و عەرەبی نەبەستن.
•ئەگەر داوات لێ بكرێ دەتوانی تێكست و ئاواز بۆ هونەرمەندی دیكە دابنێی؟
-بۆ نا؟ بەڵێ دەتوانم، دانانی تێكست ئاواز بەوە ناكرێ تۆ دابنیشی و بڵێی ئێستا ئامادەی دەكەم جاری وا هەیە تێكست لە سەرەتا دادەنرێت ئینجا میلۆدی و بەپێچەوانەوە.
•رابین هونەرمەندێكی بە توانایە، بۆچی تا ئێستا دۆیوتتان نەكردووە؟
-بە نیاز بووین لەو ئەلبوومە دۆیتویەك پێشكەش بكەین، بەڵام گۆرانییەكە ئامادە نەبوو و هەر كاتێك گۆرانییەك هەبوو كە لە رووی تێكست و ئاوازەوە گونجاو بێت ئەوا بێگومان بە سینگڵ بڵاوی پێشكەشی جەماوەری دەكەین.
•رابین زۆر هاوكاریت دەكات بە جۆرێك وازی لە كارەكانی خۆی هێناوە لەپێناو سەركەوتنی كارەكانت، تۆ كەی ئەو قەرزەی دەدەیتەوە؟
-من زۆر خۆشحاڵم كە كەسێكی وەك رابین پشت و پەنای منە لە ژیان و لە كاری هونەریمدا، چونكە چۆن بۆ كارەكانی خۆی هەوڵدەدات ئەوەندەش بۆ من هەوڵدەدات بۆیە هەر كاتێك كە دەستمان بە بەرهەمی رابین كرد بێگومان بە هەموو شێوەیەك هاوكاری دەكەم و لە بەرنامەماندایە دەست بە كارەكانی ئەویش بكەین، چونكە چەند حەز دەكەم كارەكانی خۆم سەركەوتوو بن ئەوەندەش حەز دەكەم كارەكانی رابین سەركەوتوو بن، ئەمەش هەستێكی زۆر جوانە كە دوو كەس یەكتر تەواو بكەن و نەبنە رێگر لەبەردەم یەكتری.
•بۆچی هەواڵی هاوسەرگیریتان بۆ ماوەیەك ئاشكرا نەكرد؟
-لەو كاتەوەی كە دەستم بە كاری هونەری كردووە حەزم نەكردووە ژیانی تایبەتی خۆم تێكەڵ بە هونەر بكەم و هەر كاتێك كاری هونەریم نەبووبێت حەزم نەكردووە باس لە ژیانی خۆم بكەم و بكرێمە باسی میدیاكان بە كارێك كە دوورە لە هونەر، لە سەرەتای پەیوەندیشمان بڕیارمان وابوو كە زۆر باس لە ژیانی خۆمان نەكەین بۆ ئەوەی لە بواری هونەرییەوە دوانەكەوین. دوای نزیكەی سێ ساڵ خەڵك حەزی دەكرد ئەو بابەتە باس بكرێت و زانیارییان هەبێت لەسەر پەیوەندیمان، ئەو كات بڕیارماندا كە هاوسەرگیریمان رابگەیەنین و چیتر بە نهێنی نەمینێتەوە.
•دوای ئەوەی (كەنی) هاتە وجود چی لە ژیانی ئێوە گۆڕا؟
-هەموو شتێك گۆڕانكاریی بەسەردا هات لە ژیانی من، دایكایەتی پیرۆزترین و گەورەترین و خۆشترین هەستە لای من، ئێستا بە راشكاوانە دەڵێم هەموو دنیا بە لایەك (كەنی)ی كچیشم بە لایەك، كە ناوی كچەكەم دێت هەموو شتێك دەوەستێت.
•دوای هاتنی كەنی كارەكانت ئاسانتر بوون یان كەنی زیاتر هاندەرت بوو بۆ بەردەوام بوون؟
-بێگومان دایكایەتی سەرەڕای ئەو هەستە پیرۆزەی سەختی و زەحمەتیی خۆیشی هەیە، چونكە گۆڕانكاری بەسەر ژیانی مندا هاتووە، جاران كاتم زۆر بوو، بەڵام ئێستا ئەو كات و دەرفەتە كەمتر بووە، چونكە ئێستا تەمەنی ساڵ و نیوێكە و من حەز دەكەم لەم ساڵەی سەرەتای تەمەنی كچەكەم تا دەگاتە چوار ساڵ گرنگییەكی تەواوی پێ بدەم و زۆربەی كاتی خۆمی بۆ تەرخان بكەم بەیەكەوە بین نەك لێی دوور بم، چونكە ئەم كاتە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی منداڵ بە شێوەیەكی دروست و تەندروست پێ بگات و لە و كاتە پێویستە هەندێك شت لە منەوە فێر بێت، بەشێوەیەكی گشتی نامەوێ كاری هونەریی خۆم كاریگەریی بەسەر گەورە بوونی كچەكەم هەبێت یاخود كەمتەرخەم بم بەرامبەری و بە تەنیا بێت، هەرچەندە خانەوادەكەم زۆر هاوكاریم دەكەن بۆ نموونە ئێستا كە من لە كوردستانم بۆ تەواو كردنی ئەلبوومەكەم ئەو لە لای دایكم ماوەتەوە لە ئەڵمانیا بۆ من بە دڵنیاییەوە كارەكانم ئەنجام دەدەم.
•وەك هونەرمەندێك حەز دەكەی چ نازناوێكی هونەریت هەبێت؟
-بوون و نەبوونی نازناو بۆ من گرنگ نییەن گرنگ ئەوەیە چی پێشكەش دەكەم و جەماوەر لێی رازی بێت و لەو رێگایەوە خزمەتێك بە هونەری كوردی بكەم، زۆر سوپاسی باوكم دەكەم كە ناوی نام نازدار و هەست دەكەم ناوی خۆم نازناوی ناوێ.
•تا چەند گرنگی بە سۆشیال میدیا دەدەی؟
-هونەرمەند یان هەر كەسایەتییەك كە بۆ جەماوەر گرنگ بێت پێویستە لە خەڵك دانەبڕێت و پەیوەندییان هەبێت بە جۆرێك كە كاریگەریی نەبێت لەسەر ژیانی ئاسایی خۆی، پەیوەندی من لەگەڵ سۆشیال میدیا خراپ نییە، بەڵام زۆر باشیش نییە، چونكە پێویستی بە تەرخان كردنی كاتێكی زۆر هەیە.
•چەند ئەكاوەنت هەیە بە ناوی تۆ كە ئاگادار نیی لێیان و گرفتیان بۆت درووست نەكردووە؟
-ئەكاوەنتی زۆر بە ناوی منەوە كراوەتەوە كە لە ژمار نایەن بەتایبەتی لە فەیسبوك بۆیە زیاتر ئینستگرام بەكار دەهێنم، بێگومان ئەم ئەكاوەنتانە گرفتیان بۆ من درووست كردووە، بەڵام ئەو گرفتانە بۆ هەموو هونەرمەندان هەیە بەبێ جیاوازی نەك تەنیا بۆ من بۆیە بە ئاساییان دەزانم، لێرەدا حەز دەكەم ئاماژە بە خاڵێك بكەم سەبارەت بە خۆم خەڵك پشتگیریی زۆری كارەكانی من دەكەن و رێزی لێدەگرن و كاتێك دەمبینن وەك كچێكی خۆیان سەیرم دەكەن، ئەمەش بۆ من مایەی سەربڵندییەكی زۆرە و زیاتر هاندەرە بۆ بەردەوام لە كارە هونەرییەكانم.
•بەبۆنەی بڵاوكردنەوەی ئەلبوومی نوێت چیت هەیە بە جەماوەرەكەتی بڵێی؟
-كاری هونەری زۆر زەحمەتە و ئاڵۆزە هەرچەندە جەماوەر رووە جوانەكەی دەبینێت، بەڵام دیوەكەی تری هونەر بۆ هونەرمەندان بەتایبەتی پڕە لە سەختی و زحمەتییەكی زۆریش دەبینین تا كارێك ئامادە و پێشكەش دەكەین، لە وڵاتانی دوورەوە دێین، لە ئازیز و خۆشەویستانمان دووردەكەوینەوە و كاتێكی زۆری بۆ تەرخان دەكەین، چۆن ئێمە وەك منداڵێكی ئازیز خۆمان بە خاوەنی كارە هونەرییەكانمان دەزانین هیوادارم جەماوەریش بەو شێوەیە سەیری كارەكانمان بكات و پشتگیریمان بكەن.