گرووپی هەڵپەڕكێی كەركووك، گرووپێك لە چوار نەتەوەی جیاوازدا

گرووپی هەڵپەڕكێی كەركووك، گرووپێك لە چوار نەتەوەی جیاوازدا
گرووپی هەڵپەڕكێی كەركووك، لە 9 كچ و 9كوڕ پێكدێت، لە ساڵی 2005ـیشەوە دامەزراوە، لە دەسپێكیشدا چەندین پڕۆژە و بەرهەمی ناوازەی لە شارەكانی كوردستان پێشكەش كردووە،لە ساڵی 2009 ـەوەش تا هەنووكە، بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری هونەردۆست لقی كەركووك بەردەوامن، وەك (محەمەد دزەیی) سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری سەنتەر و گرووپەكە دەڵێت: لە ماوەی دامەزراندنی گرووپەكەمان چەندین دەستكەوتی گەورەمان لە وڵاتانی دنیا بەدەست هێناوە و دیارترین تابلۆش كە شانازی پێوە دەكەین، تابلۆی گەرمیانە و لە گرووپەكەشماندا تەنیا كورد نابینرێت، بەڵكو كورد و عەرەب و توركمان و مەسیحی بەشدارن.
گرووپی هەڵپەڕكێی كەركووك لە كوردستان مۆڵەتی فەرمی لە سەرەتای 2005 وەرگرتووە، بە شاكارە جوانەكانی خۆی وەك گرووپێكی هونەری جوان ناساندووە، بەتایبەت لە میانی جەژنەكانی نەورۆز و سەركەوتنەكانی گەلی كورد كە وەك یەكێك لە دیارترین گرووپە هونەرییەكان بە شایی و هەڵپەڕكێ و جلی ڕەسەنی كوردییەوە كچان و كوڕانی ئەو گرووپە خزمەتی هونەرییان كردووە، لە سەرتاسەری عێراقیشدا بوونەتە جێی سەرنجی ئامادەبووانی هۆڵەكان.
جگە لە هەڵپەڕكێ شانۆ و موزیكیش دەبینرێت!
دیارە ئەوان تەنیا گرووپێكی شایی نین، بەڵكو لە چەند بوارێكی دیكەی هونەردا كاردەكەن، وەك (محەمەد دزەیی) بەڕێوەبەری سەنتەری هونەر دۆست بۆ داكۆكی كردن تیشك دەخاتە سەر، ڕۆژانی سەختی دامەزراندنی گرووپەكەی و دەشڵێت: متمانەی زۆرمان بە كچان و كوڕانی ئەو گرووپە هەیە لە میانی بەشداربوون لە فیستیڤاڵ و كارە هونەرییەكاندا بەتایبەت ئافرەتێك كە بە پێشەنگی دەزانم لە گرووپەكە ئەویش (زەینەب شوان)ـیە، كە هەمیشە پێشەنگە لە نێو كچانی گرووپەكەدا، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە ئێمە تەنیا لە یەك بواردا خزمەت بە هونەر ناكەین، بەڵكو لە شانۆ و شیعر و كۆرس و موزیك و شێوەشدا بەشدارین و دەستكەوتی زۆریشمان لە گشت بوارەكاندا بەدەست هێناوە.
گرووپی هەڵپەڕكێی كەركووك توانیوویەتی بۆ نیشاندانی كلتووری پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان هەوڵیداوە لە هەر چوار نەتەوەكەی عەرەب و كورد و توركمان و مەسیحدا پێك بهێنرێت، كە هەر یەكەوە جۆرێك لە جل و بەرگی تایبەت بەخۆیان هەیە، هەروەها لە كاتی نمایشە هونەرییەكاندا هونەر و كلتووری هەر چوار نەتەوە دێـتە بەرچاو، كە ئەمەیش جێگەی دەستخۆشییە بتوانرێت هونەری چوار نەتەوەی جیاواز تێكەڵ بەیەكتر بكرێت، ئەمەیش مانای ڕاستی ئەوە دەگەیەنێت كە لە هەرێمی كوردستان كلتووری پێكەوە ژیان تەنیا بە قسە نیە، بەڵكو بە بەڵگە لە گشت جوومگەكانی ژیان دا بوونی هەیە و تەنانەت خۆی خزاندووەتە نێو كۆڕی هونەریشەوە، كە ڕەنگێكی جوانی بە هونەر بەخشیووە.

حكوومەت تا چەند هاوكارە؟
ئەوەی جێگەی نیگەرانی ئەو گرووپە هونەریەیە ئەوەیە، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندیش كە پارێزگای كەركووكی لەدەستە نایانتوانیووە بودجەیەك یان بڕە پارەیەكی دیاریكراو بۆ ئەو گرووپە هونەرییە تەرخان بكەن، تەنانەت تا ئێستا چەند جارێك چووینە لە نزیكەوە باسی ئازارەكانی خۆمان بۆیان كردووە، بەڵام كەس گوێی بۆ نەگرتووین و تا ئەمڕۆشی لەگەڵدابێ حكوومەت بە هیچ شێوەیەك نەیتوانی هاوكاری ئێمە بكات.
لە بارەی ئەوەی كێ سەرچاوەی دارایی ئەو گرووپە هونەرییە دابین دەكات؟، (محەمەد دزەیی) ڕاشكاوانە دەڵێت: سەنتەری سویدی لە هەولێر مووچە بۆ ئەندامانی گرووپەكەمان دابین دەكات و هەمیشە پاڵپشتی لە پڕۆژە هونەرییەكانمان دەكات چ لە كوردستان بێ چ لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەوان لە ئامانجی ئێمە تێدەگەن كە ئێمە تاكە مەبەستمان لە بەشداربوون لە فیستیڤاڵ و پڕۆژە هونەرییەكاندا سەركەوتنی گەلەكەمانە، بەڵام هیچ لایەنێك نایەنە پێشووە بۆ دەستگرتنی كچان و كوڕانی ئێمە تا بتوانین وەك گرووپێكی نموونەیی لە وڵاتانی دنیا بناسرێین.
تابلۆی گەرمیان دیارترین كاری هونەری ئێمەیە
لە دوا دێڕی قسەكانی دا ئەو بەرپرسە هونەرییەی ئەو گرووپە دەڵێت: ئێمە هەمیشە شانازی بە سەركەوتنەكانی خۆمان دەكەین، كە لەماوەی ڕابردوودا بەشداربووین لە وڵاتانی (جۆرجیا، پۆلۆنیا، ئێران) ...هتد.
كە لە هەر یەكێكیاندا دەستكەوتێكی نوێمان بەدەست هێناوە، تەنان زۆربەی وڵاتانیشمان سەرسام كردووە بە شاكارە هونەرییە كوردییەكان و واشمان لێكردوون كە لە تەواوی فیستیڤاڵ و كارە هونەرییەكاندا بە فەرمی بانگهێشت بكرێن، چونكە ئەوان پێیان وایە جووڵە هونەرییەكانی گرووپەكەی ئێمە تەواو جیاوازە لە وڵاتانی تر، ڕاستە لە ڕووی كلتووردا ئێمە لە چەند نەتەوەیەكەوە نزیكین، بەڵام لە هونەری خۆمان دا لە كەس ناچین، توانای ڕادەبەدەری كچان و كوڕانی ئەو گرووپەش بووەتە جێگەی باسی ئەو وڵاتانەی كە تێیدا بەشداربووین، هەمیشە بە سەرسامییەوە دەڕواننە پڕۆژە هونەرییەكانی ئێمە.
ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بۆ تابلۆیەكی بەپێز كرد، كە ناویان ناوە تابلۆی (گەرمیان)، كە تابلۆیەكی هونەری جوانی ئەوانە و لە زۆربەی فیستیڤاڵ و كارە هونەرییەكانیشدا نمایشیان كردووە، بەمەش ناوێكی جوانی پێشكەش بە خەڵكی وڵاتانی تر كردووە.
Top