بۆچی پارتی پێشەنگە؟

بۆچی پارتی پێشەنگە؟
شاخەوان مستەفا
* لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەر هەڵبژاردنێك لایەن و حیزبە سیاسیەكان، تووشی پەتایەك دەبن كە پڕە لە ترس و دڵەڕاوكێ، تەنانەت بۆ ڕزگاربوون لەو پەتایە، پەنا بۆ یەكتر شكاندن دەبەن، بەجۆرێك پەنجەی تۆمەت بۆ یەكتر درێژ دەكەن و، ڕابردووی جوانی یەكتر دەسڕنەوە، تا نزیكتریش دەبینەوە لە هەڵبژاردن یان لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن، میدیاكان دەخرێنە گەڕ بۆ چەواشەكردنی خەڵكی كوردستان، بەڵام سەر ئەنجام دەبینین هەر پارتی حیزبی یەكەم و هەر بە پێشەنگیش دەمێنێتەوە!.
* لە سەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردن و یان بڵێن نزیكبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردندا، دەیان دروشمی بریقەدار لە میدیاكانیان بە كاردێنن، بەڵام لە ناوەخنی خۆیاندا دەزانن كە هیچیان نایەنە جێبەجێ كردن و هیچیان نابن بە پڕۆژە و كارنامەی حیزبەكەیان، دوای چوار ساڵیش لە پەرلەمان، جارێكی تر بە دەستی بەتاڵەوە دێنە دەرەوە.
* ئەوەی كە زۆر دەبێتە جێی سەرنجیش لە كاتی بانگەشەدا ئەوەیە، كە ئەوان هیچ دروشمێك نامێنێ بۆ ڕازی كردنی دڵی دەنگدەر نەیخەنەڕوو، كەچی پارتی دیموكراتی كوردستان بێدەنگە! و، وەك بڵێی لەو هەڵبژاردنە بەشدار نیە، ئەو بێدەنگیەی پارتیش زۆرترین مانا لەخۆوە دەگرێت، كە ئەویش ئەوەیە كە دەزانێت دواجار هەموو دەنگەكان بۆ پارتین، چونكە ڕەگی پارتی هێندە (لار) نیە بە دەستێك هەڵقەنرێت.
* پارتی پشت ئەستوورە بە ڕابردووی جوانی خۆی، كە بۆ بەدیهێنانی خەونی گەلەكەی ڕووبارێك خوێنی بەخشیووە و لە پێناو ئازادیش بە هەزاران ڕۆڵەی نەبەردی پێشكەشی نیشتمان كردووە، كە حوكمڕانی كوردستانیشی كەوتە دەست بێ باك نەبوو، لە دەنگی جەماوەرەكەی، كە زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی پەنجەیان بۆ پارتی مۆركردووە و لەو هەڵبژاردنەی كوردستانیش كە لە كۆتایی مانگی 9 دا ئەنجام دەدرێت مۆر دەكەن، بریتین لە دایكی جگەر سوتاوی پێشمەرگە و خانەوادەی شەهید و و كۆڵنەدەری ئەو هەرێمە.
* لێرەشدا دەبینین جارێكی تر بە گەشبینیەوە دەڕوانێتە پڕۆسەی هەڵبژاردن و بێ هەڵچوون و بەكارهێنانی وشەی برینداركەر بۆ لایەنەكانی تر و ئازاردانی خەڵكی دیكە، ڕوو دەكاتە سەندوقی هەڵبژاردن و لە بری كەمبوونەوەی دەنگ، دەبینین خۆرسكانە دەنگەكانی پارتی زیاد دەكەن، هەر ئەوەش وا دەكات كە جارێكی تر ئەو حیزبە دەست بكاتەوە بە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و گەشە پێكردنی تەواوی جومگەكانی ژیان كە لە دوای بڕینی بوودجەی كوردستان لە بەغدا و شەڕی تیرۆردا كوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی سە ختی دارایی بوویەوە، بەڵام وە نەبێت كاربەدەستانی حكوومەت و پارتی كە حیزبی یەكەم بوو بێدەنگ بێت لە ئاست گرفتەكان، ئەوەبوو، كە بە سیاسەتێكی حەكیمانە توانرا پەنجە لەسەر برینەكان دابنرێت و بەشێكی زۆر لە كەم و كوڕییەكانی وەك مووچە و دەرماڵە چارەسەر بكرێ.
* لە پانتایی هونەریشدا كە تاكو ئێستا حكوومەت درێغی نەكردووە، لە ڕووی تەرخان كردنی بوودجە و بە هەند وەرگرتنی پڕۆژە هونەرییەكان، بەڵام لەگەڵ ئەو قەیرانە داراییەدا، هونەریش بەدەر نەبوو لە جومگەكانی دیكەی ژیاندا، بگرە پشكی شێری بەركەوتبوو، بەڵام لەگەڵ گۆڕانكارییەكان و باشتربوونی ئابووری كوردستان، ئێستا حاڵی هونەر ڕووە و باشبوونە، تەنانەت هەوڵێك هەیە بۆ دەرگا كردنەوەی هەموو چالاكییە هونەرییەكان بەپێی توانا.
* ئەمەش وایكردووە، كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەزموونی حوكمڕانی خۆی دا نەكەوێتە شك و دڵە ڕاوكێ، كە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی كوردستانیشدا پێشەنگ بمێنێتەوە، بە بڕوای زۆریش لە سەركردەكانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتە زلهێزەكانی جیهان پارتی هەر پێشەنگ دەمێنێتەوە، چونكە ئەوان هێما بۆ گەورەیی سەرۆك بارزانی دەكەن و هەر ئەویش لای ئەوان جێی بڕوا و متمانەیە، هەمیشە دەڵێن: (تا بارزانی مابێت ئێوە مەترسن كوردستتان لە دەستێكی ئەمیندایە).
Top