رەوشەن چەلکەر: ماندووبوونی ھونەرمەندی کورد زۆر بێ بەھا سەیر دەکرێت

رەوشەن چەلکەر: ماندووبوونی ھونەرمەندی کورد زۆر بێ بەھا سەیر دەکرێت
یەکێکە لە ئافرەتە دەنگخۆشەکانی باکووری کوردستان کە دانیشتووی شاری ئەستەنبولە و بە دەنگە خۆشەکەی گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان بە شێوازی وستایلێکی نوێ پێشکەش دەکات، رەوشەن چەلکەر کە جگە لە زمانی کوردی بە زمانی تورکیش دەڵێ و لە ھەردوو بوارەکەدا سەرکەوتوو، گوڵان ئەم دیمانەیەی لەگەڵدا ساز کرد ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەکانی گوڵانی دایەوە.
• رەوشی ھونەری کوردی چۆن دەبینی لە ئێستادا؟
- ئەم پرسە پەیوەستە بە ھونەری کوردییەوە بە گشتی، بەر لە ھەر شتێک پێویستە ئەوە باس بکەین کە ھونەری ھەر ھەرێم و ناوچەیەکی جیاواز کارێگەری خۆی ھەیە، بۆیە دەبینین کە رەوشی ھونەری کوردی لە باکووری کوردستان جۆرێک و لە ئەوروپا و پارچەکانی تریش بە جۆرێکی ترە بەڵام مرۆڤ ناتوانی بە گشتی باسی بکات.
لە کۆمەڵگای کوردەواریدا ھەمیشە باس گرنگی ھونەر دەکرێ، بەڵام باس لە زەحمەتییەکانی کاری ھونەری ناکرێ کە چۆن ئەو کارانە ئەنجام دەدرێن، ئایا لایەنە سیاسییەکانی پشتگیریی دەکەن یان نا؟ لەم رووەوە ئەگەر لە ماندووبوونی ھونەرمەندی کورد بڕوانین دەبینین کە زۆر بێ بەھا سەیر دەکرێت، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ھونەرمەندانی کورد بەردەوامن لە کارەکانیان و ئەفراندن دەکەن لە بواری خۆیاندا، ھیوادارم ئەو ھونەرمەندانە پەیامی ھونەری راستەقینە بە نەوەی نوێی ھونەرمەندانی کورد بگەیەنن.
• ئایا ھونەرمەندانی کورد دەتوانن بژێَوی ژیانیان لە رێگای ھونەرەوە پەیدا بکەن؟
- لەو باوەڕەدام ھونەرمەندانی وەکو شڤان پەروەر، جوان حاجۆ، نیزامەدین ئاریج کە ھەموو تەمەنی خۆیان بۆ ھونەر تەرخان کردووە ئەمە راست بێت، بەڵام لە ئێستادا پێموانییە کە ھونەرمەندە گەنجەکان ئەو دەرفەتەیان بۆ رەخسا بێت، بۆنموونە لە تورکیا ھونەرمەندانی کورد لە کاتی بوونی گرفت و بێ دەسەڵاتیدا تەنیان، چونکە سازکردنی کۆنسێرت و فرۆشتنی پلیت زۆر زەحمەتە، ئەمەش وایکردووە کە زۆر لە ھونەرمەند و موزیکژەنی بە توانا ھونەر بکەنە کاری دووەمی خۆیان.
• لە تورکیا بەتایبەتی لە ئیستانبول رەوشی ھونەرمەندانی کورد چۆنە؟
- ھیچ ئاستەنگێکمان نییە لە رووی چاپ کردن و فرۆشتن، سازکردنی کۆنسێرت، بڵاوکردنەوەی ئەلبووم، من بەر لە چوار مانگ ئەلبوومێکم بە ناوی (ئاخ لێ وەسو) بڵاوکردەوە، بەڵام ئاستەنگ لە بەشداری کردن لە فیستیڤاڵدا، چونکە ئەو فیستیڤالڕ و ئاھەنگانەی لەلایەن شارەوانییەکانەوە ساز دەکرێن جۆرێک مەترسیی تێدایە، ئەوان پێیانوایە کە موزیکی کوردی لەلایەن گوێگرانی تورک مایەی قبوڵ کردن نەبێت، بۆیە نایانەوێ ئەو ریسکە ھەڵگرن و گوێ لە موزیکی کوردی نادەن.
• فۆلکلۆر بۆ ھونەرمەندە گەنجەکانی کورد چەند گرنگە؟ تۆ ستایلێکی تایبەتت ھەیە لە پێشکەش کردنی فۆلکلۆردا و بۆچی ئەو ستایلەت ھەڵبژاردووە؟
- بناغەی ئەو کارە ھونەرییەی من پێشکەشی دەکەم فۆلکلۆرە، ئاشکرایە کە فۆلکلۆری کوردی زۆر دەوڵەمەندە و پێویستە ھونەرمەندی کورد ئەو دەوڵەمەندییەی لەبەرچاو بێت، فۆلکلۆر بۆ ئێمە وەک شیری دایک حەڵالڕ و زەڵاڵە، بەڵام ئەگەر تەنیا لە فۆرمەکەی خۆیدا مایەوە و لە چوارچێوەی خۆی دەرنەچوو وموزیسیانە کوردەکان تەنیا پشت بە فۆلکۆر ببەستن و گۆرانی و موزیکی فۆلکلۆری دووبارە بکەنەوە، ئەوا ناتوانن ھیچ ئیزافەیەک بخەنە سەر ھونەری کوردی و دوور نییە دوای ماوەیەک لە بیر بکرێت تەنانەت لە ھونەرمەندانیش دووربکەوێتەوە، چونکە حەز و ئارەزووەکانی گوێگرانیش دەگۆڕێت. من کە جگە لە زمانی کوردی بە تورکیش گۆرانی دەڵێم، ھەوڵ دەدەم بۆ ھونەرەکەم تاموچێژێکی نوێ بە جەماوەرەکەم بدەم ئەمەش مانای ئەوەیە کە پێویستی ھونەر چی بێت من بەو رێبازە پەیامی ھونەری خۆم بگەیەنم.
فۆلکلۆر شتێک نییە کە لە شوێنی خۆی وەستا بێت بەڵکو ھەمیشە لە گۆڕانکاریدا، چونکە خودی فۆلکلۆر ئەفراندانی زۆری تێدایە و دەنگبێژ و ھونەرمەندان نوێی دەکەنەوە، چونکە ئەم کەسانە کە تێکستێک یان گۆرانییەک دەڵێنەوە پێیانوایە شتێکی نوێ زیاد دەکەن، ئەوەی منیش ئەنجامی دەدەم لەو شێوەیەیە، بەشێوەیەکی گشتی فۆلکلۆر سەرچاوەیەکی تەندروستی ھونەرە، بەڵام ئەگەر ھونەرمەندان رۆژانە تا ئێوارە لەو ئاوە بخۆنەوە دوور نییە وشک بێت و ئەستەمە بگاتە نەوەی داھاتووی ھونەرمەندان، بۆیە پێویستە ھونەرمەند کەناڵی نوێ بدۆزیتەوە بۆ ئەوەی ئەفراندنی تێدا بکات و ھونەری کوردیی پێ دەوڵەمەند بکات.
• ھونەرمەندە گەنجەکان توانیویانە ھونەری کوردی پێش بخەن؟
- بە ڕای من ھونەرمەندە گەنجەکان خەباتێکی زۆر دەکەن لەپێناو پێشخستنی ھونەرو فەرھەنگی کوردی، چونکە باش دەزانن بەم خەباتەیان دوا رۆژیان رووناکتر دەبێت، لە ساڵانی رابردوودا ھونەر و فەرھەنگی کوردی گۆڕانکاری و جیاوازی زۆری بەخۆیەوە بینی، پێویستە ئەم ھەوڵانە وەک دەوڵەمەندییەک سەیر بکرێت، چونکە ھونەرمەندان لەسەر رێبازی خۆیان بەردەوامن لە ھەمان کات دەبێتە ھاندەر و پاڵپشتییەک بۆ ھونەر و فەرھەنگی کوردیدا
• بوونی ئافرەت لە بواری ھونەری کوردیدا چۆن دەبینی؟
- ئافرتانی کورد خەباتی زۆریان کردووە لە بواری فەرھەنگ و ھونەری کوردیدا، بەڵام لە ئاستی ئاواتەکانی ئێمەدا نییە، چونکە ئەگەر ئێستا بیانژمێرین لە بواری ئەدەب، شانۆ، موزیک، شێوەکاری دوای ژماردنی چەند ناوێک دەوەستین، ئەمەش یەکێک لە کەموکوڕییە کۆمەڵایەتییەکان، دیارە ئافرەتی کورد لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا کاریگەریی خۆی ھەبووە، پێویستە لە بواری ھونەریش خۆیان پێش بخەن و دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە.
• پێتوایە لە چ پارچەیەکی کوردستان ھونەری کوردی زیاتر پێشکەوتووە؟
- لە ھەموو پارچەکانی وڵاتەکەمان خەباتی بواری فەرھەنگ و ھونەری کوردی لە ئاستی بەرزدا دەکرێ، بۆیە پێموایە پۆلێن کردنی پێشکەوتووترین پارچە لە بواری ھونەری درووست نییە، چونکە لە ھەر پارچەیەک ئەفراندن ھەبێت کارێکی باشە، ئەگەر بەرھەمێکی باش بڵاوبکرێتەوە و سەرکەوتوو بێت ئێمە لە ھەموو پارچەکان دەیبیستین، پێویستە ئێمە باسی ئەو بەرھەمانە بکەین کە کاریگەرییەکیان لە پارچەکانی ترەوە ھەبووە و ئایا تا چەند ئیلھام و ھاندەر بێت تاکو لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بەرھەمی باشتر و بەپێزتر پێشکەش بکرێت.
Top